لە باشوری کوردستان ٥ حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کران

وەزارەتی تەندروستی باشوری کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون کە یەکێکیان لە هەولێرە و چوار کەسیان لە سلێمانییە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی باشوری کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیان کرد کە پابەندی ڕێنماییەکان ببن و لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: ژمارەی کەرەنتینکراوەکان لە هەرێمی کوردستان (٦٩٣٢) هاوڵاتی بوون لە (٣٢) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٢٢٦) هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (٧١٢) لە هەولێر، (٤٧) لە سلێمانی، (٣٩٢) لە دهۆك، (٤٨) لە هەڵەبجە، (٩) لە گەرمیان، (١٨) لە ڕاپەرین، وە (٥٧٠٦) هاوڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (١٠١) هاوڵاتی.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا (١٠٠٢) پشکنین ئەنجام دراوە، (٥١٢) هەولێر، (١٨٤) سلێمانی، (٣٠٦) دهۆك، دەرەنجام (٥) توشبووی نوێ تۆمارکرا، کە لە پارێزگای هەولێر (١) پۆزەتیڤ، پیاوێك تەمەن (٢٧) ساڵ کە دانیشتوی شاری هەولێرە و بەرکەوتەی توشبووانی پێشووە، لە پارێزگای سلێمانی (٤) پۆزەتیڤ، (٣) ئافرەت تەمەنیان (٢٥)، (٢٠)، (١٥) ساڵ کە دوو لەوان دانیشتوی شاری سلێمانین و یەکیان دانیشتوی قەزای چەمچەماڵە و پیاوێك تەمەن (٢٥) ساڵ کە دانیشتوی قەزای بازیانە، هەموویان بەرکەوتەی توشبووانی پێشوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماری گشتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باشوری کوردستان خراوەتەڕوو کە تێیدا هاتووە: کۆی گشتی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 گەشتە (٣٣٠) توشبوو، لەنێویاندا (٤) مردن هەیە و (١٤٩) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

لەکۆتایی ڕاگەیەنداوەکەشدا وەزارەتی تەندروستی داوا هاوڵاتیان دەکات، بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی.

ز.ش