عەبدولڕەحمان خەلیفە: داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کارێکی سیاسییە نەک یاسایی

عەبدولڕەحمان خەلیفە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕایگەیاند "داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان شتێکی سیاسییە نەک یاسایی و هەست دەکەم دەستێکی دەرەکی لەپشتی ئەو کارانەوە هەبن".

عەبدولڕەحمان خەلیفە ڕاشیگەیاند "ئەو کارە ئازادیی کارکردنی حیزبە سیاسییەکان بەرتەسک دەکاتەوە و ناتەبایی نێوانن حیزبەکان زیاتر دەکات، ئێمە ناتوانین بەرامبەر سوپاکانی دەرەوە لە ناو خاکی کوردستان هیچ بڵێین بەڵام بۆ ئەبێت نەهێڵین حیزبێکی سیاسیی کوردی، سیاسیەن کاربکات".

 

عەبدولڕەحمان خەلیفە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان یاسایی نییە، چونکە تەڤگەری ئازادی فەرمیەتی کارکردنی هەیە  لە عێراقدا. بەشێوەیەکی فەرمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق  ئەمە تەنیا بیانووە ئەمە شتێکی سیاسییە پێش ئەوەی یاسایی بێت و هەست دەکەم کاریگەریی دەستی دەرەکیی لە پشت بێت".
ڕاشیگەیاند: "لەبەر ئەوەی شتەکان ئامانجی سیاسی تێدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەوەیە. ئێمە ناتوانین بەرامبەر سوپاکانی دەرەوە لە ناو خاکی کوردستان هیچ بڵێین بەڵام بۆ ئەبێت نەهێڵین حیزبێکی سیاسی کوردی، سیاسییەن کاربکات".

هەروەها وتی: "تەڤگەری ئازادی تا ئێستا هیچ سەرپێچییەکی یاسایی نەبووە یان دەستی لەگەڵ دەرەوە نییە. هیچ کێشەیەکی نەبووە حیزبێکی سیاسیی ئەو تۆیە کۆمەڵێک کەسی دڵسۆزی ئەم وڵاتە چونەتە ئەو حیزبەوە بە هەڵبژاردەی ئایدەلۆجی خۆیان. بەڕاستی ئەمە هەر نەک ئەوەندە بەڵکو ئەمە جۆرێکە لە بەرتەسک کردنەوەی ئازادی کارکردنی سیاسی".
وتیشی: "پێدەچێت دەستی دەرەکی لەو ڕووداوانەدا هەبێت. بەداخەوەم وڵاتانی دەوروبەر کاریگەریی زۆریان هەیە بەسەر کوردستانەوە، بەڵام دەست وەردانی دەرەوە پێویستە قبوڵ نەکرێت".

عەبدولڕەحمان خەلیفە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو کارە یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان زیاتر تێک دەدات. ئێمە لە کوردستان ئازادی سیاسیمان نییە ئەوەشی هاتۆتەسەر. ئەمە جۆرێکە لەبەر تەسک کردنەوەی ئازادی لە کوردستان. جگە لەمانەش ڕێگریکردنی حیزبی سیاسی و ڕێگریکردن لە تاکەکان بۆ دروستکردنی حیزبی سیاسی خۆی لە خۆیا حکومەت و دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە".

ر.م