شێلادزێ، دەروازەیەکی نوێی ڕاپەرین

نزیک ساڵ و نیوێک بەسەر ڕاپەرینی شیلادزێ تێپەڕ دەبێت، بەڵام شێلادزێ هەر کەڵپەی دێت لە ئاگری ڕاپەڕین و ڕوحی بەرخۆدان.

ناحیەی شیلادزێ ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە سەر قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، بە هۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە لە ژێر سنوری قەڵەمڕەوی (پەدەکە)یە، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە هاوکاری پەدەکە ژمارەیەکی زۆری لە بنکە و بارەگای سەربازی کردوەتەوە لە ناوچەکە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ساڵانێکە بە بیانوی جۆراو جۆر ئەم ناوچەیە بۆردومان  دەکات، ڕەز و باغی گوند نیشینان دەسوتێنێت و وایکردوە کە جوتیاران بێهیوابن لە چاندنی کشتوکاڵ بەرهەمەکانیان. ئەمە جگە لەوەی ساڵانە چەندین شوان و خەڵکی مەدەنی لەو ناوچانە بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە شەهید دەبن، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا و بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ٢٦ کەس لە شیلادزێ شەهید بونە.

 

لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠١٩ لەم ناوچەیە بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە چوار گەنجی خەڵکی ناوچەکە لە کاتی چونیان بۆ ڕاوکردنی ماسی شەهید دەبن، ئەمەش وا دەکات تورەییەکی زۆری خەڵکی ناوچەکەی لێبکەوێتەوە و لە ئەنجامدا ئەم ڕوداوە بۆیە هۆی ئەوەی ڕوحی تۆڵە سەندنەوە لە ناو خەڵکی ناوچەکە دروست ببێت.

لە پاش ئەوەی تەرمی شەهیدەکان بە خاک دەسپێرن، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت هۆکاری شەهید بونی ئەو چوار گەنجە بکاتە ئەستۆی پەکەکە و خەڵکی شیلادزێ هان دەدات بۆ ئەوەی لە بەرامبەر پەکەکەدا خۆپیشاندان دروست بکەن و پەکەکە لە ناوچەکە دەرکەن.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەر زوو خەڵکی ناوچەکە درکیان بەو پلانە قێزەونەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و نەکەوتنە تەڵەی ئەو گەمەیەوە. لە ڕۆژی ٢٦ی ١ی ٢٠١٩ خەڵکی شیلادزێ بە ژن، منداڵ، گەنج و پیری ناوچەکە لە ناو شیلادزێ کۆبونەوە و دواتر بە ڕێپێوانێک بەرەو کۆمەڵگای سیرێ کە بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لێیە بەڕێکەوتن. لێرەدا گەلی شیلادزێ بە ڕوحی تۆڵە سەندنەوە دەستیان گرت بەسەر تەواوی جبەخانە و بارەگا و تۆپ و تانکی دەوڵەتی تورکیا و سوتاندیان.

لێرەدا سوپای تورکیای داگیرکەر بێ بەزییانە دەسڕێژی گولەی کردە سەر خەڵکەکە و لە ئەنجامدا ١٠ کەس بریندار دەبێت و گەنجێکیش شەهید دەبێت، فرۆکەی جەنگی بە شێوەیەکی نزم بەسەر ئاسمانی شیلادزێدا هات و چۆی دەکرد بۆ ئەوەی دەنگی ئەو فرۆکانە خەڵکەکە بترسێنێ و لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

لە پاش ئەو چالاکیە پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگی ئەو چالاکیە و بە سەدان گەنج کە بەشداری چالاکیەکەیان کردوە دەستگیر دەکات.

ڕاپەرینی گەلی شیلادزێ کاردانەوەی لێکەوەتەوە

لە سەرەتای کاردانەوەکاندا ئەردۆغان سەرۆکی فاشیستی کۆماری  تورکیای داگیرکەر، بە زمانێکی هەڕەشە ئامێزانە ڕایگەیاند:" ئەمڕۆ ویستیان لە باکوری عێڕاق هەڵەیەکی گەورە ئەنجام بدەن، بەڵام فرۆکەکەنمان هەڵسان و بڵاوەی پێیان کرد".

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان

لێرەدا لە بەرامبەر ئەو سەرهەڵدانە کاردانەوەی حزب و لایەنەکانی لێکەوتەوە، هەر زوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک کاری هەمیشەیی خۆی ڕاگەیەندراوێکی شەرمنانەی بڵاوکردەوە و تیایدا چەند لایەنێکی تۆمەتبار کرد بە دروست بونی ئەم سەرهەڵدانە.

لە مێژوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بۆ پەردەپۆش کردنی شکستەکانی، لایەنەکانی دیکەی تۆمەتبار کردوە و بوختان و درۆ و چەواشەکاری لە نێو خەڵکی باشوردا بڵاوکردوەتەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوو:" دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕووداوانەوە ھەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندیدارەکان بە وردی لێکۆڵینەوەی لێدەکەن و ھۆکارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن".

 

حکومەتی عێڕاق

لێرەدا حکوومەتی عێراق بێ دەنگ نەوەستا و خۆی بە بەرپسیار بینی لە شەهید بونی خەڵکی شیلادزێ و ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بانگێشتی باڵیۆزی تورکیای کرد بۆ بەغداد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی دەداتە دەستی و پێی ڕادەگەیەنن کە جارێکی دیکە کاری لەو شێوەیە دوبارە نەکەنەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق بەم شێوەیە بوو :"تەقەکردنی ھێزەکانی تورکیا لە ھاوڵاتیانمان لە ناحیەی شیلادزێ و کۆمەڵکەی سیرێ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک ئیدانە دەکەین، کە کەسێک تێیدا بووە قوربانی و ژمارەیەک برینداریشی لێکەوتەوە و دواتر فڕۆکەکانی تورکیا بە ئاستێکی زۆر نزم بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە و بووەنە مایەی ترساندنی ھاوڵاتیان. نیگەرانی خۆمان بۆ قوربانییەکان و زیانەکان دەردەبڕین.

