ناوەندى راگەیاندنى هەپەگە یادی فەرزاد مەدیى ئەندامى ناوەندەکەیانی کردەوە

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە رایگەیاند، گەریلا فەرزاد مەدی لە بەدلیس شەهید بوو. راشیگەیاند، گەریلا فەرزاد مەدی ئەندامى ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە بوو.

هەپەگە بە بۆنەى شەهیدبوونى گەریلا فەرزدا مەدی لە خیزانى بەدلیس راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە کەسایەتیى هەڤاڵمان فەرزاد مەدی دا، ئێمە جارێکیتر بەڵێین دەدەین درێژە بە رێگاى دێرین و چەسپاوى تێکۆشانى ئەو هاوڕێیانەمان بدەین، کە ٢٨ى حوزەیرانی ٢٠١٨ لە بەدلیس شەهیدبوون. لە ئاستى میدیا و چاپەمەنیشدا ئێمە کارێک دەکەین، کە شایانى ئەوان بێت و وەک کادێرى پەکەکە هەتا دوایین هەناسەمان خاوەندارى لە تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد دەکەین".

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە لەبارەى فەرزاد مەدی-یەوە رایگەیاندووە "رۆژی ٢٧ى حوزەیرانی ٢٠١٨ سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر لە ناوچەى خیزانى بەدلیس بە پشتیوانیى هێزى ئاسمانى و بەشداریى کۆنتراکان  دەستی بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن کرد و بەو هۆیەوە ماوەى ٣ رۆژ شەڕێکى قورس لە نێوان گەریلاکانمان و هێزەکانى تورکیاى داگیرکەردا روویدا. رۆژی ٢٨ى حوزەیران لەو شەڕەدا هەڤاڵمان وڵات گەڤەر فەرماندەى ئەیالەتى خەزران لەگەڵ ٦ هەڤاڵى ترماندا بە قارەمانانە شەڕیان کرد و شەهید بوون. یەکێک لەو شەهیدانە، فەرزدا مەدی ئەندامى ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە بوو. پێش هەموو شتێک لە کەسایەتیى فەرزادى هەڤاڵماندا ئێمە سەرەخۆشى لە بنەماڵەى هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەین، کە لە خیزان شەهیدبوون و سەرەخۆشیش لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین".

هەپەگە راشیگەیاندووە "هەڤاڵمان فەرزادا ساڵی ١٩٨٩ لە ئیدر لە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێزدا لە دایکبوو. هەڤاڵمان فەرزاد لە ناو کولتوری کوردەواریى سەرحەد دا گەورەبوو، کە بەشێوەیەکى سروشتى داکۆکیکار و خۆڕاگرە. هێشتا تەمەنى منداڵ بوو، کە بە رەنجدان ئاشنا بوو و پێش ئەوەى بەشدارى ریزى تێکۆشان ببێت، لە چەندین شوێن کارى کردبوو. لەلایەک بە هەستى وڵاتپارێزییەوە ناکۆکییەکانى لە دژى دوژمن بەردەوام بوون و لەلایەکى ترەوە ئەو نزیکایەتى و هەڵسوکەوتەى لە کاتى کارکردندا بەرامبەرى ئەنجام دەدرا، ناکۆکییەکانى لەسەر سیستمى داگیرکەر قورستر کرد. لە تەمەنى گەنجیدا دەستیکرد بە کارکردن لەگەڵ گەنجانى وڵاتپارێزدا و دوای ماوەیەک لەکارکردن لەلایەن دوژمنەوە دەستگیرکرا. دواى ٣ ساڵ زیندانیکردن و دواتر ئازادبوونى، هەڤاڵ فەرزاد لە ساڵی ٢٠١٢دا هاتە ناو چیاکانى ئازادی و بەشدارى ریزەکانى گەریلا بوو".

