لە جەژنیشدا دەوڵەتی فاشیست واز لە هێرشەکانی ناهێنێت، خاکی باشوری بوردومانکرا

لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە و لە تەواوی جیهان ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ ڕاگەیەنراوە، بەڵام دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک پەلامارو بۆردومانەکانی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان ڕانەگرتووە و بەردەوامە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە سنووری برادۆست تۆپبارانی گوندی گوڕەشە و گوندی خەلیفان و کەندەگەرییان دەستپێکرد.

بە پێی هەواڵێکی رۆژنیۆز، لە بەرزایی چیادێل سوپای تورکیا بە گوللـە هاوەن بۆردومانی گوندەکانی سنوورەکە دەکات.

هاوکات بەهۆی نزیکییان لە تۆپبارانەکەوە چەند شوانکارێک هەڵاتوون و مەڕو ماڵاتەکانیان جێهێشتووە.

ئەو تۆپبارانە لە کاتێکدایە کە هیچ لایەنێک لە شەڕدا نییە لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە خاکی باشووری کوردستان، بەڵام بەبێ گوێدانە سەروەری خاکی عێراق و هەرێم، دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی ئاگر بەسەر خاکی باشوور و برادۆست و قەندیلدا بەردەداتەوە.

لە زۆربەی ئەو وڵاتانەش کە شەڕ و نائارامییان تێدایە وەک لیبیا، ئەفغانستان و یەمەن، ئاگر بەست بۆماوەی ٧٢ کاتژمێر ڕاگەیەنراوە و ڕەچاوی ژیانی ئەو خەڵکانە کراوە کە نزیکن لە شەڕەکانەوە تا لە ڕۆژانی جەژندا پشوو بدەن، بەڵام دەوڵەتی تورک وەک پیشەی هەمیشەیی گوێ بەبۆنە ئاینییەکانیش نادات.

ز.ش