 

کۆمەڵگای جڤاکی کوردستان (کەجەکە)

لێرەدا کەجەکە بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە کرد و رەخنەی توندی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و ڕایگەیاند:" نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وحکومەتی باشووری کوردستان وتیان کە ڕاپەڕینی ڕەوای گەل ئاژاوەگێڕییە. ئیدارەی هەرێم و ئەوکەسانەی کە دەبێت گەل لە بەرامبەر هەڕەشەدا بپارێزن، گەل وەک ئاژاوەگێڕ ناو دەبەن. حکومەتی باشووری کوردستان و پەدەکە بەو هەڵوێستەی خۆیان جەسارەت بە تورکیا دەدەن وڕێگە بۆ کۆمەڵکوژیی خۆش دەکەن. پەدەکە ساڵانێکە بە وتنەوەی ئەوەی کە ئەگەر پەکەکە لیرە نەبێت، تورکیا بۆردومانی ناوچەکە ناکات خەریکی چەواشەکردنی گەلە و ڕەوایی بەهێرشەکان دەدات. ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان لەدژی هەڵوێستی ئەوانە.

 

کەجەکە لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی ڕاگەیاند :"لەو ڕاپەڕینەدا گەل بارەگای سەربازی سوپای تورکیا و هەموو کەلوپەلە سەربازییەکان-یانی سوتاند و بەو شێوازە هەلوێستی خۆیان لە بەرامبەر داگیرکاری، کوشتن و کۆمەڵکوژیی نیشاندا. دەوڵەتی تورکیای فاشیست کە بەکۆمەڵکوژیی وەڵام دەداتەوە و نیشانی دا کە بەهەموو شێوازێک لەبەرانبەرحەق و ئازادی و خوێنی شەهیدان دەوەستێتەوە. سوپای داگیرکەری تورکیا بەبێ ترس گەلی دایە بەردەسڕێژی گولە. لەوێدا ١ هاووڵاتی شەهید و ١٠ هاووڵاتی تر برینداربوون. ئێمە ئەو ڕاپەڕینەی کە بووە هۆی سەربەرزی هەموو گەلی کوردەوە بەرزدەنرخێنین".

 

لە ئێستادا شیلادزێ چی تیا ڕوو دەدات؟

لە ماوەی ڕابردودا و بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە  پێنج گەنج لە سنوری شیلادزێ شەهید دەبن، ئەمەش توڕەیی خەڵکی شیلادزێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دوبارە بڕیاری خۆپیشاندان دەدەن لە دژی سوپای تورکیا.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو ئەوەی خەڵکی شیلادزێ دووبارە کۆنەبنەوە و هێرشی بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا نەکەن، دو لە تەرمی شەهیدەکان دەڕفێنێت بۆ دهۆک بە بیانوی پشکنینی پزیشکی دادوەری. بەڵام ئەوە نەک خەڵەکەی سارد نەکردەوە، بەڵکو خەڵکی ناوچەی شیلادزێی توڕە تر کرد و وایکرد بۆ ڕۆژێک دوای ئەو ڕوداوە بە هەزاران کەس خۆپیشاندان بکەن لە دژی بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا. لە ڕۆژی ٢٠ی ٦ی ٢٠٢٠ خەڵکی شیلادزێ لە ناو بازاڕی شیلادزێ کۆبونەوە و بڕیاریاندا بچنە سەر بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا و لە ناوچەکە دەریان بکەن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کاری هەمیشەیی خۆی هێزێکی زۆری بەرەو ناوچەکە بەڕێکرد بۆ ئەوەی ڕێگری لەو خۆپیشاندانە بکات.

هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گەمارۆی خۆپیشاندانەکانیاندا و بە گازی فرمێسک ڕێژ و تەقە کردنی بەسەر خۆپیشاندانەکان و بەکارهێنانی هێز دەیەویست بڵاوە بەسەر خۆپیشاندانەکان بکات. لێرەدا پارتی دیموکراتی کوردستان نەک نەیتوانی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکات، بەڵکو بۆیە هۆی ئەوەی ئاراستەی خۆپیشاندەران بگۆڕێت بۆ بەردبارانکردنی بارەگا و ناوچەکانی پارتی لە شیلادزێ.

لە پاش ئەو چالاکیە پارتی دیموکراتی کوردستان بە فیتی تورکیا دوربارە دەستی کرد بە گرتنی چالاکوانان و خۆپیشاندەران، زۆرێک لەو گیراوانە تاکو ئێستاش لە زیندانەکانی ئاسایشی پارتی ماون لە شیلادزێ و هەنێکیشیان بردراون بۆ زیندانی نهێنی و تاکو ئێستا هیچ سۆراغێکیان نیە.

ئەم هەڵوێستە یەک لە دوای یەکانەی خەڵکی شیلادزێ لە بەرامبەر داگیرکاری تورکیا لە تەواوی ناوچەکە و دەروەش دەنگدانەوەی هەبوە، بە جۆرێک کە خەڵکی باشوری کوردستان پێیان وایە ئەم جارەیان ڕەپەڕین لە شیلادزێوە سەر هەڵدەدات و دەبێتە دەروازەی ڕاپەڕین.

ڕ.ح