چینی ڕۆشنبیر لە هەموو شۆڕشەکانی جیهان هەڵوێسیان هەبوە و بگرە زۆرجار چینی ڕۆشنبیر شۆڕشی خوڵقاندوە و لە ئاست گەندەڵکاری و داگیرکاری لەناو خاکەکەی، بەڵام ئەوەی لە باشووری کوردستان دەبینرێت چینی ڕۆشنبیر بە تەواوی بە حزبی کراوە و بەشێکی کەم لەو چینە لە ئاست گەندەڵی و داگیرکاری دەنگیان هەڵبڕیوە و هەڵوێستیان هەبووە.
دەربارەی ئەو مژارە عەلی کەریمی ڕۆشنبیر و چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "بێدەنگیی نوخبەی ڕۆشنبیری کورد لە ئاست دەسەڵاتی خۆماڵی و لە ئاست دەسەڵاتی وڵاتانی داگیرکەر لە مێژوودا ئەوەمان بینیوە کە بێدەنگن و هەڵوێستیان نییە، بەداخەوە بۆ ئەو بێدەنگی و بێ ئیرادەییەی و خۆ نەبوونەی چینی ڕۆشنبیری کورد لێرەدا هیچ گومانێک نییە و بە سەدان نمونە دەتوانین بێنینەوە کە ڕۆشنبیری کورد بۆچی ئاوها بێ مەوقیفە؟ هەر ئەمە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانە تاکو ئێستا کورد نەیتوانییە بە پلانێک و بە ستراتیژییەکی یەکبوون بەرەو خەباتێکی ڕزگاری بڕوات، چونکە تۆ ئەگەر تەماشای بکەی سەد ساڵ زۆرە بۆ خەباتی نەتەوەیەک.
"کوردی باشوور لە سیاسی، حقوقی و یاساییەوە یەک هەنگاویش نەچووەتە پێشەوە"
عەلی کەریمی دەربارەی سیاسەتی باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد :"لە سەد ساڵی ڕابردودا کورد چییکردوە، کورد ئەمڕۆ بە تایبەت لە باشووری کوردستان لە تەنگاسییەکی زۆردایە و دەتوانم بڵیم کورد لە سیاسی، حقوقی و یاساییەوە یەک هەنگاویش نەچووەتە پێشەوە لە چاو سەد ساڵ لەمەو پێش، بۆیە من پێموایە چینی ڕۆشنبیری کورد لە هەڵەیەک و کەم و کورتیەکی زۆردا دەژین، بێ هەڵوێستی و بێ ئیرادەیی نوخبەی کورد خۆی جارێک بە دەسەڵاتی خۆماڵییەوە هەڵدەواسێت و جارێک بە دەسەڵاتی داگیرکەرانەوە هەڵدەواسێت ئەمە زۆر بە ڕوونی لە مێژوی کورددا دیارە. ئەوەی ئەمڕۆش لە باشووری کوردستان ڕوو دەدات گەورەترین نمونە و گەورەترین بەڵگەیە، کە ئەمجارە بە گشتی ڕۆشنبیری باشووری کوردستان تەنانەت ڕۆژهەڵاتییەکانیش کەوتوونەتە ژێر نفوزی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان".
"پارتی دیموکراتی کوردستان بە بێ شاردنەوە خۆی بە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت"
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی داگیرکاریی تورکیا عەلی کەریمی ئەوەی خستەڕوو، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە بێ شاردنەوە خۆی بە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت و وەک دەبینین هەر لە ئێستادا بە درێژایی ٧٥ کیلۆمەتر و بە قۆڵایی ٤٥ کیلۆمەتر پێش دەوڵەتی تورک کەوتون. هەروەها وتیشی: "بارزانی لە ساڵی پار و پێرار و کاتی ڕیفراندۆم دەیوت قبوڵمان نییە وڵاتمان داگیر بکرێت و هەڕەشەی لە دەوڵەتی عێراق و لە جیهان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین سەری خۆی داخستوە و بە پێش چاوی دێهات و پووش و پاوانی ئەو میلەتە فەقیرە ژێر پۆستاڵی تورکیا کەوتوە. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) خۆیان بەشێکن لەو هێرشە و بەشێکن لەو ئەنفالکردنەی کورد بە دەستی کورد، ئەوان بەشێکن لە سوپای عوسمانیی ئەمڕۆ".
