لە چیاکانی کوردستاندا گەل و گەریلا جەماوەرییانە ٤ی نیسانیان پیرۆز کرد

٤ی نیسان ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردە. ئەو ڕۆژە هاوکاتیشە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک). ئەو ڕۆژە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا لەلایەن گەل و گەریلا و جەماوەرییانە پیرۆزکرا.

٤ی نیسان / ١٥ی خاكەلێوە، ساڵڕۆژی لەدایكبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردە. ڕێبەر ئۆجالان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە گوندی ئامارا-ی خەلفەتیى  سەر بە پارێزگای ئورفا لەدایكبووە. ڕێبەر ئۆجالان لە تەمەنی گەنجێتی پێشەنگایەتی گروپێكی شۆڕشگێڕی كرد و پاشانیش بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردی دامەزراند.

 ئەو بزاڤە لە ماوەیەكی كورت دا زۆر دەستكەوتی نەتەوەیی بەدەستهێنا. ڕێبەر ئۆجالان ڕووی ئایدۆلۆژی و فكرییەوە ڕۆڵی سەرەكی و یەکلاکەرەوەی لە پێشكەوتنەكانی تەڤگەری ئازادیخوازیی گەلی كوردا هەبووە. هەر ئەمەش هۆكار بوو كە زلهێزانی جیهان و ئەو هێزانەی كە لەم بزاڤە شۆرشگێڕییە دەترسان پیلانی پاكتاوكردنی ئەو تەڤگەرە دابڕژن. ئەوەبوو هێزە هەژموونگەراكانی جیهان بە پێشەنگایەتیی ئەمریكا و ناتۆ و گلادیۆ ڕۆڵی سەرەکییان لە گەلەكۆمەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا رێبەر ئۆجالان-یان رفاند.

 گەلی كورد هەستیان بەم پیلانگێڕییە كرد و دژی ئەم سیاسەتە وەستانەوە. دەیان مرۆڤی ئازادیخواز لە كوردستان و دەرەوەی وڵات ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و بە دروشمی كەس ناتوانێت ڕۆژی ئێمە تاریك بكات یەک دواى یەک چالاکییان ئەنجام دەدا.

 گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لەو كاتەدا بە چالاكیی جەماوەری خاوەندارێتیی لە ڕێبەرەكەی كرد. چالاكیی ٣ی ڕەشەمە بووە بناغەیەك بۆ بەشداریی ژن و لاوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ناو تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی كورد. جەوانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سەرەتادا لە ژێر ناوی "بزاڤی دیموکراسی و یەکێتیى ئازاد" دا خۆیان رێکخست و لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٤ی زاینی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاک)یان دامەزارند.

بە بۆنەى رۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ساڵڕۆژی دامەزراندنى پەژاکەوە مەراسیمێک بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا پەیامی هەر یەک لە پەژاک و نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستان و تەڤگەری ئازادیی هەرێمی شارەزوور پێشکەشکران.

باران بێریتان بە ناوی ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و وتی: "بە ناوی پارتیمان (پەژاک) ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری ئازادیخوازی گەلان ڕێبەر ئاپۆ، کە دامەزرێنەری فەلسەفەی ژیانی ئازادە لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەم. هەروەها پازدەهەمین ساڵڕۆژی پارتیمان (پەژاک) لە هەموو گەلی ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز دەکەم."

باران بێریتان ٤ی نیسانی وەک دووبۆنەی گرنگ ئاماژەی پێکرد و وتی: "یەکەم لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک قۆناغێکی نوێ لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزرێنەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان زۆر زۆر گرنگە، بۆ چی گرنگە؟ چونکە یەکەم بۆ جاری یەکەم لە کوردستاندا ڕێبەرێک دەرکەوت کە بە فەلسەفە و پارادیگمای خۆی، ڕێبازێکی نوێی تێکۆشانی لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد. دووەم ١٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دا تێپەڕ دەبێت. بێگومان دامەزراندنی (پەژاک) لەسەر پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ بۆ خۆی میلاد و لە دایکبوونێکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. چونکە بۆ جاری یەکەم هێڵی سێ هێڵی بەرخۆدان و هێڵی ئازادیی ئیرادەی گەلان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەڵتەرناتیڤی دیمووکراتییانە دێتە مەیدانەوە."

"شەهیدانمان ئەم رۆژەیان بۆ خوڵقاندووین"

باران بێریتان ئاماژەی بە یەکەمین شەهیدی پارتەکەیان دەکات و دەڵێت: "یەکەمین شەهیدی ئێمە شەهید (نەوزاد کۆمارە) هەر بۆیە لەم ڕۆژە مێژووییەدا ئەو شەهیدە نەمرە بە بیردەهێنمەوە و لە کەسایەتی شەهید (نەوزاد کۆمار)دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی دادەنەوێنم."

بێریتان شەهیدانی دیکەی پێشەنگی پارتەکانی بەبیر هێنایەوە و وتی: "شەهیدانمان بوونە پردی نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان. شەهید (نەوزاد کۆمار) بوو پردێک لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. شەهید (دڵخواز بینگۆل) بووە پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان. هەروەها شەهید (گیڤارا) بووە پردێک لە نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لە کەسایەتیی ئەو شەهیدانە دا هەموو شەهیدانی پارتیمان (پەژاک) بەبیردەهێنمەوە."

