حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە مووچەی فەرمانبەرەکانی بڕیوە و بە گەل دەڵێن "بودجەمان نییە"، بەڵام ئامارەکان پێچەوانەى ئەوە نیشان دەدەن. بەرپرسانی تورک دەڵێن "ئێمە دۆڕانەکەمان لە لۆزان قەرەبوو کردەوە"، چونکە بە رێککەوتنی پەدەکە – ئاکەپە پترۆ – دۆلار بۆ ئاسمان دەفڕێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان دوو رۆژ لەوە پێش لە باشووری کوردستان لە بەرنامەی هاوبەشی چەند کەناڵێکى تەلەفزیۆنەدا وتی "لەبەر ئەوەی بودجە نییە، ناتوانن مووچەى فەرمانبەران بدەن".
لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە نەدانی موچە، یان لێبڕین و نیو مووچە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەکانی هەرێم.
گەل فیداکاری دەکات، بەڵام ئەو...
گەلی باشووری کوردستان لەبەر هێرشی داعش بۆ سەر هەرێم و سەرنەکەوتنی ریفراندۆم و بۆ ئەوەى زیان بە پێگەى هەرێم نەگات و بەڕێوەبەری لاواز نەبێت، چاوپۆشی لەو کردەوانەی حکومەتى هەرێم کردووە.
هەر چەند گەلی باشووری کوردستان لەسەر نەدانی مووچە یان نیو مووچە جاروبار ناڕەزایەتیی نیشان دەدات و سەرباری ئەوەى فیداکاری دەکەن، بەڵام بەری رەنجیان دەخورێت و سەرباری ئەوەش نەکەوتووەتە بەردەم دەستکەوتەکانى هەرێم، کە بە خوێن بە دەستهێنراون.
لەو خاڵەدا و بەو ئەنجامەى کە دەردەکەوێت، گەلی باشووری کوردستان فیداکاری دەکات و هەستیاری لە خۆی نیشان دەدات، باشە بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان و هەر دوو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) بەوە دەزانن و دەیبینن؟
فەرمانبەر – مووچە
بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە هەرێمدا ١ ملیۆن و ٢٥٦ هەزار فەرمانبەر هەیە و بە گشتی مووچەى ئەو فەرمانبەرانە لە مانگێکدا دەکاتە ٧٢٧ ملیۆن دۆلار.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق، بە گشتی فەرمانبەرانی تۆمار کراوی باشووری کوردستان ٦٨٣ هەزار و ٢١ فەرمانبەرن و مووچەکەیان بە گشتی دەکاتە ٢٦٠ ملیۆن دۆلار.
فەرمانبەری تۆمار نەکراو
لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ٥٧٢ هەزار و ٩٧٩ کارمەند لە دەرەوەی ٦٨٣ هەزار و ٢١ فەرمانبەرەن، کە "پەدەکە و یەنەکە بە فەرمانبەریان ناساندون"، بۆیە مووچەى ئەو کەسانە نادەن، کە لە دەرەوەی فەرمانبەرە تۆمارکراوەکانن.
سەرچاوەکانی داهاتی سەرەکی لە باشووری کوردستان داهاتی فرۆشتنی نەوت، گومرک، داهاتی ناوخۆ و بودجەى حکومەتى ناوەندییە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا داهاتەکانی حکومەتی هەرێم بریتی بوون لە:
داهاتی نەوت
باشووری کوردستان ساڵانە بە هەناردەکردنی ١٥٨ ملیۆن و ٥١٢ هەزار و ٩٦٠ بەرمیل نەوت، بڕی ٨ ملیار و ٤٣٨ ملیۆن و ٦٠١ هەزار و ٣٠٠ دۆلاری دەست دەکەوێت.
بەپێی راپۆرتی پەرلەمان کاتێک تێچووی گومرک، گواستنەوە و کۆمپانیاکانی نەوت لەو داهاتە دەربکرێت، بڕی ٢ ملیار و ٩٤٢ ملیۆن و ٦٩٤ هەزار و ٧٢٥ دۆلار بۆ خەزینەى حکومەتى هەرێمی باشووری کوردستان دەمێنێتەوە.
بەپێی ئامارەکان رۆژانە ٤٣٤ هەزار و ٢٨٢ بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت. بە گشتی بەرمیلک نەوت بە ٥٣ دۆلار دەفرۆشرێت و هەر بەرمیلک ١٨.٥ دۆلار قازانج دەکات.
