لە کەرکوک بە زەبری هێز رێگری لە گردبوونەوەى جوتیاران کرا

هێزە سەربازییەکانی شاری کەرکوک رێگریان لە جووتیارانی ناڕازیی کەرکوک کرد و رێگایان پێنەدان گردبوونەوە ئەنجام بدەن و بە تەقەکردن و بەزەبری هێز بڵاوەیان بە جوتیارانى ناڕازی کرد.

جووتیارانی کەرکوک لەبەردەم سایلۆی پارێزگاکە گردبوونەوە و و بڕیاربوو خۆپیشاندانێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە وەرنەگرتنی بەرهەمەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەنجام بدەن.

لەگەڵ دەستپێکردنی گربوونەوەکە هێزەکانی لیوای ٦١ی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتنە بەردەم سایلۆی کەرکوک و دەستیانکرد بە تەقەکردن بەسەر جووتیاران و رۆژنامەنووساندا و بەزەبری هێز بڵاوەیان بە گردبوونەوەی جوتیارە ناڕەزاییەکان کرد.

هەروەها، لەلایەن سەربازەکانی هێزەکانی لیوای ٦١ی تایبەت دەستگیرا بەسەر کامێرای هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و یەک بە یەک لێکۆلینەوە لەگەڵ کامێرامانەکاندا کرا و دیمەنە تۆمارکراوەکانیان پێ سڕینەوە.

سەبارەت بەهۆکاری ئەنجامدانی ئەو گردبوونەوە و خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لەلایەن جووتیارانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوکەوە، مەردان عەبدولڕەحمان سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "جووتیارانی کەرکوک تاپۆی باوباپێرانیان هەیە بۆ ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە، بەڵام جووتیارانی کەرکوک کەوتوونەتە نێو گێژاوی بڕیاریك، کە پێشتر لەسەردمی حکومەتی بەعس دژ بە کورد دەرکراوە و دەست بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد گیراوە، بەهۆی یاسای حزبی بەعس گەنم و جۆ لە جووتیارانی کورد وەرناگیرێت، ئێمە وەکو جووتیارانی کەرکوک لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری داد کۆبووینەوە و پشێنیازمان خستە روو بۆیان و ئەوانیش چەند بەڵێنێکیان بە جووتیاراندا، کە ئەمساڵ هاوکارییان بکەن و گەنم و جۆیان لێ وەربگرن، بەڵام تا ئێستا بەڵینەکانیان بەرامبەر جوتیاران جێبەجێ نەکردووە."

بە بەڵگەوە دەڵێین رێککەوتن هەیە لە نێوان بازرگانان لەگەڵ سایلۆکان

هەروەها مەردان عەبدولڕەحمان سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان ووتیشی: "وەرنەگرتنی بەرهەمی جووتیاران لەلایەن سایلۆکان وادەکات جووتیاران بەرهەمەکەیان بە نرخێکی کەم بە بازرگانەکان بفرۆشنەوە، ئێمە وەکو جوتیاران بە بەڵگەوە دەڵێین رێککەوتن هەیە لە نێوان بازرگانان لەگەڵ بەرپرسی سایلۆکان و زەرەرمەندی یەکەمیش جووتیارانی شارەکەن."

سووتاندنی دەخڵی جوتیاران لەلایەن عەرەبی هاوردەوە ئەنجامدەدرێت

سەبارەت بە سووتاندنی دەخڵی جووتیاران مەردان عەبدولڕەحمان ڕایگەیاند: "سووتاندنی دەخڵی جووتیاران تەنها لەلایەن داعشەوە نییە، بەڵکو زۆربەی لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە ئەنجامدەدرێت، کە لە ئێستادا ئەو عەرەبە هاوردانە لەسەر زەویی کورد جێگیر کراون و کراون بەخاوەن گرێبەست و جووتیار، بەڵام جووتیاری کورد بێبەشە لە مافەکانی."

رێگە بە جووتیاران نادرێت پاریزگاری لە خۆیان و دەغڵەکانیان بکەن

هەروەها ناوبراو سەبارت بە هۆکاری نەتوانینی پاراستنی دەخڵەکان لە سووتان ووتی: " هێزە ئەمنیەکانی ئەو ناوچەیە هیچ شارەزاییەکیان نیە لە دەخڵ و چۆنیەتیی کوژاندنەوەی ئاگری دەخڵ. هاوکات رێگەش بە جووتیاران نادرێت چەک هەڵگرن بۆ پاریزگاریکردن لە خۆیان و دەخڵەکانیان."

لە کۆتایدا دەربارەی بیانووی وەرنەگرتنی بەرهەماکانیان مەردان عەبدولڕەحمان وتی: " ئەو تۆی گەنمەی ساڵی پار بازرگانان داویانە بە جووتیاران نیسکی تێدا بووە لەگەل بڕێک ماش، کاتێک لە سایلۆکان تەمەشای ئەو بەرهەمە دەکرێت کە نیسک و ماشی تێکەڵە لە پشکنین دەرناچێت و سایلۆکان وەریناگرن، ئەم تۆیە بەبڕیاری حکومەت وەرگیراوە، بۆیە حکومەت پێویستە بەرپرسیاریەتی وەرگرێت و هاوکاری جووتیاران بکات".

ژ.ت