قەرەیلان: ئەو شەڕە چارەنووسی گەلان یەکلایی دەکاتەوە

قەرەیلان رایگەیاند، لە ٣٦هەمین ساڵیادی هەڵمەتى ١٥ی تەباخ (ئاب) دا قۆناغێکی گرنگیان دەستپێکردووە و راشیگەیاند، "لە کوردستان شەڕێکى مێژوویی روودەدات. ئەو شەڕە داهاتوو و چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە یەکلایی دەکات".

موراد قەرەیلان فەرمانەی ناوەندی پاراستنى گەل (نەپەگە) بەشداری بەرنامەى تایبەتی ستێرک تی ڤی بوو.

قەرەیلان لە سەرەتای وتەکانیدا ٣٦هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخی لە گەلی کورد، گەلانی ناوچەکە، هەموو هاوڕێیان و خەباتکاران پیرۆز کرد و وتی "لە ٣٧هەمین ساڵی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ دا سەرکەوتن بۆ هەموان دەخوازم. لە مێژووی گەلی کورد و تێکۆشانی هەبوون دا هەڵمەتی ١٥ی تەباخ شوێنێکى گرنگی هەیە. ١٥ی تەباخ سەرەتایەکی نوێیە. هەڵمەتێکى مێژوویی هەبوونی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادییە. ئەوانەى ئەو هەڵمەتەیان بەو شێوەیە مانادار کردووە و خاوەن گەورەترین رەنجن تیایدا، رێبەر ئاپۆ و شەهیدانمانن، ئێمە دڵسۆزیی خۆمان جارێکیتر دووبارە دەکەینەوە و سڵاو و رێزی خۆمان پێشکش دەکەین. هەموو شەهیدانی شۆڕشی کوردستان لە کەساەتیی فەرماندەی هێژا هاوڕێ عەگید (مەعسوم کۆرکماز) دا بەرز رادەگرین و سەر لە بەردەم یاد و بیریاندا دادەنەوێنم. ئەو بەڵێن و پەیمانەى بەوانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە، چەکەکەیان لەسەر زەوی نامێتێتەوە و بە دڵنیاییەوە تێکۆشانەکەیان سەردەکەوێت.

لە هەمان کاتدا ساڵیادی شەهادەتی مام زەکی شەنگالی و ئاتاکان ماهیرە. لە کەسایەتیی ئەواندا بە رێزەوە یادی شەهیدانی ئەمدواییە دەکەمەوە و بەڵێنی خۆمان بۆیان دووبارە دەکەینەوە"

موراد قەرەیلان رایگەیاند، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لەسەر هێڵێک تێدەکۆشن، کە هەوڵ دەدەن نوێنەرایەتیی رۆح و ورەی ١٥ی تەباخ بکەن، لەبەر ئەوەش ئەو شەڕە، کە ئەمڕۆ لە حەفتانین روودەدات سەرنجی هەموان رادەکێشێت و ئەنجامی گرنگی ئافراندووە.

'دوژمنی قورسایی خۆی خستووەتە سەر حەفتانین'

موراد قەرەیلان وتی، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو قورسایی خۆی خستووەتە سەر حەفتانین و وتیشی "سەرکەوتنی گەریلا لە ناو خەڵک و میدیاکاندا بڵاودەبێتەوە و دوژمنیش ئەوە دەبینێت. لەبەر ئەوەش قورسایی تەکنیک و تەکنەلۆژیای خۆی، هەواڵگری و هێزە تایبەتەکانی خستووەتە سەر حەفتانین. دەیەوێت لەو رێگەیەوە ئەنجام بەدەست بهێنێت و گەریلا لەوی بکاتە دەرەوە، بەڵام ناتوانێت. بۆ نمونە لە پیربولا، خواستیان بچنە ناو پیربولا ، بەڵام ئەو جارە نەیانتوانی لێ بچنە دەرەوەش. بێگومان من ئەوە بۆ ئەوە ناڵێم کە هێزی گەریلا زۆر گەورە بکرێت و دوژمن لاواز نیشان بدرێت، بەڵام راستی شەڕەکە ئەوەیە و ئەو شەڕە کە لە ٨ی ئاب دا روویدا ئەو راستییەی زۆر زیاتر پیشان داین. ئەگەر رێگا و رێبازی سەردەم و هاوچەرخ بە دروستی و بە باشی لە دژی تەکنەلۆژیای سەردەم بەکار بهێنرێت و ئەگەر ئیرادەی مرۆڤ بە باشی شیکاریی بۆ بکرێت، ئەو کاتە دەتوانرێت شەڕ لە دژی دوژمن بکرێت و سەرکەوتن بە دەست بهێنرێت. ئەوەش جارێکیتر سەلماوەتەوە.

