قەرەسوو: دەبێت لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا تێکۆشان گەشتر بکرێت
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند "دەبێت گەلەکەمان و هێزە دیموکراسیخوازەکان تێکۆشان زیاتر گەش بکەن".
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند "دەبێت گەلەکەمان و هێزە دیموکراسیخوازەکان تێکۆشان زیاتر گەش بکەن".
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردسان (کەجەکە) لەبارەى بڕیاری ئەمریکا بۆ دانانى خەڵات بۆ دەستگیرکردنی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە و بزووتنەوەى ئازادی نرخاندنی بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) کرد.
قەرەسوو رایگەیاند، گەلی کورد هەر چۆن ساڵی ١٩٩٨ پیلانگێڕیى سەر رێبەر ئاپۆی پووچ کردەوە، ئەوا ئەم پیلانگێڕییەش پووچ دەکاتەوە.
راشیگەیاند "لە ٢١هەمین ساڵیادى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى دا بڕیاری ئەمریکا لە دژی کادێرە پێشەنگەکان و ئەندامانى بەڕێوەبەریى بزووتنەوەى ئازادیى کورد، بەردەوامیى پیلانگێڕییە. دەبێت مرۆڤ بپرسێت باشە ئەمریکا بە ناوی کێ و بۆ کێ ئەو بڕیارەى دەرکردووە. ئەمریکا بە کام ماف و بیروڕا بڕیارێکى لەو شێوەیەی داوە. یان بە چ پاساوێک بڕیارێکى لەو جۆرەى دەرکردووە؟ بەڕاستى زەحمەتە مرۆڤ لەوە تێبگات. دەبیت ئیتر ئەمریکا ئەوە بزانیت جیهان وەک رۆژئاواى دڕندە بەڕێوەنابرێت. ئەگەر دێوێکى زەبەلاح و مۆتەکەیەک لە گۆڕێ بێت، ئەوە ئەو دێو و مۆتەکەیە کردارەکانى ئەمریکایە. بە هەڵسوکەوت و نزیکایەتییەک، کە پشتبەستوو نییە بەهیچ مافیکى نێونەتەوەیى، هەق، دادپەوەری و ویژدان، ئەو نزیکایەتییە بەرامبەر بە پێشەنگەکانى ئازادیى گەلێک قبوڵ ناکرێن. ئەوە هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد. نەک تەنها هێرشێکە بۆ سەر پەکەکە و نە تەنها هێرشێکە بۆ سەر بزووتنەوەى ئازادیمان.
ئەمریکا وەک تورکیا ناتوانێت بڵێت کورد جیایە، پەکەکە جیایە. ئێمە لەوە تێدەگەین تورکیا بۆ دەڵێت، کورد جیایە، پەکەکە جیایە. ئەوە دەوڵەتێکى پاکتاوکاری قڕکەرە، کە دەیەوێت کورد بسڕێتەوە. ئەگەر ئەمریکا دەڵێت، پەکەکە جیایە و کورد جیایە، ئەوا رێک وەک دەوڵەتى تورک دەبێتە پاکتاوکار و قڕکەر. بە هیچ شێوەیەکیش ئەوە قبوڵ ناکرێت.
بڕیارەکەى ئەمریکا، بڕیارێکە، کە بە تەواوی لە سۆنگەی بەرژوەندیى ئابووری و سیاسیی قێزەونی خۆیەوە دەریکردووە. ئەو بڕیارە هیچ پەیوەندیى بە یاسا و مافەکانى ئەمریکاوە نییە و هیچ پەیوەندیى بە کۆمەڵگەى ئەمریکاوە نییە. ئەو بڕیارە بە تەواوی بە گوێرەى بەرژەوەندیى خۆیی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەهۆی پەیوەندییەکانى خۆی لەگەڵ دەوڵەتى تورک دا داوێتى.
