قەیومەکانى ئاکەپە کوردستانیان کردووەتە شوێنی بیناسازیی بێ بەرنامە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیى 'دەبەپە' عەباس عەزیز ئۆغڵو، سیاسەتەکانی هێرشبەرانە بۆ سڕینەوە و نکۆڵیکردنی دەوڵەتی تورکیا و دەست بەسەراگرتنی شارەوانییەکانی دەبەپەی هەڵسەنگاند و وتی "قەیومەکان کوردستانیان کردووەتە شوێنی بیناسازیی بێ بەرنامە".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان 'دەبەپە' عەباس عەزیز ئۆغڵو، لەبارەی سیاسەتی دەست بەسەراگرتنی شارەوانیەکانی دەبەپە و هێرشەکانی سڕینەوەی سیاسیی لەدژی دەبەپە، بۆ ئاژانسی هەوای فورات (ANF) دوا.

عەزیز ئۆغڵو بە بیری هێنایەوە دەوڵەتی تورکیا، پاش هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٥ / ١٧ی جۆزەردان مێزی گفتوگۆی 'قۆناغی چارەسەریی' گۆڕی بە هێرشی سەرتاسەریی لەدژی گەلی کورد و دەستی بە هێرشی سڕینەوەی سیاسیی کرد.

عەزیز ئۆغڵو جەختیشی لەوە کردەوە، دەبەپە پشکی شێری لەو هێرشانە بەرکەوت و لەگەڵ هاوسەرۆکانی حزبەکەیان هەریەک لە سەباحەت تونجەل و محەمەد ئارسلان، هەزاران ئەندام و بەڕێوەبەری حزبەکەیان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستگیر کران.

عەزیز ئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندام و بەڕێوەبەری حزبەکەیان دەستگیر کراون و وتیشی "ئەو ژمارەیە تەنها ژمارەی ئەو ئەندامانەی ئێمەن کە دەستگیر کراون. جگە لەوەش چەندین ئەندامی ترمان بە مەرجی مانەوە لەژێر چاودێریى دادگادا ئازاد کراون. بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا، وایان لە هەڤاڵانی ئێمە کردووە کە چیتر نەتوانن سیاسەت بکەن".

٩٤ شارەوانیی کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە

عەباس عەزیز ئۆغڵو ئاشکرایکرد، پاش بەناو کودەتای سەربازییەکەی ١٥ ی تەموز، باری نائاسایی بە شێوەیەکی تووند راگەیاندرا. لە کۆی ١٠٢ شارەوانی، کە دەبەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دا و بە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستیان هێنا، ٩٤ شارەوانیان لەلایەن ئاکەپەوە دەستیان بەسەردا گیرا. زۆربەی هاوسەرۆک شارەوانییەکانى ئەو شارەوانیانەش دەستگیرکران.

عەزیز ئۆغڵو وتیشی "هەروەها دەیان ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، هاوسەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان دەستگیر کران. لەبەرئەوەش بە ئامارکردنی گشتیی ئەو کەسانە دەستگیرکراون بۆیان قورسە. بەڵام دەزانین کە لە ئێستادا ٥٣ هاوسەرۆک شارەوانیمان دەستگیرکراون و سزای زیندانیی بۆ ١٠ کەسیان بڕاوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، دۆسیەی لێپرسینەوە بۆ ١١٠ هاوسەرۆکی شارەوانیەکانمان کراوەتەوە و پاش دەستگیرکردنیان، ئازاد کراون. بەڵام دۆسیەی لێپرسینەوە دانەخراوە و هێشتا بەردەوامە. بەهۆی ئەوەی ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان نییە، پرۆسەی لێپرسینەوە و دادگایی بەرپرسان و ئەندامانمان بە هێواشیی بە ڕێوە دەچێت".