چاوەڕێین شەڕ لە حەفتانین گەرمتر ببێت

بێگومان دوژمنیش دەیەوێت هەندێک شتی پێچەوانە بکات. ئەمڕۆ هێڵی پیربولا بە چڕی بۆردومان کرا. لەبەر ئەوە لەوێ زیانی زۆریان پێگەیشتووە، خولوسی ئاکار لەگەڵ چەند جەنەڕاڵێک و فەرماندە پلە باڵاکاندا چووە بۆ ئەوێ. خواستیان ورە بە هێزەکانیان لەوێ بدەن. ئەگەری ئەوەش هەیە پلانەکەشیان بگۆڕن. چاوەڕێ کراوە کە هێرشەکانیان بە تەکنەلۆژیای جەنگی زیاتر بکەن. ئەگەری ئەوە هەیە 'هێزە تایبەت و دەستەبژێرەکانیان' زۆر زیاتر بدەنە پێش. بە کورتی ئێمە چاوەڕێین، کە شەڕ لە حەفتانی زۆر گەرمتر ببێت.

'کەموکورتییەکان چارەسەر بکرێن، کەس ناتوانێت لە بەردەم گەریلادا راوەستێت'

موراد قەرەیلان رایگەیاند، گەریلاکانی حەفتانین گەریلاکانی سەردەمن و وتی "بێگومان ئەو تێکۆشانە ئەنجامی دەبێت، بەڵام لە ئێستادا بۆ ئەم ساتە ناتوانین بڵێین، هەڤاڵانی حەفتانین بە تەواوی بێ کەموکوڕین. نا. هەڤاڵان تاوەکو ئاستێک هێڵی گەریلایی سەردەمیان بەجێهێناوە، بەڵام کەموکوڕیش هەیە و ئێستا لەسەر ئەو کەموکوڕییانە رادەوەستن. ئێمە لەو بڕوایەداین، ئەگەر هەڤاڵان کەموکوڕێ لە گۆڕێ نەهێڵێن، ئەوا کەس ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلادا راوەستێت. راستییەکە ئەوەیە. یانی بەکارهێنانی ناوچەکە بەشێوەکى بەهێز، گرتنەبەری شێوازێکى راست و دروستی ئافرێنەرانە لە جموجوڵ دا دەبێتە هۆی ئەوە گەریلا هەرگیز تێکنەشکێت و سەرکەوتن بئافرێنێت".

'بۆ دوژمن سەندرۆمی حەفتانین دەستیپێکردووە'