بە بەرپرسیارێتییەکى گەورەوە ئەرکەکانی رادەپەڕاند

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە لە راگەیاندراوەکەیدا لەبارەى شەهید فەرزاد مەدی ئەوەشى نووسیوە "دواى ماوەیەکى کەم لەوەى خۆى گەیاندە ریزى گەریلا، بەشداری کارەکانى ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە بوو. بەشداریى لە بەشی کوردیى کارەکانى ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگەدا کرد و چەندین کارى تریشی بە ئەنجام گەیاند. هەڤاڵ فەرزاد مەدی لە هەلومەرجی قورس و دژوار و بە ئیمکانیەتى کەمەوە لە دڵەوە و بە پاکی و فیداکاریى بەشداریى کارەکانى دەکرد. بووە بەرپرسیاریکى گەورە بۆ ئەنجامدانى ئەو ئەرکانەى بۆى دادەنران و سەرکەوتوانە ئەنجامى دەدان. لە ناو ریزەکانى گەریلادا بە رەنجدانە بەردەوامەکەیەوە هەموو کات لە پێشی پیشەوە بوو و پێشەنگایەتى چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتیى کرد. خاکى بوون و پڕبوون لە ورە و حەماسەت و پڕبوون لە  جۆش و خرۆش وایکردبوو، لە ناو هەموو هەڤاڵاندا ببێتە کەسایەتییەکى خۆشەویست. لە هەموو شوێنێکدا خۆى دەسەلماند و هەموو کات هەوڵى دەدا بچێتە ناوچەکانى هێڵى پێشەوەى شەڕ و راستەوخۆ بەشداریى شەڕ بکات".

لە بەرەی مەخمور – کەرکوک دا کاریکرد

هەپەگە باسى ئەوەشیکردووە "کاتێک کارى چاپەمەنیى ئەنجام دەدا بۆ ماوەى سالێک لە بەرەى مەخمور – کەرکوک دا لە چاپەمەنی و راگەیاندنى گەریلادا کاریکرد. بوو بە یەکێک لەو گەریلایانەى کە تێکۆشانى گەریلاى لە دژى چەتەکانى داعش و بەرخۆدانى پاراستنى باشوورى کوردستانى کردە دیکۆمێنت و بەڵگە. کاتێک لەو بەرەیەدا کارى دەکرد بە بەردەوامی خاوەنداریى لە نەریتى کارکردنى هەڤاڵى شەهیدمان هەڤاڵ دەنیز فرات و شەهید ئەڤیندار جودی و شەهید رووبار کەربۆران دەکرد. دواى کارکردن لە بەرەى مەخمور – کەرکوکدا وەک درێژەپێدەرى رێگاى شەهیدان خەلیل داغ، ئارهات با و شەهید ئارژین ئامەدان، بە کامێر و چەکەکەیەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا رووی لە گۆڕەپانى باکوورى کوردستان کرد، کە شەڕێکى قورس و چڕیان تیادا بەڕیوەدەچێت. بۆ ئەوەى کار و تێکۆشانى گەریلا بکاتە دیکۆمێنت و بەڵگە و ئەو تێکۆشانە لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبکاتەوە، دەستی بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە کرد".

هەپەگە لە درێژەى راگەیاندراوەکەیدا ئەوەشى نووسیوە "خۆشەویستى و عەشقی بۆ چیا، بڕواى بە هاوڕێکانى و دڵسۆزییەکەى ئەوی کرد بە گەریلا و جەنگاوەرێکى باش و راست و دروستى حیزبەکەمان. هەموو ساتەکانى ٦ ساڵ گەریلابوونى بە سەرکەوتوانە و پڕ لە واتا و مانادارانە تێپەڕاند. بەشێوەیەکى بێ هاوتا و بێوچان لەسەر رێگاى تێکۆشان و ئازادی کارى دەکرد. هەڤاڵمان فەرزدا بوو بە یەکێک لە پاڵەوانەکانى ئێمە بۆ کولتوری بەردەوام و چەسپاوى راگەیاندن و چاپەمنیى ئازاد  لە چیاکاندا و بە باشترین شێوە نوێنەرایەتیى ئەو کولتور و تێکۆشانەى دەکرد. وەک یەکێک لە نوێنەرە گەورەکانى هەڤاڵە شەهیدەکانمان، کە ئێمەیان گەیاندووەتە ئەم ئاستەى ئێستا، بە بەردەوامی یادى دەکەینەوە و لە چاپەمەنیى گەریلادا درێژە بە رێگاکەى و تێکۆشانەکەى دەدەین".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ئەوەش هاتووە "لە کەسایەتیى هەڤاڵ فەرزاد مەدی دا، ئێمە جارێکتیر بەڵێن دەدەین، کە ئێمە لەسەر رێگاکەى درێژە بە تێکۆشانەکەى خۆی و هاوڕێکانى دەدەین، کە لە ٢٨ى حوزەیران لە بەدلیس شەهیدبوون. لە ناو کارى راگەیاندن و چاپەمەنیشدا ئەوەى شایانى ئەوان بێت ئەنجامى دەدەین و وەک کادێرانى پەکەکە ئێمە تاوەکو دوا هەناسە خاوەندارى لە تێکۆشانیان بۆ ئازادیى گەلی کورد دەکەین".

 

ر.م