هەر چۆن ساڵی ١٩٩٨ لە دژی رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتیى ئەنجامدا ئێستاش بۆ بەرژەوەندیى خۆی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و بەهۆی پەیوەندییەکانى خۆی لەگەڵ تورکیا بووەتە خاوەن و هەڵگری ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و رەفتارە. ئەستەمە ئێمە ئەوە قبوڵ بکەین. گەلەکەمان پیلانگێڕیى ١٩٩٨ی قبوڵ نەکرد و ئەمەش قبوڵ ناکەین. گەلەکەمان هەر چۆن پیلانگێڕیى ١٩٩٨یان پوچ کردەوە، ئەم پیلانگێڕییەش پووچ دەکەنەوە. دەبێت سەرەتا لەوە تێگبەن و ئەوەیان لێ روون بیت. هەر چۆن مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەى ئەو کاتى ئەمریکا وتبوی، ئێمە چاوەڕێى ئەوە نەبووین، ئێستاش بە هەڵوێستێک کە گەلەکەمان دەیخاتەڕوو، ئەمریکا لەو بڕیارەى پەشیمان دەکاتەوە.
پێشەنگەکانى پەکەکە داعش-یان تێکشکاند
ئەمریکا بەو بڕیارەى نەک تەنها هێرشی کردووەتە سەر گەلی کورد، بەڵکو بەو بڕیارەى هێرشی کردووەتە سەر هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان، هیرشی کردووەتە سەر ویژدانى مرۆڤایەتى. بڕیارێکى لەو شێوەیە هیچ بەهایەکى ئەخلاقی و ویژدانیى نییە. بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، کە ئەوە لە سەدەی ٢١ دا ئەنجام بدرێت. ئەوانەى ئەو بڕیارەیان دەرکردووە بە خۆیان دەڵێن، دیموکرات، باسی جیهانی ئازاد و ئازادی دەکەن، بەڵام لە دژی مەزڵومترین گەلی جیهان، کە لە سەدەى ٢١ دا تێکۆشان بۆ ئازادیى خۆی دەکات، هێرشێکى لەو جۆرە ئەنجام دەدەن. ئەوە بە دڵنیاییەوە هێرشە بۆ سەر گەلی کورد.
پەکەکە چیى کردووە؟ ئەوەى پەکەکە لەم ساڵانەى دوایدا ئەنجامى داوە بە بەرچاوەوەن. تەنانەت لە بڕیارەکەى چەند رۆژی لەوە پێشی دادگای ئەوروپا (دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا)دا باس لە رۆڵی پەکەکە لەم چەند ساڵەى دوایدا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا کراوە. بەڵێ لەم ساڵانەى دوایدا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پەکەکە پێشەنگایەتیى تێکۆشانی دژ بە داعشی بەڕێوەبرد. لەلایەن پێشەنگەکانى پەکەکەوە داعش تێکشکێنرا. فڕۆکە جەنگییەکانى ئەمریکا داعشی تێکنەشکاندووە، بەڵکو داعش بەهۆی ئەوەى ئایدۆلۆژیایەکى زۆر بەهێزی لە بەرامبەر خۆیدا بینی، لەبەر ئەوەى هەڵوێستێکى توندی سیاسیى لە بەرامبەر خۆیدا بینی، لەبەر ئەوەى نزیکایەتیى ئایدۆلۆژیکى ژیانى ئازادی و دیموکراتیکى گەلانى لە بەرامبەر خۆیدا بینی، لەبەر ئەوەى ژیانی دادمەندانەى لە بەرامبەر خۆیدا بینی، تێکشکا.
ئەوەى داعشی تێکشکاند، هێڵی نەتەوەى دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ، هێڵی کۆمەڵگەى دیموکراتیک، پرۆژەى نوێى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بوو، کە پشتبەستووە بە برایەتیى گەلان. ئەمریکا دەڵێت، لە دژی داعش تێدەکۆشێت و لەگەڵ کوردانى رۆژئاوا کە لە دژی داعش لە تێکۆشاندان پەیوەندی دروست دەکات، بەڵام ئەو پەکەکەیە، کە لە شەنگال داعشی تێکشکاند، لە کەرکوک داعشی تێکشکاند، لە مەخمور داعشی تێکشکاند، ئەوەى هەولێری لە داگیرکەریى داعش رزگارکرد و لە کۆبانێ داعشی تێکشکاند، دوژمنایەتیى لەگەڵ دەکات".
