فەرماندەیەکی هەپەگە: گەریلا بە ورەوە بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە

سەرهەڵدان روگەش هێڤی یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە لێکدانەوەیەکى لەبارەى هێرشە داگیرکارییەکانى سوپاى تورکیا بۆ سەر برادۆست و خواکورک خستەڕوو و رایگەیاند، گەریلا لە برادۆست و خواکورک بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەن.

یەک لە فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل 'هەپەگە' سەرهەڵدان ڕووگەش هێڤی، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا کرد، کە دژ بە برادۆست و خواکورک ئەنجامیان دەدات و بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) دوا.

هێڤی ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر گەریلادا شکستی هێناوە و ئەو هێرشانەش پەیوەندییان بەو شکستەوە هەیە، هەروەها هۆکارێکی تری ئەو هێرشانە ئەوەیە کە فاشیزمی ئاکەپە و ئەردۆغان لە قەیرانی سیاسیی و ئابوریدایە.

گەریلا زیاتر بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە

فەرمانداری هەپەگە هێڤی تیشکی خستە سەر ئەوە، کە سوپای داگیرکەری تورکیا لە برادۆست و خواکورک لە بەرامبەر ورەی پۆڵاینی گەریلادا دەستوەستان ماوەتەوە و وتی "دەوڵەتی تورکیا لە هێرشە داگیرکارییەکانیدا هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە".

هێڤی دەستنیشانیشی کرد، دەسەڵاتدارێتیی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەریلادا قەتیس ماون، دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی ڕێگە لەبەردەم ئەو قەتیسیەدا بکاتەوە، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی داوە. دەوڵەتی تورکیا بە سیاسەتە هێرشبەرەکانی خۆی درێژە بە هەوڵە داگیرکارییەکانی دەدات، بەڵام گەریلاکانی هەپەگە و یەژەئاستار لە هەر ناوچەیەک و لە هەر کاتێکدا بۆ شەڕ ئامادەن".

هێڤی جەختیشی کردەوە، لە برادۆست و خواکورک و لە هەموو کوردستان بەرخۆدان بە گەشبوونەوە بەردەوامە و بەرخۆدانی گەریلاش کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە - مەهەپە دەهێنێت و وتیشی "گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی هەر هێرشێک، بەرپەرچی زیاتر دەداتەوە".

ئێمە شەڕ بە هەموو ناوچەکاندا بڵاودەکەینەوە

فەرماندەی هەپەگە هێڤی باسی لەوەش کرد، گەریلاکانی هەپەگە و یەژەئاستار دژ بە هەوڵەکانی داگیرکاری بە رۆحێکی فیدایانەوە شەڕ دەکەن و وتیشی "لە زستانەوە لە برادۆست، هێرشی سەخت و چڕوپڕ دەکرێتە سەر گەلەکەمان، دیکتاتۆریەتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە، بۆ ئەوەی کە گەل ناچار بکات هەرێمی برادۆستیان بۆ چۆڵ بکەن، هێرشەکانیان چڕکردووەتەوە. ئێمەش وەک گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، دژ بەو هێرشانە بەرخۆدانێکی مێژووی دەکەین. چونکە گەریلا لە هەر چوار بەشی کوردستاندا هێزی پاراستنی گەلن. لەبەرئەوەش گەریلا هەموو کات بەرپەرچی هێرشی داگیرکاران دەداتەوە".

فەرماندەری هەپەگە هێڤی دەستنیشانیشی کرد، گەریلاکانی هەپەگە و یەژەئاستار، لە دژی سوپای داگیرکەری تورکیا چالاکیی زۆر سەرکەوتوانەیان ئەنجامداوە و لەئاکامی چالاکیی گەریلاکاندا، هەتا ئێستا دەیان سەرباز کوژراون، سەرەڕای جموجوڵ و هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا، بەڵام گەریلا چالاکیی خۆی زیاتر کردووە و بە زیرەکیی خۆیشى تاکتیکی زیاتری پیشخستووە".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، هێڤی ئاماژەی بەوە کرد کە گەریلاکانی هەپەگە و یەژەئاستار لە دژی هێرشەکانی داگیرکەران بەرخۆدانی خۆیان درێژە پێدەدەن و ڕێگە نادەن داگیرکەران درێژە بە دەسەڵاتدارێتیی خۆیان بدەن.

