فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەر گوندێکی سەربە سلێمانییان بۆردوومان کرد

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندی سەفرە-یان لە سنووری شارۆچکەی ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد، دەوترێت لەو هێرشەدا ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج و کەسانی ناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوە هەرێمییەکان بە ڕۆژنیوزیان داوە و قائیمقامی 'ماوەت'ی سەربە سلێمانی-ـیش پشتڕاستی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک گوندی سەفرە-د سەربە شارۆچکەی ماوەت-یان بۆردوومان کردووە.

بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئۆتۆمبێلێک و نەخۆشخانەی گوندەکەیان کردووەتە ئامانج و ئەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوون گیانیان لەدەستداوە.

هەندێک ڕاگەیاندنی باشوری کوردستانیش، بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج، هی گەریلاکان بووە.

وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورکیش دانی بەوە داناوە، کە گوندی سەفرەی سەربە پارێزگای سلێمانی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەوانەوە بۆردوومان کراوە.

لەسەر ئەنجامی بۆردوومانەکە و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە.

دەوترێت؛ فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.

ئێوارەی دوێنێش سوپای داگیرکەری تورک، گردی شەرانێی نزیک گوندی بێدهی لە ناوچەی بەرواریی سەربە ئامێدی پارێزگای دهۆکی داوەتە بەر گولـلە و تۆپباران.

دەوترێت لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوی "دالیا عەبدوڵا" کە خەڵکی گوندی بێدهێ-ـێە، بریندار بووە.

ز.ش