با کەس هەوڵی پارچەکردنى کوردان نەدات
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە بەردەوامیى قسەکانیدا باسی لە رۆڵی گەریلاکانى هەپەگە لە سەرفرازیى کۆبانێ دا کرد و وتى "ئەوە قبول ناکرێت بوترێت، ئەوەى لە دژی داعش شەڕی کرد، ئەوەى لە شەنگال، کەرکوک، مەخمور و چیا شەڕی کرد لە یەکتر جیاوازن. ئەوەى ئەو جیاوازییە بکات، دووڕیى دەکات. مرۆڤ نابێت بەو رادەیەش دوو ڕوو بێت. ئەوە نزیکایەتیى هەمەلایەنە و هێرشە بۆ سەر پەکەکە و هێرشە بۆ سەر کوردان و هەوڵی پارچەکردن و دابەشکردنى کوردانە. با کەس نەکەوێتە ناو خەون و خەیاڵی دابەشکردن و پارچەکردنى کوردان. ئەوەی ئەو کارە بکات سوکایەتییە بەرامبەر بە کوردان. خاوەن ئیدعاکان کوردان دابەش دەکەن! پەکەکە دەکەن بە کوردی نازانم کوێ. خاوەن ئیدعا و قسە زلەکان لە رۆژئاوا کورد رووبەڕووی یەکتر دەکەنەوە، خاوەن ئیدعا و قسە زلەکان لە باشوور ئەو کارە دەکەن. ئەوە سوکایەتییە بە کورد. تۆی کێیت کورد رووبەڕووی یەکتر بکەیتەوە. ئەوەى ئێستا بۆ کورد پێویستە ئەوەیە یەکێتییان هەبێت نەک کورد ڕووبەڕووی یەکتر بکرێتەوە. کورد چیى بەسەر هاتبێت بەهۆی پارچەبوونەوە بەسەریدا هاتووە. لەم رۆژگارەدا کە هەلومەرجی شەڕی سێیەمى جیهانی لە گۆڕێدایە، لە کاتێکدا کە بە دواى چەسپاندنی ژیانى ئازاد و پێگەدا دەگەڕێت، پارچەکردنى کوردان دوژمنایەتیکردنە بەرامبەر بە کوردان. لەبەر ئەوەش ئێمە ئەو نزیکایەتییەى ئەمریکا بە توندی ئیدانە دەکەین".
قەرەسوو بانگیشی لە گەلانى ئەمریکا کرد، کە لە دژی ئەو بڕیارە بێئەخلاقانە و بێویژدانانەیە هەڵوێست و کاردانەوەیان هەبێت.
گەلی کورد خۆڕاگری دەکات
قەرەسوو لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئەوەشی وت "بێگومان گەلی کورد لە دژی ئەو بڕیارە خۆڕاگری و بەرخودان دەکات" و هەڵوێستى گەلی کوردی لە ئەوروپا، باشوور، رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵات بەبیرخستەوە و رایگەیاند، ئەو هەڵوێستانە گەشتر و بەهێزتر دەبن.
