مام عەزیزی تەمەنی ٦٠ ساڵە و خەڵکی گوندی ژیلەی قەزای سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێرە. بە مەبەستی ئاژەڵداری ڕووی کردووەتە کوێستانەکانی کێلەشین. وەکو خۆی دەڵێت، باو باپیرشی هەر بە کۆچەری ژیاون و زستانان لە گوندی خۆیان دەبن و هاوینان دەچنە کوێستانەکانی کێلەشین.
مام عەزیز تەنها شوان نییە، بەڵکو هاوکات مێژوونووسێکی ناوچەی کیلەشین و برادۆستە. لەگەڵ ئەوەی تەنها خوێندنی سەرەتایی خوێندووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ەوە تاوەکو ئێستا هەموو کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەری لە هەرێمەکانى برادۆست و کێلەشین لە یادداشتی رۆژانەیدا تۆمار کردووە. تاوەکو ئێستا ماوەی ٣٤ ساڵە یادداشتەکانى دەنووسێت و لە یادداشتە رۆژانەیەکانیدا ئەوەى لە کێلەشین و برادۆست روو دەدەن دەنووسێت. زۆربەى نووسینەکانى لەبارەی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورکیایە بۆ سەر ناوچەکەیان.
یادداشتەکانى مام عەزیز
مام عەزیز لە یادداشتەکانیدا لەبارەى کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانى کێلەشین و برادۆست وتى:
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ساڵی ١٩٩٨ هاووڵاتییانى ناوچەی لۆلانی بۆردومان کرد و بەو هۆیەوە ٨٤ ژن، منداڵ، هاووڵاتى و کەسى بە تەمەن شەهیدبوون.
ساڵی ١٩٩٧ماڵێکیان لە برادۆست بۆردومان کرد و ٧ کەسیان شەهید کرد.
ساڵی ١٩٩٢ گوندی ژیلە-یان بۆردومانکرد و ٨ کەس شەهید بوون.
ساڵی ١٩٩٥ لە دەشتى هەرتێ گوندێکیان بۆردومانکرد و ٦ کەسی شەهید بوون.
ساڵی ٢٠٠٠ ناوچەی کەندەکۆڵ-یان بۆردومانکرد و بەو هۆیەوە ٣٨ منداڵ، ژن و هاووڵاتیى بە تەمەنیان شەهیدکرد.
"تەنها گەریلا دەمانپارێزێت"
مام عەزیز رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەرەوە زیانێکى زۆریان پێگەیشتووە و لە بەردەوامیى قسەکانیدا راشیگەیاند "نەمانتوانى زەوییەکانمان بچێنن. کوێستانەکانمان سوتان. ئاژەڵەکانمان برسی بوون. لە هەندێک ناوچەش هاووڵاتیی ئەم سنوورەیان شەهید کرد".
مام عەزیز رەخنەى لە بێدەنگیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بە داگیرکەری گرت و وتى، تەنها پەکەکە و گەریلا دەیانپارێزن. مام عەزیز لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی، پێویستە لە ناو کورددا یەکێتى دروست بێت.
ر.م