شانده‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه پێكهاتوون له په‌رله‌مانتارانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، حیزبی شیوعی كوردستان، پارتیی دێمۆكراتیی كوردستان - په‌ده‌كه و یه‌كگرتووی ئیسلامی، به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی له به‌رخۆدانی عه‌فرین ئێواره‌ی دوێنێ له ده‌روازه‌ی سنووری سێمالكاوه چوونه ڕۆژئاوای كوردستان. له شاری عاموودێ-ی سه‌ر به هه‌رێمی جزیر له لایه‌ن هاوسه‌رۆكانی ده‌سته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی جزیر عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ر و سینا ده‌هام پێشوازییان لێ كرا.
بڕیاره شانده‌كه له هه‌رێمی جزیری ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه بچنه هه‌رێمی عه‌فرین و ڕاپۆرتێك ئاماده بكه‌ن ده‌رباره‌ی به‌رخۆدانی عه‌فرین و ئه‌و كۆمه‌ڵكوژی و تاوانانه‌ی سوپای توركیا له دژی گه‌لی عه‌فرین ئه‌نجامی داون. ڕاپۆرته‌كه‌ش پێشكه‌شی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی له‌نێو شانده‌كه‌دا به‌شدارن ڕایانگه‌یاند: لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجە گوتمان کە ئەمە کۆتاییه، بەڵام ده‌بینین کە هەوڵی داگیرکردنی شەنگال، کۆبانێ، کەرکووک و عەفرین ده‌درێت.
ئەندامانی شاندەکەی باشووری کوردستان به ئاژانسی هه‌واڵی فوراتیان ڕاگه‌یاند: گەلی باشووری کوردستان بە بەرخۆدانی عەفرین سەربەرزە، كۆبانێ بەشەکانی کوردستانی پێکەوە گرێدا و عەفرینیش سنوورەکانی سڕییەوە.
شێرکۆ حەمەئەمین، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگەیاند: ئەوان هاتوون بەشێوه‌یه‌كی فەرمی پشتگیری خۆیان به گەلی عەفرین ڕابگه‌یه‌نن. وتی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە سەردانی کانتۆنی عەفرین بکەین و ده‌رباره‌ی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین کە بووەتە هۆی کوژرانی ژن، منداڵ، بەساڵاچوو، هەروەها وێرانكردنی شوێنەوارە مێژوییەکان و ژێرخانی عەفرین، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادە بکەین و بە ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نین.
عەلی هه‌ڵۆ، نوێنەری په‌ده‌كه لەنێو شاندەکەی هەرێمدا وتی: ئێمە زۆر دره‌نگ هاتووین و ده‌بوایه زووتر له‌م بواره‌دا کارمان بکردایە. خوشک و براکانمان لە عەفرین چاوەڕوانی پاڵپشتی ئێمەن و ده‌بێت ئێمە سنوورە دەستكردەکان لە مێشکی خۆمان بسڕینەوە.
هه‌ڵۆ له درێژەی قسەکانیدا ووتی: یه‌كێتیی نەتەوەیی کوردان لەم قۆناغەدا پێویستییه‌كی سەردەمە و ده‌بێت بۆ کۆدەنگی کەلی کورد بە زووترین کات یه‌كێتیی نەتەوەیی پێک‌بێت.
په‌رله‌مانتار عه‌لی هه‌ڵۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: ئێمە دوای ڕووداوه‌كه‌ی هەڵەبجە وتمان کە ئیدی كاره‌ساتی وه‌ها بەسەر کورددا دووباره نابێته‌وه، بەڵام لە ٢٠١٤ داگیرکەران پەلاماری شەنگالیان دا، دواتر كۆبانێ، کەرکووک، مەخموور و ئێستاش عەفرین. هەموو ئەم کارەساتانە به‌هۆی نەبوونی یه‌كێتیی نەتەوەییە و ئەگەر نەتوانین ئەو یه‌كێتییه پێكبێنین، ئەوا دیسان مێژوو دووبارە ده‌بێته‌وه.
سوهراب میکائیل، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی لەنێو شاندەکەدا ڕایگه‌یاند: دیارە لە ڕاگەیاندنەکاندا هەموو شتێک دەرناکەوێ، ئێمە ده‌ڕۆین بۆ عەفرین و لە نزیکەوە سەردانی شوێنەکان ده‌كه‌ین. ناوبراو وتیشی ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوونەتە قوربانی هێرشەکانی سەر عەفرین و ئێمە ڕاپۆرتێکی تۆکمە ئامادە ده‌كه‌ین و پێشکەشی نەتەوەیەکگرتووەکانی ده‌كه‌ین.
له‌نێو شانده‌كه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، سالار مه‌حموود په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان - یه‌نه‌كه‌ش هه‌بوو، به‌ڵام ناوبراو له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: له ده‌روازه‌ی سنووری پێشخابوور به‌رپرسانی مه‌رزه‌كه ڕێگه‌یان پێنه‌داوه له‌گه‌ڵ شانده‌كه بپه‌ڕێته‌وه ڕۆژئاوا.
په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٣٠ کانوونی دووه‌م/١٠رێبەندان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ سه‌ر عه‌فرین وەک داگیرکاری ناوبرد و چەند بڕیارێكیشی له‌و بارەیەوە ده‌ركرد کە بریتی بوون لە پشتگیری‌کردن لە عەفرین، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و به‌ڕێكردنی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ سەردانی عەفرین. هه‌روه‌ها داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییشی كردبوو.
ش. م