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە سەرنجی خستەسەر دۆخی سەربازانی تورک لە حەفتانین و وتی "هەر چۆن پێشتر تووشی سەندرۆمی نسێبین بوون، ئێستاش بۆ دوژمن سەندرۆمی حەفتانین دەستیپێکردووە. هەندێک لەسەربازانی دوژمن پەنجەی خۆیان، هەندێکیان باڵی خۆیان دەشکێنن بۆ ئەوەى لە بەرەی شەڕ بکشێنەوە، چونکە ترساون و نیگەرانن. فەرماندەکانیان بە بەردەوامی پێیان دەڵێن، 'ئێمە ئەم کارە ئەمڕۆ یان سبەی تەواو دەکەین'، بەڵام ئەوە بوو بە ٢ مانگ و هەموو رۆژێک شەڕ روودەدات و هەموو رۆژێک دەکوژرێن. هەروەها ناتوانن وەڵامدەری پێداویستیەیە بنەڕەتییەکانی ژیانی سەربازەکانیان و ئەو کۆنترایانەی هێناویانن بۆ شەڕە. دۆخەکەش بەمجۆرەیە: ئەوان لەسەر شاخەکانن، بەڵام لەو شوێنانەدا سەرچاوەی ئاو نییە. ئاو لە خوارەوەیە، ئەوانیش ناتوانن بچنە خوارەوە و لە ژێرەوە ئاو ببەن بۆ سەرەوە. لەبەر ئەوە ئاو بە کۆپتەر لە باکوورەوە دەهێنن. لەبەر ئەوەى گەریلا جار جار گورز لە کۆپتەرەکان دەدات، کۆپتەرەکانیش ناتوانن بە بەردەوامی بە ئاسمانەوە بن و هاتوچۆ بکەن. بۆ نمونە، ترس لە بەرچاو دەگرێت و هەر وەک ئەوەى بڕوات بۆ چالاکییەک هاتوچۆ دەکات. بۆ نمونە لەو شەڕەدا کە ئێستا باسم کرد، گورز لە ٢ کۆپتەری کۆبرا درا. بێگومان تاوەکو ئێستا گورز لە ژمارەیەکى زۆر کۆپتەر دراوە، ئەو کۆپتەرانەی گورزیان بەردەکەوێت خێرا دەیان نیشێننەوە و بەو شێویە رێگە لە کەوتنە خوارەوەیان دەگرن. رەنگە بەهۆی ئەو رێوشوێنانەوە رێگە لە کەوتنەخوارەوەیان بگرن، بەڵام گورزیان بەردەکەوێت و هەندێک لەوانەى لە ناو کۆپتەرەکاندا دەکوژرێن. بە کورتی و لەبەر ئەوەى هەموو کات ناتوانن بە کۆپتەر ئاو بگوێزنەوە، رۆژانە یەک لیتر و نیو (١.٥) بە یەک کەسیان دەدرێت. بێگومان لەبەر ئەوەى هەوا گەرمە ئەو ئاوە بەش ناکات. هەروەها خواردن بەشیان ناکات. ئێستا لە زۆرێک لە ناوچەکاندا کێشەى خواردنیشیان هەیە. یانی هەموو رۆژێک بۆ ئۆپراسیۆن فەرمانیان پێدەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەى گەریلا گورزیان لێدەدەن، ناتوانن لە ناوچەکەدا سەربەستانە بجوڵێنەوە و ئاویان دەست بکەوێت. لە دۆخی ئێستادا لە قەیراندان. هەندێکیان دەستیان لەکار کێشاوەیتەوە. هەروەها دەوترێت، لە ناو سەربازەکان و جاشەکانیشدا ناکۆکی روودەدات".

'دەبێت بۆ هەموو هێرشێک ئامادە بین'

موراد قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، نابێت کەس بەهۆی ئەو زانیارییانەوە خەمسارد و کەمتەرخەم بێت و دوژمن بە بچووک سەیر بکات، چونکە لەشەڕداین.

