ك.ن.ك : بە گڕ و تینەوە بەشداری چالاکییەکانی دژی پلانگێری ١٥ی شوبات دا بکەن

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك لە ساڵیادی پلانگێری نێودەولەتی ١٥ی شوبات بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەو رۆژە ڕەشەی رسوا کرد و داواشی کرد لە هەموو لایەکەوە بە جۆشەوە بەشداری لە چالاکییەکانی شەرمەزارکردن ببن.

لە بەیاننامەکەی ك.ن.ك دا هاتووە:

"ئێمە گەلەکۆمەی ناڕەوای ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە لە کەسێتی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلاندا، لە سەر بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕیوەچوو، بە توندی شەرمەزار دەکەین!

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا نادادپەروەری و ناڕەواییەکی مەزن کرا. گەورەیی ئەو نادادپەروەرییە لە کاراکتەری رووداوەکەوە کردەوەکەدا بەدی دەکرێت. لە لایەکەوە مەزنیی گەلی کوردستان و سەرۆکی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و دەوڵەتانی هەوپەیمانی ئەو. بەڕیز ئۆجەلان خەبات بۆ دۆزی ئازادیی گەلی خۆی دەکات، تێکۆشان بۆ رزگاریی وڵاتی خۆی دەکات. دوژمن و هاوپەیمانە جیهانیەکانیان رێککەوتن و ویستیان دەرگاکانی دنیای لێدابخەن، رێی هەناسەدانی لێ بگرن. ئەوان بیریان لە ویژدان و مافی مرۆڤ و یاسا و دادوەریی و ئەخلاق نەکردەوە، کاتێک بڕیاریان دا مەزنێکی کوردان کە بۆ ویژدان و دادپەروەریی، بۆ ئاشتی و یەکسانی و ئازادی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان خەبات دەکات، بێدەنگ بکەن و رێی ژیانی لێبگرن.

رێککەوتنی نێوان تورکیا و هاوپەیمانە جیهانیەکانی، هەر لە ئەمەریکاوە بگرە تا چەندین دەوڵەتی ناو یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و هەتا روسیا و ئیسرائیل، میسرو کینیا، هەموو لەو بارەیەوە یەکیان گرت و بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا بینی کە هەموو نۆرمە مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانی بخەنە ژێر پێ، هەموو توانا و دەزگا سیخوڕیەکانیان لە دژی بەڕیز ئۆجەلان بخەنە کار کە لە ژێر پاراستنی یۆنانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بۆ ئەوەی بە فێڵ و خیانەت بیگرن و رادەستی تورکیای بکەن.

پرۆسەی گەلەکۆمە بە روونی ئەوەی دەرخست کە ئەو ناوەندە نا دادپەروەرانە نەگەیشتنە ویست و داخوازیی خۆیان و ئامانجیان بەدی نەهێنا. ئەوان بە هیوای ئەوە بوون پەکەکە کە پێشەنگێکی رادیکاڵی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە، تێک بدەن و لەناو ببەن. یان هەر هیچ نەبێ زۆر لاوازی بکەن. بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون لە ماوەی ئەم ٢١ ساڵەدا بە تەواوی پێچەوانە بوو. نە بەڕیز ئۆجەلان وازی لە تێکۆشان هێنا، نە خەڵکی کورد و کوردستانیانیش دەستبەرداری دۆزی رەوای خۆیان بوون. وەڵامی خەڵکی کوردستان هەر لە هەمان ساڵی گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا دەرکەوت. لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا لە ئازاری ١٩٩٩ دا، ژمارەیەکی زۆر شارەوانی کەوتە دەست کوردان. لە ناو ئەوانیشدا شارەوانی ئامەد. ئیتر هەر ئەو کاتە گەلەکۆمە مایەپووچ دەرچوو.

ئەو رۆژە و ئەمرۆش دوژمن و هاوکارەکانی لە بەرامبەر تێکۆشانی ئۆجەلان و سەرکەوتنی خەڵکی کوردستاندا شکستیان هێنا. ئەو ٢١ ساڵە ئەوانی روورەش کردو ئۆجەلان و خەلكی کوردستان رووسپی. لەو ٢١ ساڵەدا ماف و دادپەروەری بەسەر ناهەقی و نادادپەروەریدا سەرکەوت. لە ئەنجامیشدا ئۆجەلان و پەکەکە و گەلانی کوردستان تێکۆشانی خۆیان گەیاندە قۆناغێکی باڵاتر.