پرۆژەکانی ئێمەیان دزی

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان 'دەبەپە' عەباس عەزیز ئۆغڵو، دەستنیشانی کرد کە حکومەتی ئاکەپە ویستی ئیرادەی گەل تێکبشکێنێت و وتی "ئەو شارەوانییانەی ئێمە، کە ئاکەپە لە هەڵبژاردندا نەیتوانی بەدەستیان بخات، بە کودەتای باری نائاسایی دەستی بەسەریاندا گرت. یاسا ناوخۆییەکانی خۆیانیان پێشێل کرد. تاکە شتێک کە ئێستا دەیکەن، ئەوەیە شارەکانمانیان گۆڕیوە بە باڵەخانە و بیناسازیی بێ بەرنامە. بەو شێوەیەش هەوڵ دەدەن وای نیشان بدەن کە گوایە کار دەکەن. جگە لەوەش پۆستەر هەڵدەواسن و خۆیان وەک سەرۆکی شارەوانی لەقەڵەم دەدەن. شتێکیش کە لە بەردەمیاندا ماوە، هەوڵ دەدەن دەستی بەسەردا بگرن".

وتیشی "هەر شارەوانییەک دەبێت با ببێت، کاتێک دەست بە کار دەکات، پلانێکی ستراتیژیی بۆ پێنج ساڵ ئامادە دەکات. بەڵام قەیومەکان پاش ئەوەی وتیان 'ئێمە ئەم پرۆژەیە و ئەو پرۆژەیەمان دروست کردووە'، بەو شێوەیە زانیاریی هەڵەیان بلاوکردەوە. پرۆژەکانی ئێمە وەک هی خۆیان نیشان دەدەن و دەیاندزن. هیچ شتێک نییە کە قەیومەکان لە شارەکانی ئێمەدا کردبێتیان. قیریان ڕژاندووە بەسەر شەقامەکاندا و وردە بەردیان کردووەتە قەراغی شەقامەکان. ئەو پرۆژانەشی کە هەن تێکیان دەدەن و گوایە سەرلەنوێ دروستیان دەکەنەوە. وەها خۆیان نیشان دەدەن کە کار دەکەن".

شارەوانی تەنها بینایەکە

عەزیز ئۆغڵو بە بیری هێنایەوە، ئەوان هەمیشە دەیانوت شارەوانییەکانی ئەوان شارەوانیی گەلن و لەسەر بنەمای خزمەتی گەلیش کار دەکەن و وتیشی "بەڵام ئێستا دەبینین هەموو شارەوانییەکانی ئێمەیان کردووە بە قەرەقۆڵ و بنکەی سەربازیی".

عەزیز ئۆغڵو ئەوەشى وت، بۆ ئەوان (ئاکەپە) گرنگ نییە بینایەک هەبێت یان نەبێت و ڕونیشیکردەوە "شارەوانی تەنها بینایەکە. هەڵبەتە لە یەکەم ڕۆژەوە و پاش ئەوەی شارەوانییەکانمان دەستیان بەسەردا گیرا، هەموو هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و ئەنجومەنەکانی ئێمە، لەناو گەلدا کارەکانی خۆیان بەردەوامیی پێداوە. هەوڵمانداوە لەگەڵ گەلدا پێکەوە سیاسەت بکەین و سیاسەت بەڕێوە ببەین. بەڕێوەبەریی هەرێمیش هەر بۆ خۆی ئاوەهایە".

داواکاری گەلەکەمان پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەییە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان 'دەبەپە' عەباس عەزیز ئۆغڵو ئاماژەی بە چاوەڕوانیی گەل کرد و وتی "گەل داوامان لێ دەکات ئێمە یەکێتیی نەتەوەیی پێک بهێنین. بە تایبەتی ئەو بارودۆخە قەیراناوییە پاش دوایین هەڵبژاردن هاتووەتە ئاراوە، دەریخست گەل چاوەڕوانیی لە دەسەڵات نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا، سیاسەت هەرچەند لەگەڵ گەل بێت و گەل لە بەڕێوەبردندا بەشدار بێت، ئەوەندە سیاسەتی ڕاستەقینەیە. هەبوون لە ئەنجومەن و پەرلەماندا گرنگە و ئەویش ئامرازێکی تێکۆشانە. بەڵام گەلەکەمان دەیانەوێت ئەو هەڤاڵانەی ئێمە کە هەڵبژێردراون، لەناو گەلدا و پێکەوە لەگەڵ گەلدا سیاسەت بکەن".

ر.م