"چینی ڕۆشنبیر لە پێناو دوو دینار ئامادەیە خۆی کەڕ و ڵاڵ بکات"
عەلی کەریمی لە بەردەوامیی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر چینی ڕۆشنبیران و ڕەخنەی توندی لە ئاست ئەو بێ هەڵوێستییان لێگرتن و وتی:"نوخبەی ڕۆشنبیری کورد بێدەنگە و لە ئاست دەسەڵاتی خۆماڵی چاوی لەوەیە دەسەڵاتی خۆماڵی پۆستێک یاخود جێگایەک یان پارەیەکی پێ ببەخشێت. لە پێناو ئەو دوو دینارەشدا هیچ بۆی گرینگ نییە، کە خۆی کەڕ و ڵاڵ بکات و سەری خۆی دادەخات و ئەو شەرمەزارییە لە مێژودا بۆ خۆی تۆمار دەکات. لەمڕۆدا دەتوانین ئەو دەنگانە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بکەین و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕۆشنگەرییەکی زیاتر بکەین لە ناو ڕۆشنبیر و نوخبەی کورددا و لە ناو ئەو کەسانەی کە خوێندەوارن و بەڕاستی بێین بەیەکەوە پشت بەیەکتر ببەستین و نەهێڵین کە جارێکی دیکە دەسەڵاتی خۆماڵیی بنەماڵەی بارزانی یاخود هەر لایەنێکی داگیرکاری بتوانن ئاوها لە میلەتەکەمان بکەن و بیانشکێنن لە ژێر پۆستاڵی پیس و نەگریسی خۆیاندا".
"پێویستە میدیاکاران دەنگە ڕەسەنەکان بگەیەنن و بەرزی بکەنەوە"
دەربارەی میدیای کوردی و هەڵوێستی میدیاکاران عەلی کەریمی ڕایگەیاند: "لەمڕۆدا ئێمە تەنها دەتوانین لە ڕێگای دنیای میدیا و ماس میدیا و بە تۆڕی فراوانی ئینتەرنێت هەموومان دەنگی خۆمان بگەیەنین بە یەکتر و یەکگرتن لە نێوان خۆماندا دروست بکەین و سوود لە ئیمکانیاتی تەکنۆلۆژیا وەرگرین. پێویستە ڕۆژنامەنووسان، کە ئەمڕۆ لە جیهانی میدیا کار دەکەن ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبێت لەوەی دەنگە ڕەسەنەکان بەرزبکەنەوە و دەنگە ڕەسەنەکان زوو زوو بە گوێی خەڵکدا بدەنەوە، چونکە دەبێت لەبیرمان بێت ئێمە بە گشتی میلەتێکی فەرامۆشکراوین و لە بیرمان نییە، کە دوێنێ چی قەوماوە و لە بیرمان نییە، کە ئاخر جار چۆن یەکترمان کوشتووە".
"پارتی دیموکراتی کوردستان شانازی بە کۆمەڵکوژکردنی کوردەوە دەکات"
سەبارەت بە کردەوەکانی ماڵی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە مێژووی باشووری کوردستاندا عەلی کەریمی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، کە لەم ڕۆژانەدا یادی ٣١ی ئابی شوم بوو، کە لە ساڵی ١٩٩٦ بەپێش چاوی هەمومان بینیمان هەر ئەو حزبەی کە ئەمڕۆ پێش سوپای تورکی عوسمانی کەوتوە ئەو کاتیش لە ٣١ی ئابدا و بە یارمەتیی حکومەتی بەعس و ئەو سەدامەی کە ئێمەی ئەنفال کردبوو و کوردی کیمیاباران کردبوو بە یارمەتیی ئەوان و شان بە شانی یەکتر هاتن و هەولێر و پەرلەمانی کوردستانیان داگیرکرد.
وتیشی: "بە ئاشکرا دووبارە بەعسی نەفرەتییان لەسەر باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان دامەزراند و دوای ئەو هەمو ئارەزوەی لە ١٩٩٢دا دروستکرابوو ئەوان هاتن دووبارە داگیریان کرد و هێزەکەی دیکە، کە ئەویش کورد بوو ڕاویان نا و تا نزیک سنووری ئێرانیان بردن. ئەمەی باسی دەکەم دوژمن نەیکرد بەداخەوە لەمڕۆدا دەبینین ڕۆشبیری سەر بە بنەماڵەی بارزانی هاتون لە میدیاکان دەڵێن، ئێمە فەخر و شانازی بە هەموو کردەوەیەکی خۆمان دەکەین ئەمە ئابڕوچون نەبێت ئەدی چیە؟. لەمڕۆدا نابێت نوخبەی ڕۆشبیر و میدیاکار ئەوە قبوڵ بکەن، کە چۆن کەسێک ئەوەندە بێ شەرم دەبێت، ئەوەندە بێ چاو و ڕوو دەبێت و ئەوەندە زۆڵ دەبێت، کە دوای ئەوە بە ئاشکرا بڵێت، من فەخر و شانازی دەکەم هەرچی سەرۆکم بارزانی کردویەتی و هەرچی پارتی کردویەی لە ١٩٤٦ەوە ئاوها بە ئاشکرا ئەو قسەیەی کردوە و دەڵیت، ئێمە شانازیی پیوە دەکەین!".
ژ.ت