لە ئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەک هەر پەلاماری هێزە چەکدارەکانی پاراستنی کوردستان ئەدا،بەڵکو هەمان کات هێرش بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان ئەکات. دەست بەسەر شارەوانیەکاندا ئەگرێت، سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران لە هەموو ئاستەکاندا دەستبەسەرو زیندانی ئەکات. دەیەوێت بەو شیوەیە گەلی کوردستان بترسێنێت، بەرخۆدان و ئیرادەی گەل بشکێنت.

دەوڵەتی تورکیا نەک هەر لە باکوری کوردستان، هەروەها لە باشوور و رۆژئاوای کوردستانیش دوژمنایەتی کوردان دەکات. لە بواری نێونەتەوەییدا هەوڵ دەدات کورد نەناسرێن. لە مەیدانیشدا هاوکاریی نەیارانی کورد دەکات. لە پڕۆسەی ریفراندۆمی باشووری کوردستاندا، دەستی لەگەڵ رژێمی ئێران و ئێراق تێکەڵ کردووە هێرشیان کردە سەر کوردستان. دوو ساڵ پێش ئێستا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردە سەر عەفرین. چەند مانگێک پێش ئێستاش هێرشی کردە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی. هێزەکانی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکی قارەمانانەیان کردو تا ماوەیەکی درێژ هەرێمەکانیان پاراست. بەڵام لە هەموو روویەکەوە هێزە داگیرکەران چەندین جار بەرامبەر هێزەکانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە زیاتر بوون. لە ئەنجامدا عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی داگیرکران. ئێستاش دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ناوچەی دیکە لە رۆژاوای کوردستان داگیر بکات. لەو بارەیەوە بە هەموو شێوەیەک لە هەڵداندایە. دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکیی گەلی کوردستانە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە بەرامبەریدا راوەستن.

٢١  ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکیی ١٥ی شوباتدا تێپەڕێ. لە ماوەی ئەو ٢١ ساڵەدا دوژمنان و هاوپەیمانانی نەیانتوانی نە ئۆجەلان و نە دۆزی کوردستان لەناو ببەن. هەوڵدانی ئەوان بەردەوام بە تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بێئەنجام بوون. ناوەندی ئاژاوەگێڕو شەرەنگێز پێش ٢١ ساڵ ئەم هێرشەی خۆیان کردو سەریان دای لە گابەردی چیاکانی کوردستان. ئەمجارەش دیسان هەر وایان بەسەر دێت. کوردو کوردستانیان لە ماوەی ئەم ٢١ ساڵەدا تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر کرد، یەکێتیی خۆیان فراوانتر کرد. پیلان و پرۆژەی لەناوبردنی شۆڕشی کوردستانیان تێکشکاند. پرۆپاگەندەی درۆو نائەخلاقییان ریسوا کرد.

گەلی کوردستان لە ئەزموونی مەزن و پێشەناگایەتی چەند ساڵەی خۆیدا قوربانی زۆری دا. بەردەوام رێز و ئامادەیی خۆی لەگەڵ رێبەرو سەرکردایەتیەکەی پیشان دا. لە دەوری پارت و رێکخراوەکانی خۆی کە سەربەرزانە پرسی کورد و کوردستان پێش دەخەن، کۆبۆوە. ئێستاش لە چوارچێوەی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا تێکۆشانی ئازادی و رزگاریی بەهێز دەکەن و لە سەنگەری بەرخۆداندا تا سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام دەبن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتدا، جارێکی تر داوا لە هەموو کوردستانیان دەکات، لە ناوخۆی وڵات و لە هەر جێیەک هەن، دەنگ و هاواری تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕیز ئۆجەلان و رزگاریی کوردستان بڵند بکەن. یەکێتی ناوخۆیان و هاوپەیمانیی لەگەڵ دۆستەکان  باشتر و بەهێزتر بکەن. نەیاران و هاوپەیمانەکانیان شەرمەزار بکەن.

هەروەها کەنەکە داوا لە هەموو کوردستانیان دەکات بەشداری پرۆتستۆکردنی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات بکەن. هەڵوێستی تێکۆشانی خۆیان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان پیشانی یار و نەیار بدەن.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك

١٤ی  شوبات/٢٠٢٠

ز.ش