موراد قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئەوەشی وت "دوژمنان شپرزە بوە. بە بنبەست گەیشتووە. ئەوەتا خولوسی ئاکار هات. دیارە دەیەوێت هێزەکەى بگۆڕێت. خواستویەتی خۆی دۆخەکە ببینێت. هات و بینینیی. ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک گۆڕانکاری بکەن، بەڵام گەریلاش بەپێی ئەوە ئامادەکاریی خۆی دەکات. پێویستە گەریلا ئامادە بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەموو شێوازێکى هێرشی دوژمن. لەبەر ئەوە ئێمە لە چوارچێوەى جدیەتێکى گەورەدا نزیک دەبینەوە و دەجوڵێینەوە. ئێمە دەمانەوێت بەو شێوەیە ئەنجام بەدەست بهێنین. ئێمە بۆ ماوەیەکى کورد نزیک نابینەوە و کار ناکەین، پلان و شێوازی ئێمە درێژخایەنە. ئەوە بە تاکتیک سەیر ناکەین، بەڵکو بە شێوەیەکى ستراتیژی لێکدانەوەى بۆ دەکەین. ئەگەر نزیکایەتیی بەو شێوەیە بێت، ئێمە ئەنجام بەدەست دەهێنین و لە شەڕدا سەردەکەوین".

'هێڵی خیانەت بەکار دەهێنن'

موراد قەرەیلان سەرنجی خستەسەر بەکارهێنانی جاش و جەردەوانەکان لەو هێرشەدا و وتی "پەندێکی پێشینانمان هەیە دەڵێت 'ئەر دار کرمی لە خۆی نەبێت ناڕزێت' روونە یەکێک لەو هێزانە کە باش لەو پەندەی پێشینان تێدەگات دەوڵەتی تورکە. لە مێژووشماندا دۆخەکە هەمیشە بەو شێوەیە بووە. راپەڕین و سەرهەڵدانەکانی هەموو کوردان لەسەر دەستی خودی کوردان تێکشکێنراون و لە ناو براون. یانی کورد بەکارهێنراون. لە کوردستان هەموو کات هێڵی بەرخودان هەبووە، بەڵام هاوکات هێڵی خۆبەدەستەوەدان و خیانەتیش هەبووە. بە داخەوە ئەگەر گەلی کورد تاوەکو ئێستا بە دیلکراوی ماوەتەوە، هۆکارە بنەڕەتییەکەى ئەوەیە. بۆیە دوژمن ئێستاش کوردان بەکار دەهێنێت. بەوانە دەڵێن، جەردەوان (جاش). بێگومان هەموو جەردەوانەکان نا، لە ناو جەردەوانەکانیشدا چاوپۆشیکردن هەیە، ئەوانەى خۆیان فرۆشتووە بوونەتە کۆنترا، یانی بۆ پارە دەتوانن لە دژی گەل و داهاتو و چارەنووس شەڕ بکەن و ئەوانە دەخەنە بەرامبەر گەریلا. ئێمە دەبیستین، لە حەفتانین کاتێک دەست بە جموجوڵ دەکەن، ئەوان دەدەنە بەرخۆیان. گەلۆ ئاخۆ کورد هەموو کات وەک چاوساغ و پێشڕەو دەخەنە پێش سەربازانی تورکەوە؟ لەبەر ئەوەى ئەو کوردانە بۆ دۆزینەوەى و تەقاندنەوەى مین و ئەڵغامەکان پیایاندا دەدەنە بەرخۆیان، بێگومان ئەوە برینی کوردانە. نەک تەنها لە باکوور، بەڵکو دەیانەوێت ئەوەش لە باشوور بۆ خۆیان دروست بکەن. لە ژێر ناوی 'گوندەکەى خۆت بپارێزە، پارەت پێدەدرێت' ئەو کارە دەکەن. ئەو پارەیە لە کوێوە دێت؟ تورک ئەو پارەیە دەدات. یانی سیاسەتی وەستانەوەى کورد لە بەرامبەر کورد بەڕێوەدەبەن.

