لەهەریر گەل لەدژی بارەگا سەربازییەکان ڕژانە سەر شەقام

هاووڵاتیانی هەریر-ی سەربە هەولێر لە باشووری کوردستان ، لە دژی دروستکردنی بارەگای سەربازیی تورکیا و ئەمریکا ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزاییان دەربڕی.

هاووڵاتیی هەرێمی هەریر-ی سەربە هەولێر لە دژی لە دژی دروستکردنی بارەگای سەربازیی تورکیا و ئەمریکا ڕژانە سەر شەقام .

یەکێک لە عەشیرەتە گەورەکانی هەرێمەکە عەشیرەتی هەرۆتی کە لەڕێگای کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، لە دژی ئەوەی دروستکردنی ئەو بارەگایانە ژیانیان لێ تێکدەدات ناڕەزاییان دەربڕی.

ئەو هاوڵاتیانە نیگەرانییان سەبارەت بە دروستکردنی ئەو بارەگایانە دەربڕی و ڕایانگەیاند، بە دروستکردنی ئەو بارەگایانە سەرچاوەکانی ژیانیان لەناودەچێت، هەروەها ئاماژەیان بەوەشدا، کە جووڵانەوەی لە ڕادەبەدەری فڕۆکە و هێزی سەربازیی لە شوێنی ژیانیان، کاریگەری خراپ دەکاتە سەر منداڵەکانیان لە ڕووی دەروونییەوە.

ئەو هاوڵاتیانە کە کاری سەرەکییان ئاژەڵدارییە، دەڵێن: ئەگەر ناوچەکە بەسەربازیی بکرێت چیاکان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لەوان قەدەغە دەکرێت و ناچاردەبن ئاژەڵەکانیان بفرۆشن.

هاوڵاتیان هەروەها ڕایانگەیاند، کە ئەمریکا بەتەمایە جگە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی دەشتی هەریر، بارەگا و فڕۆکەخانەی دیکەش لەو ناوچەیە دروست بکات.

فڕۆکەخانەی سەربازیی دەشتی هەریر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا دروستکرابوو، پاش ئەوەی ڕژێمی بەعس لە کوردستان دەرکرا، ئەو فڕۆکەخانەیە کەوتە ژێڕ کۆنتڕۆڵی ئەمریکاوە، فڕۆکەخانەکە لەو ساڵانەدا گەورەتر کراوە و بۆ ئەوەش بەشێک لە زەوی و خاکی هاوڵاتیان داگیرکراوە، هاوڵاتیان دەڵێن ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ مەبەستی سیخوڕیی و هەواڵگریی و هەروەها سەربازیی بەکاردەهێندرێت.

فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورک، کە بەسەر ئاسمانی برادۆست، خواکورک، خنێرە و قەندیلدا دەسووڕێنەوە لەو فڕۆکەخانەیەوە هەڵدەستن، هەروەها هیلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا لەو فڕۆکەخانەیەوە هەلدەستێت.

ک-ش