له به‌یاننامه‌كه‌دا كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆدار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه؛ دەوڵەتی تورکیای داگیركه‌ر ١٤ڕۆژە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان. توركیا ڕایانگەیاندبوو کە لە ماوەی ٣ڕۆژدا، عەفرین داگیر دەکه‌ن، بەڵام لە ١٤یەمین ڕۆژی هێرشەکانیدا لە بەرانبه‌ر خۆڕاگری بێ وێنەی شەڕڤاناندا شکستی هێناوە.
به‌یاننامه‌كه سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌ته سه‌ر پشتیوانیی گه‌لی كوردستان له عه‌فرین و داوای كردووه پشتگیرییه‌كان به‌رفره‌وانتر بن، هه‌روه‌ها باسی له بێ هه‌ڵوێستی هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه له ئاست كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی توركیا له عه‌فرین.
قه‌یرانی ئێستا سازكراوی هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه
كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكرات و ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان - كۆدار ڕایگه‌یاندووه؛ پێویستە پشتیوانی گەلەکەمان لە ئاستی ئەو خۆڕاگرییە مێژووییەی شەڕڤانانی یەپەگە/یەپەژە دابێ و بەرفرەوانتر بکرێت. قەیرانی هەنووکەیی و هەموو کێشەکانی گەلی کورد، سازکراوی دەستی هێزە هه‌رێمی و نێودەوڵەتییهكانه.
«گەلی کورد، لە مێژوودا باشتر لە گەلانی دیکە هەستی پێکردووە و لەگەڵ ئازار، ڕەنجی سیاسەت و خیانەتەکانیان ژیاوە. لەو ڕوانگەیەوە چاوەڕوانی لەو هێزانە بۆ پاراستنی گەلەکەمان بە تایبەتی لە شاری عەفرین، هەڵە و بێ سوودە. گەلی ئێمە پێویستە بەرپرسیارێتییەکانی لەسەر پاراستنی هەبوون و ناسنامەی خۆی لەبەرچاو بگرێ و پێش ناڕەزایەتی و داواکاری لە هێزە دەرەکییەکان، لەسەر بنەمای باوەڕی به هێز و توانا سرووشتییەکانی خۆی، بۆ پاراستنی گەلەکەمان هەستێتە سەر پێ و ڕەوابوون و تواناکانی خۆی بۆ بەدەستخستنی مافەکانمان، هەروەک داستانی قارەمانێتی و نەبەردی کۆبانێ، بۆ جیهان بسەلمێنێتەوە.»
تەنیا به هەڵوێستی ڕادیکاڵ و کردەیی دەتوانین بڵێین پاڵپشتی لە عەفرین دەکەین
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌دا كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆدار ده‌ستنیشانی كردووه؛ یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان لەو قۆناغەدا زۆر گرینگە و ڕۆژانە بیسەر و بینەری ناڕەزایەتی و پاڵپشتی گەلەکەمان لە شەڕڤانانی عەفرینین. عەفرین و گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە پشتیوانییەکانی ئێستا، زیاتر پێویستیان به هاوهەڵوێستی کردەیی و کرداری گەلەکەمان هه‌یه.
«تەنیا به هەڵوێستی ڕادیکاڵ و کردەیی دەتوانین بڵێین پاڵپشتی لە عەفرین دەکەین. نابێ خۆمان لە بەرپرسیارێتییەکان بدزینەوە و بیخەینە ئەستۆی خەڵکانی دیكه. ئه‌مڕۆ عەفرین پێویستی به پشتیوانی لێکردنە و هەرکەس پێی وایە کە خاوەنی هەڵوێستە دەبێ بە کردەوە پێشانی بدات.»
گه‌لی ڕۆژهه‌ڵات به ڕاشكاوی پاڵپشتیان له كۆبانێ كرد
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌ی كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆدار ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه؛ گەلەکەمان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، ڕاشکاوانە پاڵپشتییان لە کۆبانێ کرد و سەلماندیان کە خۆری خۆڕاگری لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، ئەوجاریش لە به‌رانبه‌ر دەوڵەت و سوپای تورکیای داگیركه‌ر پێویستە ئازایانە لە مەیدانەکان بن و هەرچۆنێک بێت، بەشداری لە خەباتی پاراستنی عەفریندا بکەن.
«داهاتوو و هەبوونی کوردان گرێدراوی ئەو گەورەترین خۆڕاگرییه هاوچەرخەیە و ئەنجامی ئەو خۆڕاگرییە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دادەنێت.»
ده‌بێ پشتیوانییه‌كانی عه‌فرین له ڕۆژهه‌ڵات به كرده‌یی بكرێن
كۆدار ڕایگه‌یاندووه؛ لە کاتیکدا کە گەلەکەمان زیاتر لە جاران لە ئازادی نیزیک بۆتەوە، دوژمنانی کوردیش بۆ لەناوبردن و پاکتاوکردنی جەستەیی و کولتووری گەلەکەمان، بەرفرەوانترین هاوپەیمانهتییان پێكهێناوه.
«بەرخۆدانی عەفرین پێویستی بە فرەوانترین پشتیوانییە، بەڵام ئەو پشتیوانیانە لەمەودوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێ کردەیی بکرێن و بەشداری ڕاشکاوانەتر لەو بەرخۆدانە بەبنەما وەربگیرێت و درێژەی هەبێت. قۆناغی به کردەوەیی کردنی پشتیوانییەکان، دەتوانێ ئەنجامەکانی شەڕی عەفرین لە قازانجی گەلانی ئازادیخواز بگۆڕێت و دیکتاتۆری دەوڵەتی تورکیا کە تاکە ئامانجی لەناوبردنی گەلی کوردە تووشی شکست بکات. ئەو شکستە دەتوانێ بە واتای ڕیسوایی هەرچی زیاتری هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەرووی هەموویانەوە ئامریکا و ڕووسیا بێت.»
کۆمیتەی کۆمەڵایەتی «كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكرات و ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان - كۆدار»، داوای لە هەموو گەنجان، ژنان، توێژە جیاوازەکانی گەلەکەمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤی كردووه کە ئاستی تێکۆشان و بەکردەوەیی کردنی پاڵپشتییەکانیان هەروەک کاتی بەرخۆدانی کۆبانی بگه‌یه‌ننه لوتکە.
له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌ی كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆدار هاتووه؛ سەدەی ٢١، سەدەی سەرکەوتنی گەلانی بندەست و ئازادیخواز به پێشەنگایەتی گەلی کورد لە کۆبانی و عەفرینە. پاڵپشتی کردنی کرداری لە عەفرین، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی خۆری ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ش. م