لە کانتونی شەهبا یادی خۆڕاگرانی ١٤ی تەموز کرایەوە

لە کانتونی شەهبا گەلی عەفرین و کۆمەڵگای ئێزیدی، یادی شەهیدانی خۆڕاگریە گەورەکەی ١٤ی تەموزی ناو زیندانەکانیان، کرایەوە.

بە مەبەستی یادکردنەوەی شەهیدە خۆڕاگرەکانی ناو زیندان و شۆڕشی ١٩ی تەموز، یەکێتی ئێزیدیەکان و یەکێتی ژنانی ئێزیدیەکانی کانتونی عەفرین لە کەمپی خۆڕاگری لە کانتونی شەهبا چالاکیەکیان ئەنجامدا و راگەیێنراوێکیان بڵاو کردەوە.

راگەیێنراوەکە لە لایەن روخوش جندو ئەندامی یەکێتی ژنانی ئێزیدی و ئەسەد مارکۆ ئەندامی یەکێتی ئێزیدیەکانەوە خوێنرایەوە.

لە راگەیێنراوەکە هاتووە:

"شۆڕشی کوردستان لەسەر هیوا و ئاواتێکی گەورە بۆ ئازادی و دیمۆکراسی و خۆڕاگری گەلەکەمان، دەستی پێکرد. یەکەم شۆڕش لە ١٤ی تەموز دەستی پێکرد. هەڤاڵانمان لە بەندیخانەکانی دەوڵەتی تورکیا، سیستمێک کە سەپێنرابوو، شکاندیان. هاوکات جەختیشیان کردەوە کە تێکۆشانی ئازادی لە کوردستان، هیچ کات ژێرناکەوێت."

لە هەمان چوارچێوەیەدا سینەڤیزیونێک لە بارەی خۆڕاگری ١٤ی تەموز لە زیندانی ئامەد پێشکەش کرا.

لە چالاکیەکەدا زەلۆخ بەکر ئەندامی ئەنجومەنی کانتونی عەفرین وتەیەکی پێشەکەش کرد و باسی لە خۆڕاگری شەهیدانی ناو بەندیخانەکان کرد و وتی:"شەهیدان، فشارەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیان رەتکردەوە و خۆڕاگریان کرد. دواتر خۆڕاگریەکەیان لە سەرتاسەری جیهان دەنگی دایەوە."

لە بەردەوامی چالاکیەکەدا فیلمێک لەسەر خۆڕاگری پێشەنگانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان هەر یەک لە مەزلوم دۆغان، کەمال پیر، خەیری دورموش و ئاکیف یلماز پێشەکەش کرا.

بڕیار وایە ئەنجومەنی کانتونی عەفرین هەمان چالاکی لە ١٥ی ئەم مانگەدا لە سەرتاسەری ناوچەکانی کانتونی شەهبا ئەنجام بدات.

ز.ش