هه‌ولێر؛ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كه‌نه‌كه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كان چه‌ندین بڕیار بۆ پشتیوانی عه‌فرین دران

كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان - كه‌نه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفره‌وانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌سیاسییه‌كان، رێكخراوه‌كان، زانایانی ئایینی و مێدیاكان ساز كرد، به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی هه‌ڵوێست و كۆده‌نگی له‌ دژی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین.

ئێواره‌ی دوێنێ (١٤ی شوبات\٢٥ی ڕێبه‌ندان) لە باره‌گه‌ی حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ شاری هەولێری باشووری کوردستان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - كه‌نه‌كه‌ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییه‌كان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، زانایانی ئایینی و مێدیاكان ساز كرد.

لەو کۆبوونەوەکەدا، بە کۆدەنگی هەموو ئامادەبووان، چەند خاڵێک کرانە بنەما بۆ کاری هاوبەش و سەرتاسەری لە سەرجەم شارەکانی کوردستان، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەداگیرکاریی تورکیا و پشتیوانی بۆ گەلی رۆژئاوا بەگشتی و کانتۆنی عەفرین بەتایبەتی.

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، كه‌نه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و بڕیار و هه‌ڵوێسته‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو.

كه‌نه‌كه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، لەكۆبوونەوەكەدا تیشك خراوه‌ته‌ سەر ئەو گەلەكۆمەیه‌ی كە لەسەر دۆسیه‌ی ڕه‌وای گەلەكەمان بەگشتی و لەسەر عەفرین بەتایبەت هەیە، لەم رووەوە جەخت لەسەر ڕه‌وایه‌تیی بەرخودانی عەفرین كرایەوە و هێرشی سەر عەفرین بە هێرش بۆ سەر هەموو گەلەكەمان دانرا. 

كه‌نه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌: كۆبوونه‌وه‌كه‌ لەم چركەساتەدا یەكڕیزی نیشتمانی‌ و نەتەوەیی لە هەر كات زیاتر بە پێویست زانی، وە بەتوندی ئیدانەی هێرشی داگیركارانەی دەوڵەتی توركیای كرد و بێدەنگی زلهێزەكانی شەرمەزار كرد. لە هەمان كاتدا بڕیاردرا بە هاوبەشی كار بۆ پشتیوانی لەعەفرین بكرێت، لەو چوارچێوەیەدا ئه‌م بڕیارانه‌ دران:

١. پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش، بۆ ئەنجامدانی چالاكیی سیاسی‌ و دیبلۆماسیی جەماوەری هاوبەش.

٢. داوا كرا میدیاكان زیاتر لەوەی كردوویانە، لە چوارچێوەی بەرپرسیاره‌تیی نیشتمانی ‌و نەتەوەیی بایەخی زیاتر بە بەرخۆدانی عەفرین بدەن.

٣. داوا لە مامۆستایانی ئاینی كرا لەچوارچێوەی بنەماكانی ئاییندا ئەو زوڵمە بۆ هەموان ڕوون بكەنەوە كە لە عەفرین دەكرێ.

٤. داوا كرا بەتەواوەتی دەروازەی سێمالكا بكرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان.

٥. بڕیار درا لە زووترین كاتدا رێپێوانێكی جەماوەریی بەرفره‌وان بۆ پشتگیری لە عەفرین ئەنجام بدرێت.

٦. داواكرا پەرلەمان‌ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی جدیان هەبێت، هەموو توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پشتیوانی لە عەفرین ‌و ڕاگرتنی هێرشەكان.

٧. بە پێویست زانرا چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ له‌سه‌ر ئاستی نوێنەرانمان لە بەغداد ‌و ڕه‌وه‌ندی كوردی لە دەرەوە كاری هاوبەش بكەن بۆ دروستكردنی گوشار لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی راگرتنی هێرشەكان لەسەر عەفرین.

٨. ناردنی نامەیەك بۆ پاپای ڤاتیكان، كە تێیدا ئەو زوڵمە ڕوون بكرێتەوە كە لەسەر عەفرین هەیە، هاوكات داوای ئەوە بكرێت كە ئەو هێرشانە رابگیردرێت.

٩. ١٥ی شوبات ١٩ ساڵ بەسەر دەستگیركردنی به‌ڕێز عەبدوڵا ئۆجالان تێدەپەڕێت، لەم ڕووه‌وه‌ داواكرا هەرچی زووە بەرێزیان ئازاد بكرێ‌ و كار بۆ ئەوە بكرێ دۆسیەی كورد لە باكووری كوردستان لەرێگەی گفتوگۆ ‌و ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت.

 

ش. م