لە وان کەلتور و هونەری کوردی قەدەغەیە

بەهۆی قەدەغەکردنی چالاکی و بەرنامەکان لە لایەن پارێزگاری داگیرکەری تورک، چوار ساڵە لە وان هیچ بەرنامەیەکی کەلتوری و هونەری پێشكەش نەکراوە.

قەدەغەی چالاکی و بەرنامەکان کە لە سەردەمی باری نائاساییدا لە وان لە لایەن پارێزگاری داگیرکەری تورکەوە ڕاگەیەنرابوو، لەگەڵ کۆتاییهاتنی باری نائاساییش بەردەوامە. قەدەغەکە کە هەموو ١٥ ڕۆژ جارێک درێکدەکرێتەوە،  جارێکیتر درێژکرایەوە. ئەوەش وایکردووە کە هەموو ژیانێکی سۆسیال، سیاسی و کەلتوری بووەستێنرێت.

بەهۆی قەدەغەکەوە پێشانگای کتێبی وان و فیستیڤاڵی ڕێچکەی وان ٤ ساڵە ناکرێنەوە و ئەنجام نادرێن. حسێن ئایدۆغان مامۆستای ناوەندی کەلتوری و هونەری ئاریهەن ڕایگەیاند، ڕێگا نەدراوە کە ١٥ تەموز شانۆیەکیش پێشکەش بکرێت و وتی،"ئەوەش سیاسەتی تواندنەوەیە کە بەرانبەر گەلی بەڕێوەدەبرێت. هەروەک چۆن لەسەر سیاسەتی کورد فشارێکی زۆر هەیە، هەروەها لەسەر کەلتور و هونەری کوردیش فشارێکی زۆر بەڕێوەدەبرێت. ئەوە بە تەنها لە شارە کوردیەکان هەیە. بە هەزاران بەرنامەی کەلتوری و هونەری لە لایەن پارێزگار و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسەوە قەدەغەکراون و هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لە هونەرمەندەکانمان کرد و هەندێکیشیان دەستگیرکران."

ف.ق