بە بۆنەی یەکی ئەیلول-رۆژی جیهانی ئاشتی، لە هەر یەک لە شارەکانی ئامەد و وان و ئەستەنبول چالاکی ئاشتیانە بەڕێوە چوون. لە چالاکیەکاندا، سیاسەتەکانی شەڕ و داگیرکاری دەوڵەتی تورک ئیدانە کران و ئاماژە بەوەش کرا کە عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ناونیشانی ئاشتی و چارەسەری کێشەکانە.
لە شاری ئامەد، پلاتفۆرمی رەنج و دیمۆکراسی لە پارکی کوشویولو لە بەردەم پەیکەری جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ساز کرد.
دۆخان هاتون وتەبێژی پلاتفۆرمەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، دەبێت ئیدی چەک بەکار نەیەت، هێزە سەردەستەکان وانەیان لە کردەوەی دڕندانە وەرگرتووە، چونکە بەهۆی شەڕ و جەنگەوە بە هەزاران مرۆڤ کوژراون و کۆچیان کردووە.
لە شاری وانیش لەگەڵ هەموو رێگریەکانی پۆلیس، لێدوانێکی رۆژنامەوانی بڵاو کرایەوە و دواتر چالاکی دانیشتن بەڕێوە چوو.
هەدەپە هەوڵیدا لە پارکی نەورۆز چالاکی 'زنجیرەی ئاشتی' ئەنجام بدات، بەڵام هێزەکانی پۆلیس رێگریان لەو چالاکیە کرد. دواتر جەماوەر هەوڵیدا لە بەردەم ناوەندی هەدەپە گرد ببێتەوە. لەوێش هێزە ئەمنیەکان ناوەندەکەیان گەمارۆدا، بەڵام جەماوەر گەمارۆکەیان شکاند و خۆیان گەیاندە ناوەندی هەدەپە.
بەدرا ئوزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی:"هەموو گەلانی تورکیا لە دژی شەڕ دەبێت ئاشتی و لە دژی گۆشەگیریش دەبێت ئازادی بپارێزن."
دواتر تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە، ئەوەی پێویستە بە پەلە ئەنجام بدرێت، ئەوەیە کە شەڕ و پێکدادان کۆتایی پێبێت و وتی:"دەبێت دانیشتنەکانی دولماباخچە جارێکی تر زیندوو بکرێنەوە. ئەم وڵاتە خوێنی لێدەچۆڕیتەوە."
لە شاری ئەستەنبولیش دایکانی ئاشتی لە ناوچەی بەشیکتاش گرد بوونەوە و لە دژی سیاسەتەکانی شەڕ-ی دەوڵەتی تورک چالاکیان ئەنجامدا و بانگەوازی ئەوەیان بڵاو کرد کە دەبێت هەموو کەسێک بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە و جەختیشیان کرەوە کە ناونیشانی ئاشتی و چارەسەری ئیمرالیە.
بەهیا دومان لەسەر ناوی دایکانی ئاشتی قسەی کرد و وتی:" ناوی ئەو پرسەیەی کە رێگەی بۆ شەڕ کردووەتەوە دیارە و ئەوا ١٠٠ ساڵە بەردەوامە و ناونیشانی چارەسەریەکەیش دیارە. لەسەر چارەسەری پرسی کورد، بەڕێز ئۆجالان لە ٢ی گوڵانی ٢٠١٩دا لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ پارێزەرانی، رایگەیاندبوو، ئەو سوورە لە سەر ئەو هەڵوێستەی لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ دا خستوویەتیەروو."
دایکانی ئاشتی هاوکات بانگەوازی ئەوەشیان کرد کە هەموو کەسێک لە دژی شەڕ بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە و ئیرادەی خۆی بە شێوەیەکی ئاشکرا بخاتەروو.
ز.ش