باران بێریتان لە کۆتایی قسەکانیدا پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە گرنگەی لە لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵانی دیکەی چالاکییەکان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان کرد و وتی: "سڵاو لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی لەیلا گیوڤەن و هەموو هەڤاڵانی دەکەین و پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە پیرۆزەیان ئاراستە دەکەین. بە پێشەنگایەتیی ئەو هەڤاڵانە تێکۆشانێکی نوێ لە زیندانەکان و کوردستان و دەرەوەی وڵات دەستیپێکردووە. بە ناوی پارتیمانەوە سڵاو لەو تێکۆشانە دەکەین و لەو باوەڕەداین کە هەڵمەتی "گۆشەگیری تێکبشکێنە، فاشیزم هەڵوەشێنە، کوردستان ئازاد بکە" سەر دەکەوێت. جارێکی دیکە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ و ساڵڕۆژی پارتیمان لە هەموو هەڤاڵانمان و هەموو ئەوانەی کە لە بەرەی بەرخوداندان و بنەماڵەی شەهیدان و دۆستان و وڵاتپارێزان و هەموو گەلی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ پیرۆزدەکەین."

"PKK,PYD,HDP,PJAK  یەکن و خاوەن یەک دۆزن"

بە ناوی پارتی یەکێتی دیمووکراتیک (پەیەدە - PYD) سڵێمان عەرەب پەیامێکی پێشکەشکرد و وتی: وێڕای پیرۆزبایی خۆمان لە ڕێبەر ئۆجالان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرادندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە کادیران و هەڤاڵان و دۆستان و وڵاتپارێزانی (پەژاک) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرچوار پارچەی کوردستان پیرۆز دەکەین.

سڵێمان عەرەب ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلانی ئازادیخواز بووە بە ڕۆژی هەبوونی ژیانێکی ئازاد و ئیرادەی ئازاد و ڕۆژی بەرخۆدان و ڕۆژی شۆڕش، بەو بۆنەیەوە ئەو ڕۆژە پرشکۆیە جارێکى دیکە لەهەموو مرۆڤایەتی پیرۆزدەکەم."

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند: "ئەمرۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆزی کورد یەک دۆزە. هیچ فەرق و جیاوازییەک لە نێوان (پەژاک، هەدەپە، پەیەدە، پەکەکە)دا نییە. لەبەر ئەوەی، کە دۆزی کورد یەک دۆزە دەبێت بە یەک ڕێگای ئەو دۆزە چارەسەربکەین. لەبەر ئەوە ڕۆژئاوای کوردستان و لە پرۆسەی سیاسی دا قبوڵ ناکات، کە لەسەر حسابی پارچەکانی دیکەی کوردستان سیاسەت بکات و بەو هۆیەوە ببێتە خاوەن ستاتۆ و پێگەی خۆی. ڕۆژئاوای کوردستان هیچ کات وەک سیاسەتی بنەماڵەیی حیزبی دەسەڵاتی باشووری کوردستان سیاسەت ناکات و بەهیچ شێوەیەک سیاسەتی بەو شێوە قبوڵ ناکات. لەبەر ئەوە ئەمڕۆ ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەر سێ بەشی دیکەی کوردستان بووەتە هێزێکی گەورە. لە باکوور و باشووری کوردستانیش سیاسەتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە لوتکەی تێکۆشاندایە، لەبەر ئەوە کورد ئەمڕۆ یەکە و خاوەن یەک دۆزە و بۆ دۆزی خۆی خاوەن یەک پرۆژەی چارەسەرییە، کە ئەویش فکری ڕێبەر ئۆجالان و نەتەوەی دیمووکراتیک و ئاواکردنی سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتییکە."

"ئەمرۆ ڕۆژی پێناسەکردنی پیرۆزی و نەفرەتیەکانە"

خالید تاتانی بە ناوی تەڤگەری ئازادیی هەرێمی شارەزوور پەیامێکی پێشکەشکرد و وتی: " ئەمڕۆ بۆنەی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پەژاک ئێمەی هێناوەتە لای یەک، هەر بۆیە وێڕای پیرۆزبایی ئەو بۆنەیە لە خۆمان، پیرۆزبایی خۆشمان ئاڕاستەی ڕێبەر ئاپۆ و هەموو گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین."

خالید تاتانی باسی لەوەشکرد: "ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە جارێکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی پێناسە دەکاتەوە، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوین دوای تێپەربوونی ١٤٠٠ ساڵ دوای پێناسە کردنی پیرۆزی و نەفرەتییەکان جارێکی دیکە پێناسەی پیرۆزی و نەفرەتییەکان دەکاتەوە. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە، کە ڕێبەرێک لەدایکبووە، کە پێشەنگایەتی بۆ دێرینترین گەلی ئەم ناوچەیە دەکات. بۆیە ئەم ڕۆژە بۆ ئێمەی گەلی کورد زۆر بە واتایە."

لە کۆتایی دا ناوبراو وتی: "دامەزرادنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەم ڕۆژەدا واتایەکی گرنگی هەیە بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتى و کوردستان بە گشتی. بۆیە جارێکی دیکە ئەو ڕۆژە لە هەموو کادیران و وڵاتپارێزان و بنەماڵەی شەهیدانی (پەژاک) پیرۆزدەکەم."

لە بەشێکی دیکەی پیرۆزباییەکاندا گەل و گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناشتنی نەمام بەواتای سەر لەنوێ ژیانەوە ئەو رۆژەیان پیرۆزکرد.

 گەل و گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێرای پەیامی پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، جەختیان لەوەش کردەوە، کە هەتا سەرکەوتن پابەندی خوێنی شەهیدان دەبن و ڕێگای شەهیدان بەرنادەن.

 هەروەها گەل و گەریلا کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی خۆیان ئاڕاستەی زیان لێکەوتووانی لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و هاوخەمی خۆیانیان دەربڕی. لە کۆتاییشدا بە وتنى چەندین سرود و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شادی کۆتایی بە مەراسیمەکە هێنرا.

ر.م