لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا ڕێپێوانێک لە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجالان بەڕێوە چوو

بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی ڕێپێوانێکی جەماوەری لە دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلی کورد بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە بەشداریی ژنان و گەنجان و هونەرمەندان و رۆشنبیران بە ئەنجامدانی ڕێپێوانێکی جەماوەری، گۆشەگیری توندکراوی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلی کورد شەرمەزار کرا.

لە رێپێوانەکەدا بە هەڵکردن مەشخەڵ و وتنەوەی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'بمرێت خیانەت' و 'بژی بەرخۆدانی ئیمڕاڵی' لە ڕۆژی جیهانی ئاشتی ئەو پلانگێڕیە نێودەوڵەتیەی کرایە سەر عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلی کورد، شەرمەزار کرا.

شاتوو محەمەد لەسەر ناوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لەسەر ناوی کەمپینی "ئێمە دەڵێین نا" گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کوردیان ئیدانە دەکەین و داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کاری جدی لەسەر ئەو گۆشەگیریە بکەن.

لە کۆتاییدا لەسەر ناوی کۆمیتەی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، شۆڕش کەرکوکی لێدوانێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ئیدانەی هێرشەکانی سەر حەفتانینی کرد و بانگەوازی ئاشتی و ئازادی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. هەروەها گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کوردی، شەرمەزار کرد و داوای کرد کە گەلی کورد لە ئاستی ئەو گۆشەگیریە بێ دەنگ نەمێنن.

ز.ش