قەرەیلان: ئەڵمانیا و کەنەدا لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدەن

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە باسی لە پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا و کەنەدا بۆ دروستکردنی فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەری تورکیا کرد و وتی، ئەو دوو وڵاتە بەرپرسن لەو کۆمەڵکوژییانە، کە دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان ئەنجامیان دەدات.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە لە رادیۆ دەنگی وڵات لەبارەى پێشهاتەکانی ئێستای کوردستان و ناوچەکەوە قسەى کرد.

رژێمی ئاکەپە بە بنبەست گەیشتووە

قەرەیلان لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی خستەسەر سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە لیبیا، سوریا، عێراق، دەریای سپی و کوردستان و رایگەیاند، لەو خەیاڵەدایە، کە گوایە دەتوانێت بەو شێوەیە خۆی لەسەر پێ رابگرێت و بمێنێتەوە.

قەرەیلان رایگەیاند، قەیران و شەڕ بۆ دەوڵەتی تورک بووەتە رێبازێکى سیاسەت و وتی "بەڵام ئێمە دەبینین، کە سیاسەتەکانیان لە لیبیا بە بنبەست گەیشتووە. لە سوریا لەبەر ئەوەى چارەسەرێک لە گۆڕێدا نییە، دۆخەکە نادیارە. هەروەها لە دەریای سپی و یونانیش لە دۆخی بنبەستیدایە. چونکە هەموو دەوڵەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە دژی وەستاونەتەوە. لەبەر ئەوە بە بنبەست گەیشتووە. یانی ئەو هەوڵانەى دەوڵەتى تورک ناتوانێت رژێمی ئاکەپە – مەهەپە لە هەڵوەشان رزگار بکات".

لەسەر جوگرافیای کوردستاندا گەمەیەکی قوڵ بەڕێوەدەچێت

قەرەیلان لەبارەی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ ئەو هەوڵە داگیرکەرییەى دەوڵەتی تورک سەرنجی خستەسەر راگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە و وتی "لەو راگەیاندراوەدا خاڵی دەستنیشانکراوی گرنگ هەیە. هەم هۆشدارین و هەم بانگەوازن بۆ چارەسەری. یانی ئەو دۆخەى کە ئێستا لە گۆڕێدایە شیکاریی بۆ کراوە و رێگاچارەشی بۆ دەستنیشان کراوە، بەڵام بەڕێوەبەرانی پەدەکە تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو راگەیاندراوەیان نەداوەتەوە. ئێمە چاوەڕێی وەڵامین".

موراد قەرەیلان باسی ئەوەی کرد، کە کێشەکان گرنگ و جدین و وتی "لەسەر جوگرافیای کوردستان گەمەی قوڵ بەڕێوەدەچێت. یانی ئەو بابەتە شتێکی وا سادە و ئاسایی نییە. باشە ئەوەى کێشەکانی نێوان کوردان قوڵ و قورس دەکاتەوە و رێگرە لە بەردەم چارەسەریی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشێک نییە لەو سیاسەتە قوڵە؟ یانی دەبێت بەرفراوانتر لێکبدرێتەوە. دەبێت نزیکایەتیی تاکتیکی نەکرێت. پێویستی بە نزیکایەتیی ستراتیژییانە هەیە.

ئەگەر ئەو هەوڵانە بەردەامییان پێبدرێت کەس ناتوانێت لە ژێر باری گوناهەکەى دەرچێت

گرنگە بەڕێوەبەریی پەدەکە بیر لەو بابەتانە بکاتەوە. لەم کاتە مێژوویییە گرنگەدا، کە کورد بە ئیدعا و بانگەشەیەکى گەورە چووەتە سەر تەختە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، دۆخێکی زۆر جدییە، کە پەدەکە ببێتە بەشێک لە پلانەکانی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە و هاوکاریی دەوڵەتى تورک بکات. هەر وەک خواجە نەسرەدین دەڵێت؛ ئەوە برینی گولی و داری گولییە، بۆیە سیاسەتی بەو شێوەیە راست و دروست نییە. ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پەدەکە شتی زۆر مەترسیدار بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو سیاسەتە وەک سیاسەتی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە، کە نە ئێمە و نە گەلەکەمان نایەوێت بڵاو ببێتەوە و و رووبدات. یانی زەمینە و بوار بۆ شەڕی ناوخۆ دەرەخسێنێت. ئەوە زۆر مەترسیدارە. ئەوە دەبێتە هۆی چی؟ هەر چۆن گەلەکەمان سەدەی ٢٠ی لە دەستچوو و دۆڕا، ئەو سیاسەتەی ئیستای پەدەکە دەبێتە هۆی ئەوە، گەلەکەمان سەدەی ٢١یشی لە دەست بچێت و لە ئاستێکى ستراتیژیکدا بدۆڕێت. بۆیە دەبێت هەموو کەس لەو بابەتەدا بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە. ئەگەر لە هەڵەدا بەردەوام بن بێگومان کەس ناتوانێت لە ژێر باری گوناهەکەى دەربچێت. بۆیە پێویستە بە دڵنیاییەوە رێگری لەوە بکرێت. چونکە ئەو دۆخە هەم ئەنجامی خراپ لەگەڵ خۆی دەهێنێت و هەمیش هەموو کورد دەدۆڕێت. یانی تەنها کێشەی نێوان دوو حیزب نییە، بەڵکو کێشەیەکە پەیوەندیی بە هەموو کوردستانەوە هەیە و پەیوەندیی بە داهاتوو و چارەنووسی گەلی کوردەوە هەیە.

