كه‌س نییه قاسم ئه‌نگینی نه‌دیتبێت و شتێكی لێ فێر نه‌بووبێت. كه‌س نییه قاسم ئه‌نگینی نه‌دیتبێت و قاسم ئه‌نگینی له بیر كردبێت. زۆر ده‌گمه‌نه قاسم ئه‌نگین كه‌سێكی دیتبێت و شتێك له‌و كه‌سه فێر نه‌بووبێت. زۆر ده‌گمه‌نه قاسم ئه‌نگین كه‌سێكی دیتبێت و له یادی كردبێت.
هه‌ربۆیه ئه‌ركی هه‌موو كه‌سێكه كه ئه‌و مرۆڤه شۆڕشگێڕ و فه‌یله‌سۆفه‌ی دیتبێت، شتێكی له سه‌ر بنووسێت. ئه‌گه‌رچی ئێستا زۆر به كه‌م و كورتییه‌وه به‌جێ دێنم، ئه‌مه ئه‌ركی منیشه كه قوتابییه‌كی ئه‌وم.
قاسم ئه‌نگین 35 ساڵ ته‌مه‌نی خۆی، مانگ به مانگ، رۆژبه‌ڕۆژ، سه‌عات به سه‌عات بۆ شۆڕشی ئازادیخوازی كوردستان ته‌رخان كرد. به وره‌یه‌كی به‌رز، ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین، بیر و هزرێكی قۆڵ شه‌ڕی كرد، فه‌رماندارێتی كرد، كاری رێكخستنی كرد، كاری راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی كرد، خۆی په‌روه‌رده كرد، هه‌ڤاڵان و گه‌لی په‌روه‌رده كرد، له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستاندا تێكۆشانی كرد و له لووتكه‌شدا شه‌هید بوو.
به‌ر له هه‌موو شتێك مرۆڤێكی راسته‌قینه‌یه ، خاكی و ساده و دڵنزم له نێو گه‌ل و هه‌ڤاڵانیدا. هه‌موو گوتار و كردار و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و له پێناو خۆپه‌روه‌ده‌كردن و په‌روه‌ده‌كردنی هه‌ڤاڵانیدایه. بۆ خۆی مرۆڤێكی پڕ له جموجۆڵه و بچێته هه‌ر شوێنێك كه‌شی هزری و ژیانی و رێكخستنی جموجۆڵێكی جیاوازی تێده‌كه‌وێ. هه‌موو كه‌سێك راكێشی كار و چالاكییه‌كی زۆرتر ده‌كات، هانیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی زۆرتر له سه‌ر بابه‌تی فه‌لسه‌فی و مێژوویی و سیاسی قاڵ بینه‌وه. گفتوگۆ و نیقاش له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕه له چێژ، چۆنكه خۆشترین چێژ تێگه‌شتنه، گه‌یشتنه به حه‌قیقه‌ت. ئه‌مه‌ش شتێكی رووكه‌شیانه نییه، تایبه‌تمه‌ندی هه‌ڤاڵ قاسمه، خۆی وا پێگه‌یاندووه و هه‌ر كه‌س وا ده‌یناسێت. قاسم ئه‌نگین مێژووناسێكی به‌توانایه، له سه‌ر مێژووی مرۆڤایه‌تی، مێژووی شۆڕشه‌كانی جیهان، مێژووی كوردستان قاڵ ده‌بێته‌وه و دواتر بۆ خۆی ده‌بێته مێژوونوس، مێژوونوسی كوردستان، مێژوونوسی شۆڕش. له هه‌موو رووداو و دیارده و كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌كۆڵێته‌وه و شوێنی ئه‌وان له مێژوودا دیار ده‌كات. كتێبی له سه‌ر ده‌نووسێت، وتاری له سه‌ر ده‌نووسێت. به ده‌یان كتێب و به سه‌دان وتاری هه‌یه و گه‌ڵاله‌ی نووسینی هێنده‌ی تر له مێشكی‌دا هه‌یه.
له په‌روه‌رده‌كردنی به هه‌زاران هه‌ڤاڵدا ده‌وری كاریگه‌ری هه‌یه. په‌روه‌رده‌ی ئه‌و ره‌نگین، سه‌ره‌نجراكێش و فره‌ره‌هه‌نده. له هه‌مووی گرنگتر هانت ده‌دات خۆت خۆت په‌روه‌رده بكه‌ی. ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ها بوو. به‌رده‌وام شتی نوێ و تازه‌ی پێ‌بوو، له فه‌لسه‌فه، له مێژوو، له سیاسه‌ت، له كوانتۆم، له هونه‌ر، له ژیان، له هه‌موو شتێك و هه‌وڵی ده‌دا له كورتترین ماوه‌دا له هه‌موو ئه‌مانه ئاگادارت كاته‌وه. له هه‌موو دیارده‌یه‌كدا، له هه‌موو مرۆڤێكدا، له هه‌موو رووداوێكدا، له هه‌موو وشه‌یه‌كدا، به دوای حه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕا و تۆیشی به‌شداری ئه‌و لێگه‌ڕینه ده‌كرد. قوتابییه‌كی راسته‌قینه‌ی قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فی رێبه‌ر ئاپۆیه و هه‌موو تێكۆشانی ئه‌و بۆ ئه‌وه‌یه كه‌ل گه‌ل و گه‌ریلا له‌م قوتابخانه‌یه‌دا په‌روه‌دره ببن، پێبگه‌ن، ببن به كادێر، پێشه‌نگ، سیاسه‌تمه‌دار، رێكخه‌ر، شۆڕشگێڕ و بكه‌ونه سه‌ر رێگای حه‌قیقه‌ت.
زۆر ئه‌سته‌مه بڕوا بكه‌یت، قاسم ئه‌نگین ئێدی له ژیاندا نه‌ماوه. ئه‌و شه‌هیده، شاهیده، له هه‌موو شوێنێكه. له بۆتانه، له نورحه‌قه، له ئه‌نگیزه‌كه، له زاگرۆسه، له عه‌فرین و كۆبانێ و كرماشانه. له لووتكه‌ی چیاكانه، له زیندانی ئێڤینه، له زیندانی ئامه‌ده. هه‌ر ئێستا له دڵ و مێشكی هه‌زاران كادێر و ملیۆنان مرۆڤی كورد و دیموكراسیخوازدایه. ئه‌و له ناو سروشتدایه، ئه‌و سروشته‌ی كه ئه‌و هه‌وڵیده‌دا لێی تێ‌بگا و بیپارێزێت، نه‌هێڵێت كه‌س ئاژه‌ڵه‌كانی نێچیر بكات و داره‌كانی ببڕێ و رووباره‌كانی زنجیر بكات. گیانی شۆڕشگێڕانه و ئازادیخوازانه‌ی ئه‌و رووناككره‌وه‌ی رێگای تێكۆشانی ئێستا و داهاتوومانه.
ژ.ت