لە شێلادزێ بەر لە دەستپێکردنی خۆپێشاندان، قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەنرا

لە ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، بەر لە دەستپێکردنی چالاکیەکانی ئەمڕۆ لە دژی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک، قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنرا

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چالاکانی مەدەنی بانگەوازیان بۆ سازکردنی خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی دەکرد.

داگیرکەران دوێنی ٢١ی مانگ، چەندین خانو و ماڵی هاوڵاتیانیان لە گوندی باتوفا هەڵوەشاندبووەوە و ئەم هێرشەی سوپای داگیرکەری تورک بووە هۆی تووڕەیی جەماوەری ناوچەکە. لەو چوارچێوەیەدا بڕیار بوو ئەمڕۆ لە ناحیەی شێلادزی چالاکیەکی ناڕەزایەتی ساز بکرێت.

بەرپرسانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە بەر لە چالاکیەکە، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆیاندا.

دیمەنەکانی قەدەغەی ناو شارەکە گەیشتنە بەردەستی ئاژانسی هەواڵی فورات. بە پێی دیمەنەکان دوکان و بازار داخراوە و کۆڵانەکانیش چۆڵ دەردەکەون. هاوکات لە دوای نیوەڕۆوە هێزی پێشمەرگە رەوانەی ناوچەکە کراوە.

هێزەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک، لە ٢٠ی حوزەیراندا هێرشی کردبووە سەر خەڵکی مەدەنی لە کوێستانەکانی ناوچەکە و ٤ گەنجی کوردی کۆمەڵکوژ کردبوو. هاوڵاتیانی ناحیەی شێلادزێ، لە دژی ئەم هێرشانە رژابوونە ناو شەقام و یەکێک لە گەنجەکان لە ناو خۆپێشاندانەکەدا کوژرا کە ساڵی رابردوو لە دژی داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک چووبووە سەر تانکەکانی سوپای تورک کە لە ناوچەکە جێگیری کردوون.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، دەوڵەتی تورک دەوروبەری ناوچەی زاپ و دێرەلوکی بوردومان کردبوو و لە ئەنجامدا ٥ کەس گیانیان لەدەستدابوو. لە دژی ئەو هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەر، خەڵکی ناوچەکە راپەڕی و هێرشی کردە سەر بارەگای سوپای تورک لە ناوچەکە و بۆ ماوەیەکی کورت دەستیان بەسەر بارەگا سەربازیەکەدا گرتبوو.

ز.ش