موزەفەر ئایاتا: شەڕ نەبێت، فاشیزم لە دەسەڵاتدا نامێنێتەوە

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، موزەفەر ئایاتا، ده‌رباره‌ی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر عه‌فرین ڕایگەیاند: ئاکەپە، مەهەپە و جەهەپە، نەژادپەرسترین و فاشیسترین بلۆکیان پێکهێناوه‌.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتیی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، موزەفەر ئایاتا، له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات بارودۆخی عەفرین و هێرشەکانی سەری ڕاڤە کرد.
ئایاتا ڕایگه‌یاند، ئاکەپە دوای هەڵبژاردنی ٧ی ژوونیی ٢٠١٥ بە ئاشکرا لە گەڵ پارتیی نەتەوەپەرست - مەهەپەدا ڕێککەوت و پارتی کۆماری گەل - جەهەپە-شی کردە لاقێكی دیکەی جه‌سته‌ی ئەو ڕێککەوتنە چەپەڵە، بەم شێوەیە نەژادپەرستترین و فاشیسترین بلۆکیان لە مێژووی تورکیادا دامەزراند.

عەفرین وەکو دوورگەیەکی ئاشتی بوو، چۆن دەتوانێت ببێتە هەڕەشه‌؟

ئایاتا ڕایگه‌یاند: بەدەر لە ٤٠٠ هه‌زار هاوڵاتیی دانیشتووی عەفرین و ئەو پەنابەرە سووریانەی کە پەنایان بۆ ئەو شارە هێناوە، کێی دیکە لەوێ هەبوو؟! عەفرین وەکو دوورگەیەکی ئاشتی بوو. لە دۆخێکی وەهادا چۆن دەکرێت عەفرین ببێتە هەڕەشە بۆ تورکیا؟ بە چ هێزێک و چۆن دەتوانێت هەڕەشە لە دەوڵەتێك بکات کە خاوەن سوپایه‌كی یەک ملیۆن سەربازە؟ عەفرین یەک موشەکی دژە فرۆکەشی نییە تا ئاڕاستەی ئەو فرۆکە جەنگیانە بکات کە بە ئاسمانیدا تەراتێن دەکەن.

ڕوسیا دەرگه‌ی هێرشی سەر عەفرینی بۆ تورکیا کرده‌وه‌

ئایاتا، ده‌رباره‌ی هەڵوێستی ڕووسیا به‌رانبه‌ر بە هێرشەکانی سەر عەفرین وتی: ڕووسیا ڕێگه‌ی بۆ تورکیا واڵا کرد تا بەرەو جەرابلووس و باب بێت. لە دیدارەکانی ئاستانەدا، رێگه‌ به‌ تورکیا درا کە ببێتە هێزێكی چەکداری سووریا، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە چەتەکان و ڕژێمی سووریادا ڕوو نەدات. بەڵام تورکیا تانک و تۆپەکانی ڕوویان کرده‌ عەفرین. ئامانج لەوەش ئەوەیە تا تورکیا لە دژی کوردان شەڕ بکات. تورکیا ئەگەر بتوانێت عەفرین داگیر بکات، ئیدی کورد لە ڕۆژهەڵاتی فورات قەتیس ده‌مێنێته‌وه‌.

با نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەورووپا، ڕێگری لە قڕکردن بكه‌ن

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، موزەفەر ئایاتا، بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتوەکان، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، یه‌كێتیی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپا دەکات و دەڵێت: ئێوە  چ کارەن و چاوەڕێی چی ده‌كه‌ن؟ لە باڵکان قڕکردن ئەنجام درا، دواتر ئەنجامدەرانی دادگایی کران. ئێستاش لە عەفرین کۆمەڵکوژی دەکرێت، وەرن رێ لەو قڕکردنەکە بگرن.

ئەرکی هەمووانە بە جیاوازیەکانیانه‌وه‌ بەرخۆدانی هاوبەش بکەن

لە کۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا موزەفەر ئاتایا ڕایگه‌یاند: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کورد پێشەنگایەتی دێمۆكراتی، یەکێتیی گەلان و ئازادی ژن دەکات. با هەمووان دروشمەکانیان بۆ ئازادی و دێمۆكراتی بەرزتر بڵێنەوە، مرۆڤایەتی بە بێ ئامانج، بێ خەون و خەیاڵ و بەبێ بوونی ویژدان ناتوانێت بژیت. ناشێ جیهان بسپێرینە دەسەڵاتدارانێک کە بێ ویژدانن و خاوەن مێشكێكی ساردن و تەنیا بیر لە بەرژەوەندیەکانیان دەکەنەوە.

«پێویستە هەموو کەسێک بە تایبەتی ژنان و گەنجان، گرنگ نییە سەر بە چ پارتێک بن، گرنگ ئەوەیە لە سەر بنەمای خاوەنداریکردن لە بنه‌چه‌، خاک، ژیان و مێژوو شان بە شانی گەلانی کورد و  عەرەب و سەرجەم گەلانی دیکەی سووریا بە هاوبەشی بەرخۆ بده‌ن و ڕاپه‌ڕن.»

 

هـ.هـ