وتیشی "رەنگە لەسەر ئەو بابەتە پرسیاری ئەوە بکرێت، کە کورد لە رۆژئاوا چی بکات؟ بێگومان لە رۆژئاوا کورد لە دژی ئەو سیاسەتەى ئەمریکا هەڵوێستى خۆی دەخاتەڕوو. نزیکایەتییەکى لەو جۆرە لە دژی بەهێزترین و گەورەترین رێکخستنى کورد بۆ تەنگاوکردن و لاوازکردنى کوردانە. لاوازکردنى کوردان بە مانای تێکشاندن و لەناوبردنی شۆڕشی رۆژئاوایە. هەڵبەت گەلەکەمان لە رۆژئاوا و هێزە سیاسییەکان لە دژی ئەو بڕیارەى ئەمریکا هەڵوێستى خۆیان دەخەنەڕوو. ئەگەر لە دژی ئەو بڕیارەى ئەمریکا هەڵوێست وەرنەگیرێت، ئەوا خۆی لە خۆیدا تێکچوونیان بۆ خۆیان قبوڵ کردووە، بێ هێزییان بۆ خۆیان قبوڵ کردووە، بێ هێزیش تێکچوونە".
قەرەسوو ئەوەشى وت "پێویستە گەلی باشووری کوردستان لە دژی ئەو بڕیارەى ئەمریکا هەڵوێستى خۆی بخاتەڕوو، چونکە هێرشکردنە سەر پەکەکە هێرشکردنە سەر باشووری کوردستانە. ئەگەر ئەمڕۆ باشوور بووەتە خاوەنی دەستکەوت ئەوا پەکەکە گەورەترین رۆڵی لە بەدەستهێنانى ئەو دەستکەوتەدا هەبووە، بۆیە پێویستە پەدەکە، یەنەکە، گۆڕان و هەموو حیزبە کوردییەکان لە دژی ئەو بڕیارە هەڵوێستیان هەبێت. ئێمە بانگ لە حیزبەکانى باشووری کوردستان دەکەین و دەڵێن، دۆست لە رۆژی ئاوادا دەردەکەوێت. دۆستایەتى لەگەڵ پەکەکە و پەیوەندى لەگەڵ پەکەکە لە رۆژێکى وەهادا دەردەکەوێت".
دەبێت تێکۆشان لە دژی ئەو بڕیارە زیاتر گەش بکرێت
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئەوەشى خستەڕوو "تەنها بانگ لە گەلی کورد ناکەین، بەڵکو بانگ لە هەموو مرۆڤایەتیى پێشکەوتوخوازی جیهان و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین، چونکە ئەو بڕیارە هێرشە بۆ سەر مرۆڤایەتى، هێرشە بۆ سەر دیموکراسی. ئەمڕۆ پەکەکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سەرەکیترین هێزی دیموکراسییە. گەلی کورد لە ژێر کاریگەریى پەکەکەدایە. ئەو بڕیارەش دوژمنایەتیکردنى دیموکراسییە".
قەرەسوو باسی ئەوەشیکرد "بەو بڕیارە هێرش دەکەنە سەر بەهێزترین و گەورەترین رێکخستنى دیموکراسی و ئازادیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئەوەش بە مانای پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنى فاشیزمە، بە مانای دژایەتیکردنى دیموکراسی و ئازادییە، بۆیە دەبێت بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستەى ئەمریکا بە بڕیار و هەڵوێستى دژ بە دیموکراسی و ئازادی لێکبدرێتەوە".
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردسان (کەجەکە) لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی "ئێمە بانگ لە ئەمریکا دەکەین، دەستبەرداری نزیکایەتى و هەڵسوکەوتەکانی بۆ پارچەکردنى کوردان بێت. ئەوە ئیتر بووەتە سیاسەتێکى هەرزان، کە لە سەدەی ٢٠ دا ماوەتەوە. بەڵێ گەلی کوردیان لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا پارچە کرد و لە دژی یەکتر شەڕیان پێکردن و خۆیان بەسەرییەوە باڵادەست کرد، بەڵام دەبێت ئیتر دەست لەو سیاسەتانە هەڵگرن. دەبێت کورد لە ژی ئەو سیاسەتانە هەڵوێستى هەبێت. لەو چوارچێوەیەدا بانگمان لە هێزە دیموکراسیخوازەکان ئەوەیە کە تێکۆشان گەشتر بکەن".
ر.م