لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس ژنێکی پەنابەری کورد کوژرا

لە شاری لاڤرۆی یونان لە کۆڵانێکی نزیک لە بنکەیەکی پۆلیس کە وەکو ناوەندێکی داڵدەدانی پەنابەران بەکار دەهێنرێت، ژنێک کوژرا. ئەڤین ئەکرەم عەلی ٣٥ ساڵ کە پەنابەرێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە لایەن بەهزاد عەلی هاوسەریەوە بە چەقۆ کوژرا.

رووداوەکە شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٢٠:٠٠روویدا. ئەکرەم عەلی کە بکوژەکەیە دوای رووداوەکە رایکرد. دوای ئەوەی منداڵەکانی ژنە کوژراوەکە، سەردانی کەمپی پەنابەرانیان کرد لە شاری لاڤرۆ و زانیاریان دا بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، رووداوەکە بڵاو بووەوە. لەسەر رووداوەکە لایەنە پەیوەندیدارەکان، هێزەکانی پۆلیسیان لێ ئاگادار کردەوە. هاوکات پەنابەرە کوردەکانیش لە کوڵانەکانی شار دەستیان بە گەڕان بە دوای بکوژەکە کرد.

دوای ٣ کاتژمێر لە رووداوەکە، بکوژەکە دەستگیر کرا

بە پێی زانیارییەکان، ئەڤین ئەکرەم عەلی کە هاوڵاتییەکی خەڵکی قامشلۆیە، بەر لە ٢ ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی ئاوارەی یونان ببوو و دایکی چوار منداڵ بوو. تەرمی ناوبراو رادەستی پزیشکی دادوەری کراوە.

رێکخراوە کوردییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی

ناوەندی کلتوری کوردستانی لە ئەسینا و لیژنەی پەنابەرانی کەمپی لاڤرۆ، لە لێدوانێکدا رووداوەکەیان ئیدانە کرد. لە لێدوانەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی رووداوەکە لە کۆڵانێکی نزیک لە بنکەی پۆلیسی ئەو شارە روویداوەو باس لەوەش کرا، رووداوی کوشتنەکە لە کۆڵانێکی نزیک لە بنکەی پۆلیس روو داوە و بکوژیش بە ئاسانی توانەویەتی لە شوێنی رووداوەکە رابکات. دوای رووداوەکە پەنابەرانی کورد لە کۆڵانەکانی شارەکە دەستیان بە گەڕان بە دوای بکوژەکە کرد.

لە لێدوانەکەدا باس لەوەش کرا کە، ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندنی یونان بە زانابوون هەوڵیاندا وەها پیشان بدەن کە رووداوی کوشتنەکە لە کەمپی پەنابەرانی کورد روویداوە و ناڕەزاییان پیشانداوە، هەروەها جەختیش لەوە کرایەوە کە، کەمپی پەنابەرانی لاڤرۆ لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا بە پارادیگمای دیمۆکراتیک، ژینگەپارێزی و ئازادی ژنان لە ناو رای گشتی یوناندا دەناسرێتەوە. جێگای قبوڵکردن نییە کە دەزگاکانی راگەیاندن وەها پیشان بدەن کە ئەم رووداوە لە شوێنێک روویداوە کە جێگای ژیانی ئێمەیە. ئەم جۆرە هەواڵانە ئامانجی سیاسییان لە پشتە. دانیشتووانی کەمپی لاڤرۆ تا یەکلاییبوونەوە، بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوە دەکەن، هەروەها بەردەوام دەبن لە تێکۆشانیاندا تا ئەو کاتەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە سەرتاسەری ئەورپا نەمێنێت و ژنان دەگەن بە ئازادی خۆیان.

ز.ش