'دەبێت کورد بە دەستی کورد نەکوژرێت'

کاتێک ئێمە ئەوە دەبینین: ئێمە لە سەدەی ٢١ داین. ئیدی بەسە. هەتا کەی بەو شێوەیە بێت. دەبێت کورد بە دەستی کورد نەکوژرێت. ئێمە نامانەوێت لە هیچ شوێنێکدا رووی چەکمان لە هیچ کوردێک بکەین. ئێمە نامانەوێت لە دژی جەردەوانەکان شەڕ بکەین، بەڵام دەبێت جەردەوانەکانیش هێرش نەکەنە سەر گەریلا. ئێمە بڵێن، لە دەورووبەری گوندەکەى خۆتان پاسەوانی دەکەن، بەڵام کارتان بە حەفتانینەوە چییە؟ دوژمن بۆ چی هاتووە بۆ حەفتانین؟ بۆ ئەوەى کورد لە رەگەوە دەربهێنێت. لە میدیاکانیشدا بڵاوکرایەوە، هەروەها لە میدیاکانی باشووریشدا بڵاوکرایەوە، ئەگەر حەفتانین داگیربکرایە دوای ئەوە سەرەی مەتینا دەهات. بەپێی ئەوان حەفتانین لە ماوەى ٣ رۆژدا کۆتایی پێدەهات و دواتر روویان لە مەتینا دەکرد و دواى ئەوەش روویان لە ناوچەکانی تر دەکرد و ناوچەى تامپۆن و پشتێنەى ئەمنییان بۆ خۆیان دروستدەکرد. ئێمە پێشتریش وتبومان، ئەوان دەیانەوێت لە باشووری کوردستان پشتێنەى ئەمنی دروست بکەن و داگیری بکەن، بەڵام ئێستا لە حەفتانین گیریان خواردووە.  

'ئێمە دەمانەوێت پێشمەرگە لە تەنیشتی خۆماندا ببینین'

ئەوە بەرخودانێکى نەتەوەییە. بۆ هەموو کوردانە. پێش هەموو شتێک بۆ باشووری کوردستانە. دەبێت گەلەکەمان لە باشووری کوردستان ئەو راستییە ببینێت. دامەزراوە و دام و دەزگاکانی باشوور، بۆ نمونە ئەگەر پەرلەمان دەیەوێت پرۆژەیەک بخاتەڕوو و پەسەندی بکات، دەبێت سەرەتا ئەو راستییە ببینن. ئەمڕۆ لێرە بەرژەوەندیی گەلی کورد دەپارێزرێت. لە دژی ئەو داگیرکەرە دڕندەیە، کە دەیەوێت خۆی بە سنوورەکانی میساقی میللی بگەیەنێت، ئێمە بە رێبازی فیداییانە بەرەنگاری دەکەین. چاوەڕوانیمان ئەوەیە، کە گەلەکەمان بەشداری ئەو تێکۆشانە بێت. دەبێت پێشمەرگەش بەشدار بێت. ئێمە دەمانەوێت پێشمەرگە لە تەنیشت خۆماندا ببینین. دەبێت گەنجان بێن و بەشدار بن. ئەگەر ناتوانن بێن، هەر هیچ نەبێت بۆ تێکنەشکاندنی ئەو بەرخودانە، دەبێت پشتیوانی بکەن. لە بەرامبەر ئەو فیدایانەدا کە لە دژی ئەو هەموو تەکنەلۆژیا زەوەندەیە بەرەنگاری دەکەن، لە پێش هەموو شتێکەوە ویژدان پێویستە. لە لایەکەوە ئەوەندە تۆپ، تانک و فڕۆکە لە دەستی ئەو دەوڵەتە دڕەندەدایە، لەلایەکی ترەوە تەنها چەکی خۆمان لە دەستی خۆماندایە. ئێمە بەو شێوەیە شەڕ دەکەین. دەبێت بزانین، کە ئەو شەڕە بۆ گەلی کوردە، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو هاوکات بۆ گەلانی ناوچەکەیە.

'بە ناوی گەلانی ناوچەکەوە'

ئەگەر ئێمە ئەو دوژمنە لێرە تێکنەشکێنین، ئەوا هێرشیش دەکەنە سەر عەرەبەکان، هێرشیش دەکەنە سەر گەلانی تری ناوچەکە. بە کورتی ئەو شەڕە شەڕێکى بەو جۆرەیە، کە لە دژی دوژمنی دڕندە و فاشیست بە ناوی گەلانی ناوچەکەوە بەڕێوەدەچێت. ئەو شەڕە شەڕی ئیرادەبوونی گەلی کورد و گەلانە. دەبێت ئەوە ببینین. پێویستە کەس دوژمنایەتیی ئەوە نەکات".