کاتێک مرۆڤ ئەوانە لێکدەداتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە ٢٤١ ملیۆن و ٨٥٦ هەزار و ٢٤٧ میلۆن دۆلار داهاتی نەوتی بۆ دەمێنێتەوە.
داهاتی گومرک و ناوخۆ
بەپێی ئاماری فەرمیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، داهاتی مانگانەى گومرک و ناوخۆی هەرێم بە گشتی دەکاتە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.
بودجەى حکومەتى ناوەندی بۆ هەرێم
حکومەتی ناوەندیی عێراق لە ئاداری ٢٠١٩دا بەشە بودجەى هەرێمی کوردستان دەدات، کە مانگانە دەکاتە ٤٥٣ ملیار دینار (٢٦٨ ملیۆن دۆلار).
ئاماری مانگانە
کاتێک بەپێی ئاماری فەرمی سەیری داهاتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، داهاتی مانگانە بە بڕی ٨١٣ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەمێنێتەوە و دەچێتە خەزینەی حکومەتى هەرێمی کوردستانەوە.
مووچەی مانگانەی ١ ملیۆن ٢٥٦ هەزار فەرمانبەرەکەى حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوەی ئاشکرا کراوە دەکاتە ٧٢٧ ملیۆن دۆلار، بەڵام سەرباری ئەوەش مووچە بە فەرمانبەران نادرێت.
حکومەت قەرزاری فەرمانبەرانە
لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ – ٢٠٢٠ دا مووچەی ١٠ مانگ بە تەواوی بە فەرمانبەران نەدراوە، ٣٦ موچەشیان بە شێوەى نیوە پێدراوە. بەپێی ئاماری لیژنە دارایی، حکومەت ١٦ ملیار دۆلار قەرزاری فەرمانبەرانە.
حکومەتی هەرێم دوو مانگە سەدا ٢١ی مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت و ئینجا مووچەکەیان پێدەدات. ئەو مووچەیەی کە دراوە بڕەکەى ٣٢٠ ملیار دینارە، کە حکومەتى ناوەندیی عێراق ناردویەتی.
پەرلەمانی داخست و بۆریی نەوتی کردەوە
بەرپرسانی حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدەن نەدانی مووچەی بە قەیرانی سیاسی لەگەڵ حکومەتى ناوەندی، بە دابەزین و راوەستاندنی بازاڕ و کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببەستنەوە و شرۆڤە بکەن.
بەڵام قەیران لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەیە. لەو ماوەیەشدا و بۆ ٤ ساڵ بیرە نەوتەکانی کەرکوک لە ژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو، کە لەو کاتەدا رۆژانە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان دەفرۆشت.
دوای ٢٠١٤ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەگەڵ دەوڵەتی تورک و چەندین کۆمپانیای نەوتدا رێککەوتنی ئیمزا کرد. پەدەکە لەو کاتەدا بەهۆی ئەوەى بۆ ماوەى ٣ ساڵ دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، ناوەرۆکی رێککەوتنەکان و ئاماری داهات و خەرجییەکان دیار نیین.
ساڵانی نێوان ٢٠١٤ – ٢٠١٧
بۆ نمونە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٧دا بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە ٦٣٠ هەزار بەرمیل بووە.
لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٧دا لە فرۆمی ئابووریی نێونەتەوەیی سان پێترسبۆرگ لە رووسیادا رێککەوتنی نەوتیی ٢٠ ساڵە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتیی رۆز نەفتی رووسیاوە واژۆ کرا و لەوەشدا دەرکەوت، کە بەرهێنانی نەوت لە رۆژێکدا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار بەرمیلە.
لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٧ دا جەبار عەلی حسێن لعێبی وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندبوو "هەرێمی کوردستان رۆژانە ٥٢٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت".
رێککەوتنی ٥٠ ساڵە
ئەو ژمارانە نیشانی دەدەن، کە لە نێوان ٢٠١٤ – ٢٠١٧ دا لە ئێستا زیاتر پارەی نەوت کەوتووەتە دەست حکومەت و خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا رێککەوتنێکى ٥٠ ساڵەى لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ئیمزا کرد و بەپێی ئەو رێککەوتنە دەوڵەتی تورک و پەدەکە دەتوانن راستەوخۆ نەوت بفرۆشن و بەوەش هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەستیپێکرد، بەڵام ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنە ئاشکر نەکراوە و نازانرێت.
