ئەمرۆ سێ-شەممە لە شاری کەرکوک مامۆستایانی ناڕازی سەر بە خوێندنی کوردی لە شارەکە گردوونەوەیەکیان ئەنجامدا لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک، لە گردبوونەوەکەدا مامۆستایان داوایان لە پەرلەمانتاران کرد بێنە دەرەوە بۆ گوێگرتن لە داواکاری مامۆستایانی خوێندن بە کوردی لە کەرکوک، هەروەها مامۆستایانی ناڕازی داوای چاوپێکەوتنیان کرد لەگەل مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم مامۆستایەکی خوێندنی کوردیە لە شاری کەرکوک سەبارەت بە گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕگەیاند: " ئێمە وەکو مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک ئەمرۆ گردبوونەوەیەکمان ئەنجامداوە بۆ داواکردنی مافی خۆمان کە ئەویش گواستنەوەی ڕاژەکانمانە بۆسەر حکومەتی ناوەندی عێراق بەحوکمی ئەوەی کەرکوک لەسەر حکومەتی ناوەندی عێراقە ئێمەش وەکو خوێندنی عەرەبی و سریانی و تورکمانی لە کەرکوک داوا دەکەین مووچەکانمان بگوازرێتەوە بۆ سەر حکومەتی ناوەندی عێراق."
هەروەها مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " لە کاتیکدا مامۆستایانی سەر بە حکومەتی ناوەندی عێراق هەموو مانگێک مووچەی خۆیان بەتەواوی لە کاتی خۆیدا وەردەگرن کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو مانگ جارێک ٪٧٠ی مووچەکانمان دابەش دەکات."
ئەسکەندەر سەلیم وتیشی: " چالاکی ئەم جارەمان جیاواز لە چالاکییەکانی دیکە لەبەردەم نووسینگەی کەرکوکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو تا داواکارییەکانمان جێبەجێ بکەن کە وەکو مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دانیشتنێک لەگەل مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام بدەین تا لەنزیکەوە لە کێشەکانمان بکۆڵێتەوە."
لە کۆتایدا مامۆستا ئەسکەندەر سەلیم وتی:" ئێمە وەکو مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک هەزارن مامۆستاین کە بەسەر پێنج سەد ناوەندی خوێندندا دابەش کراوین."
ز.ش