'بۆ پارە خیانەت لە گەلی خۆتان مەکەن'

موراد قەرەیلان جارێکیتر هۆشداریی دا و وتی "ئێمە ئەو بانگەوازە کە ماوەیەک لەوە پێش هەڤاڵانمان بڵاویانکردەوە دووبارە دەکەینەوە؛ چ لە باکوور بێت، چ لە باشوور بێت، دەبێت هیچ کەسێک بە پلان و تەڵەکەى داگیرکەریی تورک فریونەخوات، کەس بۆ پارە خیانەت لە گەلی خۆی نەکات و چەک بۆ دوژمن هەڵنەگرێت. دەبێت کەس لە دژی گەریلا، کە شەڕێکى پیرۆز بەڕیوە دەبات نەوەستێتەوە. لەبەر ئەوە ئێمە داوا لە هەموان دەکەین، کە بەشداری لەو ئۆپراسیۆنەدا نەکەن. بێگومان دەبێت بەشداری ئۆپراسیۆن نەبن، یانی دەبێت هەرگیزاوهەرگیز بەشداری ئۆپراسیۆنەکان بۆ سەر باشوور و رۆژئاوا نەبن. ئەوە خیانەتە و بەو شێوەیە نابێت. ئەگەر بەشدار بن هەر وەک هەڤاڵێکى ژن لە حەفتانین وتی 'کێ رووبەڕووی گەریلا ببێتەوە ئێمە لێی دەدەین'. بێگومان لێی دەدەن. ئێمە لەو بڕوایەداین کە جەردەوان و کەسانی خاوەن قسە بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک، کە بەرامبەر بە کورد دەستیپێکردووە و کورد دەکوژێت دەوەستنەوە و ئەو سیاسەتە دڕندانەیەی دوژمن پوچ دەکەنەوە. هەمان ئەو قسانەش بۆ باشووری کوردستان دەکەین. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە ئەو شەڕە شەڕی پاراستنی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانە. دوژمن ئێمە خستووەتە یەک ریزەوە. هەر جارەو هێرش دەکاتە سەر ناوچەیەک و دەیەوێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە ئەو دوژمنە تێکدەشکێنین. ئەوان لە خاکی باشووردا تێکدەشکێن. بڕیار و پێداگریی گەریلا لەو بابەتەدا لە حەفتانین ئاشکرا و روون بوو".

'راپۆرتەکەى سی پی تی دەستی گەلی کوردی بەهێز کرد'

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى نەپەگە لە بەردەوامیی وتەکانیدا لەبارەى راپۆرتەکەى ئەمدواییەى کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی) لەسەر گۆشەگیری لە ئیمراڵی وتی، "بە ترس و نیگەرانیشەوە بێت لە راپۆرتەکەدا دان بە هەندێک راستیدا نراوە، ئەو خاڵانەى دەستنیشان کراون گرنگن. ئەوەى سی پی تی وتویەتی، چەندین ساڵە ئێمە دەیڵێین، ئەوەش چییە؟ لە ئیمراڵی گۆشەگیری هەیە و ئەو گۆشەگیرییە ئەشکەنجەیە. لەوێ بێ مافی هەیە، نادادپەروەری هەیە، بێ ئەخلاقی هەیە. ئەوەى لەوێ روودەدات لە یاساکانی تورکیا و هیچ وڵاتێکی تردا نییە. بەپێی یاساکانی تورکیاش زیندانیان هەندێک مافیان هەیە. مافی ئەوەى هەیە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەى خۆیاندا ئەنجام بدەن، مافی ئەوەى هەیە تەلەفون بەکاربهێنێت و قسەى پێ بکات، بەڵام کام یەک لەوانە ئەمڕۆ لە ئیمراڵی کاری پێدەکرێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوە گەردونییەکان گۆشەگیری وەک ئەشکەنجە دەناسێنن و ئەوە ئەشکەنجەیەکى دەروونییە.