ئەگەر کوردێک کوردێک بکوژێت ئەوە زۆر هەڵەیە و شتیکی زۆر خراپە، بەڵام ئەگەر کوردێک سیخوڕی بۆ دوژمنی کوردێکی تر بکات و بە دەستی ئەو بکوژرێت، ئەوە زۆر خراپترە و ئەوە رێبازێکى مەردانە نییە. بۆیە دەبێت پێشی لێ بگیردرێت و رابوەستێنرێت".

هەڵوێستی گەلی باشوور هەڵوێستیکى هێژایە

قەرەیلان لەبارەی هەڵوێستی گەلی باشووری کوردستانەوە وتی "گەلی باشووری کوردستان و هەموو گەلی کوردستانمان لە بابەتی نەتەوەیی لەمشێوەیەدا زۆر هەستیارن. بە تایبەتی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان باجی زۆری داوە و ئازاری شەڕی ناخۆیی زۆر کێشاوە. یانی گەلێکی فیداکارە و بە دوای چارەسەریدا دەگەڕێت. بەو بۆنەیەوە سڵاو لە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دەکەین. لە راستیدا، هەڵوێستی خۆیان لە ئاستی عەشیرەتەکان و لە ئاستی پێشەنگە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییەکاندا دەخەنەڕوو و ئەوەش هەڵوێستێکى هێژایە".

قەرەیلان لە چوارچێوەى ئەو هەڵوێستە وڵاتپارێزی و نەتەوەییەدا هەڵوێستی مامۆستا خالید عەبدولڕەحمان مامۆستای گوندی کانی مەزن و زوبێر حالی بە نمونە هێنایەوە.

دەوڵەتە رۆژئاواییەکان تەکنەلۆژیای فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکان بە دەوڵەتی تورک دەدەن

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە لە شەڕی داگیرکەری و پاکتاوکاریی دەوڵەتی تورکدا باسی لە پشتیوانیی دەوڵەتە رۆژئاواییەکان لە دەوڵەتى تورک کرد وتی "لە سەرەتای تێکۆشانمانەوە، بزووتنەوەکەمان تەنها لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ ناکات، چونکە هەموو کات ناتۆ لە پشت دەوڵەتی تورک بووە و ئێستاش لە پشتێتی. ئیستا ناتۆ بە زۆری لە رێگەی گلادیۆکانیەوە پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکات. یانی دەوڵەتی تورک لە دژی ئێمە هەموو کات لە دەرەوە پشتیوانیی و یارمەتیی وەرگرتووە. ئێستاش هەندێک بەڵگە لە میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە و هەندێک بابەتیش لە پەرلەمانی ئەڵمانیا باسیان لەسەر کراوە، کە ئیدی شتێک نەماوە دەوڵەتی تورک بتوانێت بیشارێتەوە، دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای دەوڵەتانی ئەڵمانیا و کەنەدا و هەندێک کۆمپانیای بەریتانیا و ئەمریکا فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی دروستکردووە، چونکە دەوڵەتی تورک تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە خۆی بۆ خۆی مولیدەیەکیش دروست بکات".

ئەڵمانیا و کەنەدا لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارن، کە دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان ئەنجامیان دەدات

قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، ئەڵمانیا لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارە، کە بە تانکی لیۆپارد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر لە کوردستاندا ئەنجامدراون و وتی "کەنەداش دەستبەکار بووە. کەنەداش لەو کۆمەڵکوژییانە بەرپرسیارە. یانی ئەو دەوڵەتانە بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژییانە، کە دەوڵەتی تورک لە رێگەى ئەو چەکانەوە لە کوردستان ئەنجامی دەدات. ئێمە دەمانەوێت بە تایبەتی ئەوە بە ئەڵمانیا بڵێین، ئیدی ئەو دوژمنایەتیەتە بەرامبەر بەکوردان بەسە! ئیدی دوژمنایەتیی گەلی کورد مەکە. لە هەڵەبجە هەزاران مرۆڤی کورد کۆمەڵکوژکران، دواتر ئاشکرا بوو، کە سەدام تەکنەلۆژیا و غازە کیمیاوییەکانی لە ئەڵمانیاوە پێدراوە. سەدامی ئەم سەردەمە ئەردۆغانە. ئێستاش دەیدەن بە ئەردۆغان. باشە ئەڵمانیا چ هەق و مافێکى هەیە، کە بەشداری لە کۆمەڵکوژیی فاشیستییانەدا بکات دژی گەلی کورد!. ئەوەى ئەڵمانیا دەیکات ناهەقییەکى زۆر گەورەیە لە دژی گەلی کورد. ئەوە زوڵمە. بۆ پارە و بۆ بەرژەوەندیی ئیمپریالیستانە، هەر وەک چۆن رێگاتان بە سەدام دا بەو شێوەیەش رێگا بە رژێمەکەى ئەردۆغان دەدەن گەلەکەمان کوشتار بکات. ئەوەى ئەمڕۆ بەڕیوەدەچێت بەو شێوەیەیە. بۆیە بەرخودانی گەل و بزووتنەوەکەمان زۆر واتادارە، چونکە لە دژی گەلەکەمان سیاسەتی خۆسەپاندنی باڵادەستی و هەژمونگەرایی نێونەتەوەی بەڕێوەدەچێت و ئێمەش لە دژی ئەوە بەرەنگاری دەکەین".  

لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە لە کۆتایی وتەکانیدا باسی لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان کرد و وتی "داگیرکەریی تورک، رژێمی ئاکەپە – مەهەپە دەیانەوێت لە رێگەی کۆرۆناوە گەل بترسێنن و لە ناو ماڵەکانیاندا دیلیان بکەن. لەبەر ئەوەش رێگا نادات گەل چالاکی ئەنجام بدەن، رێگا نادات کۆبونەوە، میتینگ و ناڕەزایەتی بەڕێوەببەن، چونکە دەیانەوێت درێژە بەو کردەوە ناهەقیانە و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بدەن. یانی رژێمی ئاکەپە – مەهەپە نەخۆشیی کۆرۆنای بە شێوەیەکى زۆر خراپ بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت. دەبێت رێگا بەوە نەدرێت و ئەو پاساوە قبوڵ نەکرێت. پێویستە هیچ کەسێک لە بەرامبەر کردەوەکانی رژێمی فاشیستی دا بێدەنگ نەبێت. دەبێت چالاکی ئەنجام بدرێن، رێگری قبوڵ نەکرێت و دوژمن تەنگاو بکرێت. پێویستە لەو بوارەدا هەموو مرۆڤەکانمان بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە".

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، سەرباری ئەوەش بابەتێکی گرنگ ئەوەیە، کە دەبێت هەموو کەس لە دژی ئەو نەخۆشییە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و وتی "ئێمە دەبینین گەلەکەمان لە دژی ئەو نەخۆشییە رێوشوێنی پێویست ناگرێتە بەر. ئەوە دەبینرێت لە باکووری کورستان و لە ررژهەڵاتی کوردستاندا چی بەسەر گەلەکەماندا بێت نابێتە خەمی دەوڵەتەکان، بۆیە دەبێت گەلەکەمان خۆی خۆی بپارێزێت و رێوشوێن بگرێتە بەر. لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەبێت گەلەکەمان بە سیستمی خۆبەڕێوەبەری و خۆسەریی خۆیان و بەپێی تواناکانی خۆیان رێوشوێن بگرنە بەر، بە تایبەت لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەوڵەتە سەر دەستەکان گوێ بە گەلەکەمان نادەن. ئێستا نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە. دەبێت گەلەکەمان خۆی لە دژی ئەو نەخۆشییە بپارێزێت. دەبێت گوێ لە رێوشوێنەکان بگرن و خۆیانی لێ بپارێزن، کەمامە بەکار بهێنن، پاکوخاوێنی رەچاوبکەن و خۆبپارێزن لە بەریەککەوتن و هەموو کەس رێوشوێن بگرێتە بەر و خۆی بپارێزێت. یانی دەبێت ئێمە خۆمان خۆمان بپارێزین".

قەرەیلان ئەوەشی وت "بۆ ئەوەى گەلەکەمان بتوانێت لە دژی داگیرکەری تێبکۆشێت و خۆی بەڕێوە ببات دەبێت تەندروستیی خۆی بپارێزێت، دەبێت هاوکاتیش لە دژی کردەوەکانی دوژمن بێدەنگ نەبێت و بە دڵنیاییەوە چالاکی ئەنجام بدەن".

ژ.ت