دوو جار هەقی گومرک دەدەن
پەدەکە بۆ هێڵی ئەو بۆریە نەوتییە، کە نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەبات هەقی گومرک بە ٢ کۆمپانیای تورک دەدات. بۆ هەر بەرمیلێک بڕی ٣.١٧ دۆلار دەدات بە کۆمپانیایەکیان و بە کۆمپانیاکەى تریش بۆ هەر بەرمیلێک بڕی ٣.٨٥ دۆلار دەدات.
بەپێی ئامارەکانی ٢٠١٩ لە ساڵێکدا ١ ملیار و ١٠٤ ملیۆن دۆلاریان داوە بەو ٢ کۆمپانیا تورکییە. وردەکاریی رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوتیی نێوان پەدەکە و تورکیا لەبارەى بڕی بەرهەمێنان و هەناردەکردن، گواستنەوە، پاڵاوتن، سوود لە هەر بەرمیلێکدا دیار نییە.
لە باشووری کوردستاندا چەندین کۆمپانیای نەوتیی دەوڵەتی تورک وەک کۆمپانیای نەوتی تورکی (تورکیش ئینرجی کۆمپانی - TEC)، گەنەڵ ئینرجی، دۆغان ئینرجی و پیتۆیل بە دوای نەوتدا دەگەڕێن و نەوت دەردەهێنن.
ئەو رێککەوتنەى کە وەک رازێک دەفرۆشرێت
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەى ئەو رێککەوتنە ٥٠ ساڵەوە بە رۆژنیوزی راگەیاندبوو "هیچ کەس زانیاریی بەرفراوانی لەسەر ئەو رێککەوتنە نییە، ئەوانەى دەیزانن لە ژمارەی پەنەجەکانی دەستێک زیاتر نین".
هۆکاری سەرەکیی قەیرانی نێوان بەغدا و هەولێر
هۆکاری سەرەکیی قەیرانی نێوان بەغدا و هەولێر ئەوەیە، کە پەدەکە بازی بەسەر حکومەتی ناوەندیی عێراق دا ناوە و بای پاسی کردووە و خۆی راستەوخۆ نەوت بە تورکیا دەفرۆشێت.
بەغدا رایگەیاند، تاوەکو داهاتی نەوت روون نەکرێتەوە و بەشە بودجەى سەدا ١٧ی هەرێم لە بودجەى گشتیی عێراق نادرێت.
رێککەوتنە نەوتییەکە لە دادگایە
ئێستا ئەو رێککەوتنە نەوتییەی نێوان پەدەکە و تورکیا لە دادگایە. بەغدا بە هۆکاری ئەوەى لە ٢٠١٤دا بەبێ مۆڵەت نەوتی دەرهێناوە و فرۆشتویەتی لە دژی دەوڵەتی تورک لە دادگای تەحکیمی نێونەتەوەی لە پاریس سکاڵای تۆمار کردووە. ئەو سکاڵا و دۆسیە ٢٧ ملیار دۆلارییە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە.
رێژە و بڕی نەوتی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورک نازانرێت، بەڵام لە هەندێک لێدوان و راگەیاندراودا لە کاتی رێککەوتنە نەوتییەکاندا زانیاریی گرنگ دەرکەوتن.
'قەرەبووی لۆزانمان کردەوە'
دوای چەند مانگ لە رێککەوتنە نەوتییەکەی ساڵی ٢٠١٤ نورەدین جانیکلی وەزیری گومرک و بازرگانیی دەوڵەتی تورک وتی، بەو رێککەوتنەی لەگەڵ پەدەکەدا ئیمزایان کردووە زیانەکانی لۆزان-یان قەرەبوو کردووەتەوە.
جانیکلی وتبووی "پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێوەبەریی باکووری عێراق، هەم لە رووی ئابووری و هەم لە رووی سیاسییەوە باشن. بەو رێککەوتنە نەوتییە هەموو ساڵێک ١٠ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار داهاتمان دەبێت. ئەو مافەى کە لە لۆزان لە دەستمان چوو بەو رێککەوتنە نەوتییە بە رێژەیەکى زۆر و بە زیادەوە قەرەبوومان کردووەتەوە".
پارەکان لە هاڵک بانک دان
دۆسیەى رەزا زەراب، کە لە ئەمریکا تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە، ئەوەی تیادا ئاشکرا بوو، پارەی رێککەوتنی نەوتیی پەدەکە لەگەڵ تورکیا لە هاڵک بانک دایە.
ژ.ت