بە کورتی ئێستا لە ئیمراڵی ئەشکەنجە هەیە و سی پی تی لە دوایی دوایدا ئەوەى دەستنیشان کرد و سەلماندی. پێشتر بابەتی هاوشێوەیان وتبوو، بەڵام چاودێری ناکەن و بە دوایدا ناچن. قورسایی خۆیانی ناخەنەسەر. لە راستیدا دەبێت دەوڵەتەکانیش چاودێری بکەن و بە دوایدا بچن. ئەو دەوڵەتانەى بەشداری پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بوون، هەموویان لە دۆخی ئەوێ بەرپرسیارن. ئێمە داوایان لێدەکەین، خاوەنداری لە بەرپرسیارییە مرۆییەکانی خۆیان بکەن. لەوێ شتی بەدەر لە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن. لەوێ مرۆڤایەتی پێشێل دەکرێت و مافەکان پێشێل دەکرێن. بەپێی سەلماندنەکەى سی پی تی، دەبێت بە تایبەتی لەسەر ئەو بابەتانە راوەستن. بێگومان بۆ ئەوەش تێکۆشان پێویستە".

موراد قەرەیلان باسی ئەوەشیکرد، ئەو راگەیاندراو و راپۆرتە دەستی گەلی وڵاتپارێز لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەى وڵات بەهێز کردووە و وتی "دەبێت زۆر بەهێزتر تێکۆشان بەڕێوەبچێت. دەبێت هەمومان لە دژی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی تێکۆشانی بەهێز بکەین".

'شەڕی کوردستان داهاتوو و چارەنوسی گەلان دیاری دەکات'

موراد قەرەیلان لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند، لە ٣٦هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ دا ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و راشیگەیاند "لە کوردستان شەڕێکى مێژوویی بەڕێوەدەچێت. ئەو شەڕە چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە یەکلایی دەکاتەوە. ئەو شەڕە شەڕێکى مێژوییە. بۆ گەلی کورد، گەلی تورک و گەلانی ناوچەکەش، بۆ ئەوەى لە ژێر چەپۆکەى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەدا رزگار بکرێن، تێکۆشانی ئیمە گەورەتر دەکرێت. دەبێت هەر کەس لەوە تێبگات و ئەوە بزانێت. لەسەر ئەو بنەمایە ئیمە داوا لە وڵاتپارێزان و دیموکراتەکان دەکەین، کە ٣٧هەمین ساڵدا زۆر زیاتر و باشتر بەشداری ئەو تێکۆشانە ببن و پشتیوانیی لێ بکەن.

داوامان لە گەنجانی کوردیش ئەوەیە، بۆ ئەوەی ٣٧هەمین ساڵ ببێتە ساڵی گەورەکردنی بەرخودان، بۆ ئەوەى ئەو رێپێوانە ببێتە رێپێوانی ئازادیی گەلی کورد و رێبەر ئاپۆ، دەبێت بەشدار ببن. دەبێت بەشداری ریزەکانى گەریلا ببن، بەشداری تێکۆشان ببن. دەرفەتی ئەوە هەیە، کە ئەو ساڵە بکەین بە ساڵی تێکۆشانی گەورە. دوژمن لە قەیراندایە، بناغەى بەڕێوەبردنی تێکۆشان ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لەبارتر و گونجاوترە. بە بەهێزکردنی تێکۆشان دەتوانین سەر بکەوین. بەو بیرو بڕوایەوە من جارێکیتر جەژنی ژیانەوە لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم و لە ساڵی ٣٧ی تێکۆشاندا سەرکەوتن بۆ هەموان دەخوازم".

ژ.ت