لە سلێمانی و ڕانیە خۆپیشاندان ئەنجامدرا و لە هەولێر و دهۆک ڕێگریی کرا

لە سلێمانی و ڕانیە بۆ داواکردنی هەڵوەشانەوەی حکومەت و دروستکردنی حکومەتی کاربەڕێکەر هاوڵاتیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە هەولێر و دهۆکیش ڕێگریی لە خۆپیشاندان کرا و دەیان کەس دەستگیر کران.

بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە دەستپێشخەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ خۆپیشاندانی فراوان بۆ داواکردنی هەڵوەشانەوەی حکومەت بەڕێوەبچێت.

لە شاری دهۆک و هەولێر ڕێگریی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان کرا و هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو بازاڕ و ئەو شوێنانەی بڕیاربوو خۆپیشاندانی تێدا ئەنجام بدرێت کۆکرابوونەوە و پەێی زانیارییەکان دەیان کەس دەستگیرکراون.

لە شارۆچکەی ڕانیە خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا ڕوویدا و تا ئێستاش گرژییەکان بەردەوامن.

لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدرا.

لە خۆپیشاندانەکاندا هاوڵاتیان چەندین دروشمیان  لە دژی حکومەت و گەندەڵکاران بەرز کردەوە و چەندین هاوڵاتی وتەییان پێشکەش کرد، دواتر شاسوار عبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتارێکی پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا شاسوار عەبدولواحید، داوای لە هاوڵاتیان کرد خۆپیشاندان بەشێوەیەکی هێمنانە ئەنجامبدەن دژی ئەم دەسەڵاتە، داوای کرد، کە هاوڵاتیان بەردەامبن لە خۆپیشاندان و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ١٠٠ هەزار کەسی بۆ ڕووخانی حکومەت و دروستکردنی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی.

ز.ش