لە زیندانی وان بە پێدانی "دەرمانی هەڵە" زیندانییەکیان ژەهراوی کرد

لە زیندانی جۆری ئێف لە وان بە پێدانی "دەرمانی هەڵە"، ئیبراهیم ئاڵکانی تەمەن ٦٦ ساڵی زیندانیکراو ژەهراوی کرا. ئەو زیندانییە  نەخۆشیی شەکرە و کۆلسترۆڵیشی هەیە.

ئیبراهیم ئاڵکانی تەمەن ٦٦ ساڵ لە زیندانی جۆری ئێف لە وان زیندانیکراوە. بەهۆی پێدانی "دەرمانی هەڵەوە" ژەهراوی کراوە. ئیبراهیم ئاڵکان نەخۆشییەکانی شەکرە و کۆلسترۆڵی هەیە و ٢ ساڵە زیندانیکراوە. دوای ئەوەى ژەهراوی بووە گواستراوەتەوە بۆ بنکەى تەندروستیی ناو زیندانەکە.

پنار ئاڵکان بووکی ئیبراهیم ئاڵکان رایگەیاند، "دەرمانی هەڵەیان" بە خەزوری داوە و ژەهراوی بووە و لە مردن گەڕاوەتەوە. پنار ئاڵکان داوای لە بەرپرسانی زیندان و وەزارەتی داد کرد، کە بە ئەرکەکانی خۆیان هەستن.

پنار ئاڵکان راشیگەیاند، خەزوریان نەبردووە بۆ نەخۆشخانە و سەرباری ئەوەى "دەرمانی هەڵەیان" پێداوە و ژەهراوییان کردووە، مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆناش هەڕەشە لە سەلامەتی و ژیانیان دەکات.

پنار ئاڵکان ئەوەشی وت، زیندانەکان پاک و خاوێن نین و خەزوری وەک زیندانییە نەخۆشەکانی تر داوەتە دەستی مردن و داوای لە بەرپرسانکرد، خەزوری و زیندانییە نەخۆشەکانی تر بە خێرایی ئازاد بکەن.

ژ.ت