شەریک: ئاشتی بە بەرخودان بەدی دێت

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە رایگەیاند، دەسەڵاتی تورک هەموو رێگاکانی ئاشتیی داخستووە و جگە لە پاکتاوکردن لەسەر هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تر راناوەستێت و راشیگەیاند، بەڵام بە لێدانی گورزی قورس دەکرێت ئاشتی بەدی بێت.

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە بە بۆنەى ١ی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

شەریک رایگەیاند، جیهان لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە، بەڵام دونیا لەو بابەتەدا زۆرترین دوورکەوتنەوەی بۆ خۆی دروستکردووە و وتی "دونیا لە ناو شەڕدایە، دیکتاتۆرییە فاشیستەکان وەرسوڕاون بۆ سیستمێکی ئاسایی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەکاندا".

تێکۆشان بۆ پاراستنی ئاشتی

شەریک رایگەیاند، جیهان، مرۆڤایەتی و سروشت شەڕێکی وێرانکەریان بەسەردا سەپێنراوە و وتی "لە دۆخێکی لەو جۆرەدا تەنها شتێک کە دەمێنێتەوە بۆ رۆژی جیهانیی ئاشتی بوترێت ئەوەیە؛ تێکۆشان بۆ ئاشتی پێویستیی و ناچارییە. لە مانایەکی تردا، تەنها بە دووبارەکردنەوەى وشەی ئاشتی ئەستەمە مرۆڤ ئاشتیی دەست بکەوێت. ئەو هێزانەى کە چەک و دەسەڵاتیان لە دەستدایە دەیانەوێت لایەنگری لە ئاشتی وەک لاوازیی لایەنی بەرامبەر و بەهێزبوونی خۆیان لێکبدەنەوە. پشت بەوە دەبەستن کە زیاتر سەرکوت بکەن و لە بەرزترین ئاستدا درێژە بە هێرشەکانیان بدەن. بۆیە لەم سەردەمەدا لایەنگریی ئاشتی لە دژی شەڕ، تێکۆشان بۆ پاراستنی ئاشتی زیاتر دەسەپێنێت. جگە لەوە هیچ رێگایەکی تر بۆ بەدیهێنانی ئاشتی نییە. ئەوەش زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان دروستە، کە شەڕێکی قورسیان تیادایە".

جەمال شەریک باسی ئەوەیکرد، شەڕێکى قورس لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات و گەورەترین کاریگەریی لەسەر کوردستان دروستکردووە و وتی، لە کوردستان شەڕێکی تایبەت – چەپەڵ بەڕێوەدەچێت و ئەوەى رۆڵی ئەو شەڕە چەپەڵ و قورسەى خستووەتە سەر شانی خۆی دەوڵەتی تورکە.

شەریک وتیشی "شەڕی پاکتاوکردن لە کوردستان لە ئاستی شەڕێکی سەربازی زیاترە. بە شێوەی سڕینەوە و پاکتاوکردنی کۆمەڵگەش بەڕێوەدەچێت. سروشت تاڵان و کاول دەکرێت. پێگە و بناغەى کولتوری و رۆشنبیری و کۆمەڵگە لە ناو دەبرێت. ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن. هەر چییەک بە ناوی جیاوازیی کۆمەڵگەى مرۆڤەکانەوە بوونی هەبێت هێرشی دەکرێتە سەر. لە دژی ئەوەش پاراستنی ئاشتی بە تێکۆشانێک و بە رۆحی سەفەربەری و هەمەلایەنە لە دژی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکەر بەدی دێت".

