قەیومەکانى ئاکەپە سروستیش کۆمەڵکوژ دەکەن
ئاکەپە کەسێکى خۆى کرد بە قەیومى شارەوانیى بەدلیس و لەو رێگەوە دەستى بەسەر ئەو شارەوانییەدا گرت. ئێستا بە پاساوی دروستکردنى رێگا هەزاران داری هەڵکەند و بڕییەوە و بەوشێوەیە سروشتیش کۆمەڵکوژ دەکات.
ئاکەپە کەسێکى خۆى کرد بە قەیومى شارەوانیى بەدلیس و لەو رێگەوە دەستى بەسەر ئەو شارەوانییەدا گرت. ئێستا بە پاساوی دروستکردنى رێگا هەزاران داری هەڵکەند و بڕییەوە و بەوشێوەیە سروشتیش کۆمەڵکوژ دەکات.
بەدلیس ناوبانگی بە ئاوەدانیى مێژوویى و سروشتى دەوڵەمەند و کانیاو و دارستانە چڕەکانى هەیە. بەدلیس وڵاتى کۆنی کوردان و ناوەندى هورییەکان بوو و هەموو کات ئاوەدانى و شارستانەیتى تیادا بووە و بە "شارى جوان و خۆشی دۆڵەکە" ناوبانگی هەیە.
خانوو و بینا مێژووییە بەردینەکانی بەدلیس نۆژەن ناکرێنەوە، بەڵام ئەو ئاوەدانی و بینا مێژووییانەش کە لەسەر پێى خۆیان ماونەتەوە لەلایەن دەوڵەتەوە تێکدەدرێن. شانبەشانى بینا دێرین و مێژووییەکان، دارستانەکانی ناوەندى شار لەلایەن دەوڵەتەوە بە پاساوی جۆراجۆرە دەبڕێنەوە و لە رەگەوە هەڵدەکەنرێن.
ماوەیەک سەربازەکان و سوپا، ئێستاش قەیوم
جگە دارستانى سەهی لە بەدلیس، لە هیزان، موتکی، تەتوان و نۆرشین-ی پارێزگاى بەدلیس دارستانى چڕ و گەورە بوونیان هەیە. لە ساڵانى ١٩٩٠دەکاندا دەوڵەت دارستان و سروشتى بەدلیسى دەسوتاند. ئێستاش هاوکات لەگەڵ ئەوەى سەربازانى سوپاى تورکیا دارستانەکان دەسوتێنن، قەیومەکەى ئاکەپەش بە پاساوى دروستکردنی رێگا هەزاران داری سروشتى بەدلیس دەبڕێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٦دا و لە دواى ئەوەی ئاکەپە هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپەى لە شارەوانیى بەدلیس دوورخستەوە و زیندانیى کردن، قەیومی بەسەر شارەوانیى بەدلیسدا سەپاند و بەجۆرە شارەوانى لە شارەوانیى گەلەوە کرا بە شارەوانیى دەوڵەت. ئێستاش لەم دواییانەدا قەیومەکەى ئاکەپە لە گەڕەک و ناوچەکانى بەدلیس بە پاساوى دروستکردنى رێگا دەستیکردووە بە لەناوبردن و بڕینەوەى دارستانەکان. لەسەر فەرمانى قەیوم هەزاران دارى شین بە حەفارە لە رەگەوە هەڵکەندران. قەیومەکەى ئاکەپە لە بەدلیس بە ئەنقەست سیاسەتى لەناوبردنى دارستانەکان بەڕێوە دەبات و دەیەوێت بەدلیس بکاتە چۆڵەوانی.
"ئامانجیان خزمە نییە، بەڵکو ئامانجیان لەناوبردنى سروشت و مێژووە"
هاووڵاتییانى بەدلیس لە دژى هەڵکەندن و بڕینەوەى دارەکان هەڵوێستیان هەیە و وتیان، ئاکەپە و قەیومەکەى نایانەوێت خزمەت بکەن. یەکێک لە هاووڵاتییانى بەدلیس کە بەهۆی ئەمنییەوە نایەوێت ناوەکەى بڵاوبکرێتەوە بە ئاژانسى هەواڵى فوارت (ANF)ی راگەیاند "ئێمە وەک گەلی بەدلیس هیچ داوایەکمان لە ئاکەپە و قەیومەکەى نییە. ئەوە ٢ ساڵە دەستیان گرتووە بەسەر شارەوانییەکەماندا".
راشیگەیاند "کاتێک شارەوانى لە دەستى دەبەپەدا بوو، شارەوانى وەک ماڵى خۆمان بوو، بەڵام ئێستا شارەوانییەکە لە خزمەتى دەوڵەتدایە. قەیومەکەى ئاکەپە لەم دواییانەدا بە پاساوی دروستکردنى رێگا هەزاران داری بڕییەوە. ئێمە بە باشى لەو عەقڵییەتەیان تێدەگەین. ئامانجیان خزمەتکردن نییە، بەڵکو دەیانەوێت سروشت و میژووەکەمان لە ناو ببەن. تاوەکو ئێستا نەمان بینیوە دەوڵەت لە بەدلیس کارێکى کردبێت و خزمەتێکى هاووڵاتییانى کردبێت. ئێمە تەنها شارەوانییە دەستبەسەرکراوەکەى خۆمان دەوێت".
ر.م