منداڵە چاوگەشەکانی نێو ڕەشماڵەکان

ئەو منداڵانەی کە لە بەهاردا لەگەڵ بنەماڵە کۆچەرەکانی خۆیاندا دەڕۆنە کوێستانەکان، لەبەردەم ڕەشماڵەکاندا یاری دەکەن و کوێستانی ڕەنگین باشتر و جوانتر دەڕازێننەوە.

هەر کە بەهار دێت، ئیتر هاووڵاتییانی کۆچەر لەگەڵ مەڕوماڵاتەکانیاندا بەرەو کوێستانەکان دەکەونە ڕێ. منداڵەکانیشیان سواری گوێدرێژ، ئەسپ و هێستر دەکەن. منداڵان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بەرەو کوێستانەکانی گۆشین، کێلەشین، خنێرە و لۆلان بەڕێ دەکەون. هەندێک لەو منداڵانەی کە ئێمە بینیمان لە کوێستان لە دایکبوون. هەندێکیشیان لە شارو گوندەکان هاتوونەتە دنیاوە. سەفەری کۆچەریەکان بەرەو کوێستانەکان بۆ منداڵان مایەی کەیف و شادییە.

منداڵەکان کۆمەڵ بە کۆمەڵ، لەبەردەم ڕەشماڵەکانیاندا یاری دەکەن. ئەو منداڵانەی هاتوونەتە کوێستانەکان، هاوڕێشیان بۆ خۆیان پەیدا کردووە. بەرخ و کارەکان بوونەتە هاوڕێی ئەو منداڵانە.

ژیانی نێو سروشت بۆ ئەوان قوتابخانەیە

ئەو منداڵانەی کە دەچنە کوێستانەکان لە مامۆستا و قوتابخانە دادەبڕێن، بەڵام ئەوان لەناو سروشتدان و بە ژیانی نێو سروشتیش دەست بە خوێندن لە 'قوتابخانەی کوێستانەکان' دەکەن. قوتابخانەی ژیانی نێو سروشت کە منداڵان تێیدا دەخوێنن، دەستی هەموو کەس ناکەوێت. ئەوان هەمیشە ڕوو بە خەندە و پێکەنینن. مرۆڤ لە ڕووی بە خەندەی ئەوان و چاوی گەشیان، جیهان جوانتر دەبینێت.

هەموو سپێدەیەکی بەرەبەیان، بە کەیف و خۆشییەکی زۆرەوە، پێشوازی لە ژیان دەکەن. بەڵام ئەوانەی کە ئەم ژیانە جوانەیان لێ تاڵ و مەحروم دەکەن، لە هێرشەکانیان ناوەستن. بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و جموجوڵەکانیان بە ئاسمانی هەرێمەکەدا، منداڵان هەمیشە دەترسن. هەر کە دەنگی فڕۆکە دێت، یەکسەر ڕادەکەنە لای دایک و باوکی خۆیان.

یاریەکانیان قوڕ و قوڕاوە

منداڵەکان هەموو بەرەبەیانیەک لەگەڵ دایک و باوکیاندا لە خەو هەڵدەستن. هەندێک جار لەگەڵ دایکیاندا دەبن و بە گوێرەی داوای دایکیان دەجوڵێنەوە. هەندێک جاریش لەگەڵ باوکیاندا بۆ لەوەڕاندنى ئاژەڵەکانیان دەڕۆنە لەوەڕگاکان. هەروەها شوانێتی بەرخ و کار و قاز و مریشکەکانیش دەکەن. بەیانیان زوو، هەمیشە لەگەڵ دایکیاندا بۆ دۆشینی ئاژەڵەکانیان بەڕێ دەکەون و هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئاژەڵەکاندا بن. کاتێکیش کە یاری دەکەن، بە بەرد و قوڕ خانوو دروست دەکەن و ئیدی ئەو بەرد و قوڕە یاریی دەستی ئەو منداڵە ڕۆح سوکە چاوگەش و دڵ بێگەردانەیە.

ر.م