'قسەکانی دەوڵەتی تورک و ئاشتی لە دژی یەکن و یەک ناگرنەوە'

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە ئاماژەى بەوەکرد، لە دونیادا دوایین دەوڵەت کە وتەى ئاشتی بهێنێتە سەر زمان و باسی بکات دەوڵەتی تورکە و وتی "چونکە وتەى ئاشتی و پێکهاتەى دەوڵەتی تورک لە دژی یەکن. کاتێک دەوترێت ئاشتی، مەبەست بونیاتنانی سیستمێکی دەوڵەمەند و هاوبەشە، بەڵام دەوڵەتی تورک لە دژی ئەوانەیە. هێشتا کۆمار رانەگەیاندرابوو، کە لە قۆچگری کوردە عەلەوییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد. موستەفا سوبحی و هەڤاڵەکانیان لە دەریای سپیی ناوەڕاست خنکاند. لەبارەى چەرکەز ئەتهەم و هەڤاڵەکانی فەرمانی کوشتیان ئامادە کرد و پرۆسەى سڕینەوە و پاکتاوکردنی چەرکەزەکانیان دەستپێکرد. بە سڕینەوە و پاکتاوکردنی ئاسوور – سووریانی درێژەیان بەو پاکتاوکاری و کوشتارەیان دا. گریک – رۆم (یۆنانی - رۆمییەکان)یان لە ئەنادۆڵ کۆمەڵکوژ کرد و ئەوانەی مانەوە لەسەر شوێن و ماڵی حاڵی خۆیان دەریانکردن و دەستیان بەسەر ماڵ و مۆڵکەکانیاندا گرت و تاڵانیان کرد. دوای ئەوەى دەوڵەت راگەیاندرا، پاکتاوکردن و سڕینەوە و کوشتارەکان لە کوێدا مابونەوە لەوێیەوە دەستیان پێکردەوە و درێژەیان بە کوشتار و سڕینەوە و کۆمەڵکوژی دا و ئیدی لە کوردستان دەستیان بە سڕینەوە و پاکتاوکردن کرد".

شەریک راشیگەیاند، ئەو شەڕە کە کۆماری تورکیا پێش راگەیاندنی دەوڵەت دەستیپێکردبوو بووە هۆی دروستبوون و هەبوونی دەوڵەتەکە و کۆمارەکە، بووە ستراتیژیای بنەڕەتی، کە خاوەنداریی لێدەکەن و ئەوەشی راگەیاند "ئەمڕۆش لە هەمان ئاست دا کوشتار و پاکتاوکردن بەڕێوەدەبەن. بە ھێرشکردنی زیاتر لە ناوچەیەکى بەرفراوانتر درێژە بە شەڕ و کوشتار و پاکتاوکردن دەدەن. باکوور و پارچەکانی تری کوردستان لە ژێر هێرشی پاکتاوکردن و داگیرکەریدان".

پەیکی ئاشتی لە ئیمراڵییە

شەریک سەرنجی خستەسەر رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ هێنانەدیی ئاشتی و وتی "گەلی کورد دەڵێت 'پەیکی ئاشتی لە ئیمراڵییە'. بەو شێوەیە ناونیشانی ئاشتی بۆ گەلانی کوردستان و تورکیا دەخەنەڕوو. ئەو رووداوانەی دوای دیلکردنی رێبەر ئاپۆ روویاندا، ئەوە نیشان دەدەن، کە گەلی کورد چەند مافدارە".

شەریک ئاماژەى بەوەشکرد، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە هەلومەرجی دیلکراویشدا ئەو هەڵوێستەى لە خۆی نیشاندا و وتی "دەوڵەتی تورک بە عەقڵییەتی 'فرتو فێڵ، کە لە ناو عوسمانییەکاندا زۆر زۆر بووە' ئەو هەوڵ و نزیکایەتییانەى رێبەر ئاپۆیان تێکداوە و خواستویانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی شەڕی چەپەڵ و تایبەت دا بەکاری بهێنن.

ئەو نزیکایەتییە پیلانگێڕیانە و پێداگرییانە بۆ شەڕی تایبەت – چەپەڵی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکەر، گەلی کوردستان و تورکیا زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە. جگە لە دەوڵەتی پاکتاوکەر هیچ کەس لەوە بەرپرسیار نییە. ئەو رووداوانەی لە 'پرۆسەی دیالۆگی' نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ روویاندا جیاواز نەبوون لەو نزیکایەتی و پیلانگێڕییانە".

