لە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیادا ٣ هاووڵاتی لە مەتینا شەهید بوون

سوپاى تورکیاى داگیرکەر دوێنێ ناوچەى مەتینای لە باشووری کوردستان بۆردومانکرد و لەو بۆردومانەدا ٣ هاووڵاتی، کە لە گوندەکەى خۆیان سەرقاڵی هەنگەوانى بوون، شەهید کرد.

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر دوێنێ ناوچەى کانی بۆتکێی سەر بە گوندی ئەرەدنا لە مەتینای سەر هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بۆردومانکرد.

بەپێى زانیارییە هەرێمییەکان لەو بۆردومانەدا ٣ هاووڵاتیى بە ناوەکانی رەمەزان محەمەد عەبدولڕەحیم و ئیسماعیل حەسەن و دلۆڤان ساڵح حەسەن شەهید بوون.

ئەو هاووڵاتییانە لە گوندەکەى خۆیان سەرقاڵی کاری هەنگەوانى بوون و لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە کرانە ئامانج و شەهید کران.

بنەماڵەى ئەو هاووڵاتییە، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە شەهید کراون چوونەتە ناوچەکە بۆ ئەوەى تەرمی ئەو ٣ هاووڵاتییە بدۆزنەوە و دواتر بە خاکیان بسپێرن.

وەزارەتى بەرگریى تورکیا لە تویتەرەکەیدا بڵاویکردبووە "لە هەرێمى مەتینا لە باکووری عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکى ئاسمانی دا لە ١٤ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ دا سەنگەر، پەناگە و عەمباری چەک و تەقەمەنیى رێکخستنى تیرۆری جوادیخواز تەقێنرایەوە. چوار تیرۆریستى جودایخوازیش، کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر بارەگانمان بێکاریگەرکران".

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکیا وەک زۆربەى کاتەکان شوێنى نیشتەجێبوون و زەوی و کێڵگەى هاووڵاتییان دەکەنە ئامانج و هاووڵاتیاین شەهید دەکەن. دواتریش سوپاى داگیرکەر، یان وەزارەتى بەرگریی تورکیای داگیرکەر کردنە ئامانجی هاووڵاتییانى مەدەنی و شەهیدکردنیان وەک شەهیدکردنى گەریلا بۆ راى گشتى بڵاودەکەنەوە.

 ر.م