فەرماندە هێڤی ئاشکراشی کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شەڕیان دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەختتر و چڕتر دەکەنەوە و وتیشی "شەڕ تەنها لە باشووری کوردستان و باکووری کوردستانەوە سنوردار نابێت، بەڵکو لە جوگرافیایەکی بەرفراوانتردا شەڕ بڵاودەبێتەوە".

شەڕی زەمینییان پێناکرێت

فەرماندە هێڤی جەختی لەوە کردەوە، دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر کورد هیچ سنوورێک ناناسێت و وتی "ئەم دوژمنایەتییەی دەوڵەتی تورکیا پەیوەندیی بە دوژمنایەتیی لە مێژینەیانەوە هەیە دژ بە کورد".

هێڤی وتیشی "بۆئەوەی ڕێپێوانی ئازادی و سەرفرازیی ٤٠ ساڵەی گەریلا ئاستەنگ بکات، سوپای تورکیا هەوڵ دەدات لەسەر هێڵی سنووریی و هەرێمی برادۆست 'هەرێمی ئاسایشیی' بەناوی هەرێمی تامبۆن دروست بکات. ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە، کە سوپای تورکیا لە شەڕی پیادە و دەشتاییدا ناتوانێت دژ بە گەریلا شەڕ بکات. هەر بۆیە پەناى بردووەتە بەر بەکارهێنانى زۆرترین چەک و تەکنەلۆژیاى سەربازی".

وتیشی "لەبەرامبەریشدا گەریلا دژ بە هێرشەکانی داگیرکەر بە باوەڕن و ورەی پۆڵاینیان هەیە و بەو باوەڕیی و ورە بەرزەوە شەڕ دەکەن و سوپای تورکیایان پێچاوەتەوە".

هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج

هێڤی یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە تیشکیشی خستە سەر ئەوەی، کە دەوڵەتی تورکیا لە برادۆست تەکنەلۆژیاى سەربازیى زۆر بەکاردەهێنن و پشتیش بە هێرشە ئاسمانیەکان دەبەستن.

ئەوەشی وت "دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەی هەرێمەکە دەکاتە ئامانج کە هاووڵاتییانی مەدەنییان لێ نیشتەجێن. سوپای داگیرکەری تورکیا کە لە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئێمە هیچ ئەنجامێک بە دەست ناهێنێت، بۆیە لەو شوێنانە دەدات کە گەلی ئێمەی لێ نیشتەجێن. هاوکات بە هاوەن و بۆمبا، بۆردومانی هەرێمەکە دەکات. گوندنشینان ناتوانن بچنە سەر زەوی و زارەکانیان، ناتوانن ڕانە ئاژەڵی خۆیان ببەنە سەر لەوەڕگا. خەڵکی هەرێمەکە ناتوانن کشتوکاڵ بکەن و شوانکارەیی ئاژەڵداری بکەن، ئەوە لەکاتێکدایە کە بژێوی ژیانیی ئەوان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە. سەرەڕای ئەوەش، گوندنشینان ژیانیشیان لە مەترسیدایە. بۆ نموونە یەک لە گوندنشینەکان بە بۆمبارانی سوپای تورکیا کوژرا. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە هەرێمەکە لە دانیشتوانەکەی چۆڵ بکات. داواش دەکرێت کە گەلەکەمان لەوێ دەرچن و چۆڵی بکەن".

بارزانى و پارتى دەستیان لە هێرشە داگیرکارییەکاندا هەیە

هێڤی فەرماندەی هەپەگە لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، بارزانى و پارتى دیموکراتىت کوردستان دەستیان لەو هێرشە داگیرکەریانەداا بۆ سەر باشووری کوردستان هەیە و ئەوەشى جێگەى سەرنجە کە تا ئێستا بارزانى و پارتی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگن.

ر.م