جەمال شەریک باسی ئەوەیکرد، پارادیگمای 'ئیکۆلۆژیک، دیموکراتیک و ئازادیپارێزی ژن' لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کرد بە تەنها خۆی بەرنامەى ئاشتین و ئەوەشی وت "ئەوە تەنها لە دژی ئەو شەڕە توندەى ئێستا نییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا، بە مانای ئاشتی لەگەڵ سروشت، لەگەڵ کۆمەڵگە و لەگەڵ ژندایە. ئەگەر مرۆڤ سەرنجی بداتێ، ئەوە دەبینێت کە لە دونیادا یەکەم شەڕ، پەیوەندیی باڵادەستی، گوشار و داگیرکەری هەموو کات لەسەر ئەو خاڵانە دەستیپێکردووە و دواتر هیچ شتێک بەناوی ئاشتییەوە لە جیهاندا نەماوەتەوە. سیستم بە باڵادەستی پیاو نیشانەیەکى ئەوەیە. رێبەر ئاپۆ بە پارادیگماکانی 'ئیکۆلۆژیک، دیموکراتیک و ئازادیپارێزی ژن' خاوەنی بەهێزترین هەڵوێستە بۆ ئاشتی".

'رێگری لە پرۆژەى ئاشتی دەکەن'

شەریک باسی ئەوەشیکرد، دیلکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە رێگەى پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی و سەپاندنی گۆشەگیریی ٢١ ساڵە بەسەریدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە و وتی "ئەگەر کێشەکە تەنها پەیوەندیی بە شەڕ لە کوردستان و تورکیاوە هەبوایە، هەوڵ و گەڕان بە دوای 'چارەسەری'دا بۆ ئەو شەڕە تاوەکو ئێستا بە ئاستێک دەگەیشت. لەبەر ئەوەی کێشەکە بەو شێوەیە نییە، هێزە پیلانگێڕە نێونەتەوەییەکان بۆ ئەوەى رێگری لە پرۆژەى ئاشتیی رێبەر ئاپۆ بگرن هەموو رێگا و شێوازێکی تێکدەرانەیان گرتووەتەبەر. ئەوە دەزانن، پرۆژەی ئاشتی، چارەسەری و دیموکراسیی رێبەر ئاپۆ کاتێک بەدی بێت، ئەوا ئیدی قۆناغی ئەوان بەرەو ژێر دەبێتەوە، بۆیە رێگریی لێدەکەن و پیلانگێڕی دەگێڕن و هەوڵ دەدەن هەموو کاتێک لەمپەر و ئاستەنگ بۆ رێبەر ئاپۆ دروست بکەن".

رێگای بەرەو ئاشتی

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە باسی ئەوەشیکرد، شەڕ لەم هەلومەرجەی ئێستادا لەسەرتاسەری کوردستان بەردەوامیی هەیە و وتی "لە دژی هێرشە پاکتاوکارییەکان گەریلا بەرخودانێکى بەهێز دەکات. یەکە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکەر لە حەفتانین لە زەلکاودا چەقیون، هەر هەنگاوێک دەنێن عاسێ دەبن و ناتوانن بجوڵێن. دەوڵەتی تورکی پاکتاوکەر نەک تەنها لە دژی کوردان، بەڵکو لە دژی گەلی عەرەبیش شەڕ دەکات. لە شەڕی دژ بە ئەرمینیادا پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکات. لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی دا بەرەو دەستپێکردنی شەڕ دەڕوات. بەو شێوەیە لە هەموو لایەکەوە خۆی خستووەتە ناو شەڕ. جگە لە وتەى شەڕ، هیچ وتەیەکى تر بەکار ناهێنن. دەزانن، کاتێک بڵێن 'ئاشتی' ئەوان بۆ خۆیان و ئەوەى کردوویانە و دروستیان کردووە سەروبن دەبێت".

شەریک ئەوەشی وت، لە دژی دوژمنێک کە وتەی 'ئاشتی' بە لاوازی دەزانێت، دەبێت تێکۆشان بەڕێوەبچێت و بە تاکتیک و ستراتیژیی ئاشتیی بەسەردا بسەپێنرێت و وتیشی "ئەوەش بەهێزکردنی بەرخودانی پاراستنی رەوایە، کە ئەوەش مافێکى تەواو رەوایە. بە پێناسە ستراتیژییەکەشی واتە بەرزکردنەوە و گەشانەوەى شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی".

ژ.ت