دەربارەی گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بە گشتی و بەردەوامی شەڕی حەفتانین بە تایبەتی، کۆمەڵێک قسە و باسی لێکەوتەوە لە میدیا کوردیەکان. میدیاکانی نیزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ شەرعیەتدان بەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆریان چاوساغی و سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکەن لە سنوری باشوری کوردستان.
سەبارەت بەم پرسە، چاودێری سیاسی نیاز حامد بە ئاژانسی هەواڵی فورات- ANF ڕاگەیاند، سروشتی ١٠٠ ساڵەی دەوڵەتی تورکیا تەنها داگیرکاریی کوردستان لە جوگرافیای تورکیا نییە، بەڵکو لەناوبردنی هەردەستکەوتێکە ئەگەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەبێت، بە واتایەکی دیکە ئاسایشی نەتەوەیی بە تەنها لە نکۆڵی و کۆمەڵکوژی و داگیرکاری لەناو خودی جوگرافیای رەسمی دەوڵەتی تورکیا نابینێت، بەڵکو لە داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی هەموو پارچەکانی دیکە دەبینێت. بۆیە بوونی ئەو هەموو ئۆپراسیۆنە لەدەرەوەی سنورەکانی، بۆ ئەو باوەڕییەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە کە هەر پێشکەوتنێک لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان، لە بوونی هێزێکی رزگاریخوازیی وەک پەکەکە، بە مەترسی دەبینێت لەسەرخۆی.
"هەموو شۆڕشێک یا خود راپەڕینێکی گەلی کورد لە جوگرافیای تورکیا بە کۆمەڵکوژی وەڵامدراوەتەوە"
هەروەها دەربارەی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و مامەڵە کردنی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆسزیۆنەکان ئاماژەی بەوە کرد لە نیوەی سەدساڵی دامەزراندنی کۆماری تورکیا هەر شۆڕشێک یاخود سەرهەڵدانێکی کوردان لە جوگرافیای تورکیا بە کۆمەڵکوژی وەڵامدراوەتەوە، هەرچی لە نیوەی دووەمی ئەو سەد ساڵە لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە، شێوازی مامەڵەی دەوڵەت بەتەواوی گۆڕدرا و دژوارتر هاتە سەر کوردان ، نەک تەنها لە باکوری کوردستان بەڵکو لەتەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بۆ نمونە ڕێکەوتنی سەدام و تورکیا بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی هەر وڵاتێک دژی بزاڤی کوردان بە قوڵایی ١٠ کم ، دەرخەری ئەو راستییەیە.
هەروەها وتیشی:"لەگەڵ گەورەبوونی تەڤگەری ئازادی و دوای هەڵمەتی مەزنی ١٥ ی تەباخ (ئاب)، ئیدی دەوڵەتی تورکیا پیلان بەدوای پیلانی دادەرشت بۆ ئیحتواکردنی پەکەکە و گەریلا. دوای راپەڕینی گەل لەساڵی ١٩٩١ لە باشوری کوردستان ، ئیدی مەترسیەکان بۆ تورکیا زێدەتر بوون، پێویست بە پیلانی دەرەوەی سنور دەکرد، هەر بۆیە لە رێگای ناتۆوە ، دەستی کرد بە مورتزەقەکردنی لایەنەکانی باشوری کوردستان، لە پێناو بەکاربردنیان بۆ لەناوبردنی گەریلا و پەکەکە و دواتر دەستەمۆکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە لە باشور دورست دەبێت".
"پارتی دیموکراتی کوردستان لە دژی دەسکەوتی هەر چوار پارچەکە وەک دەزگایەک کار دەکات"
دەربارەی سێبەری داگیرکار و ئەو لایەنانەی لە باشوری کوردستان هاوکاری و سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکەن ڕایگەیاند:" ئەم ئەنجێندایەی دەوڵەتی تورکیا دوای راپەڕینی باشور تا وەکو ئێستا بەردەوامە و دەیەوێت باشور داگیر بکات و لەهەندێ هەوڵیشدا سەرکەوتوو بووە ، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک گروپێکی سیاسی کار ناکات بەڵکو وەک بەشێک لە دەزگای شەڕی تایبەت لە دژی هەردەستکەوتێکی کوردان لە هەر پارچەیەکی کوردستان ببێت، کاردەکات. لە رۆژئاوای کوردستان، لەرۆژهەلات، تەنانەت لە باکوریش ، گروپی هاوشێوەی خۆی مورتەزقە و کۆنترۆڵکراو لەلایەن دەزگای شەڕی تایبەت دورست دەکات و ئاستەنگی بۆ پارچەکانی دیکە دروست دەکەن. ئەنەکەسە و هەندێک حزبی کارتۆنی لەرۆژهەڵات، لە باکوریش چەندین حزبی کارتۆنی و بێجەماوەر کاریان تەنها جاسوسیکردنە بۆ دەزگای شەڕی تایبەت."
"دەوڵەتی تورکیا لە رێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەلکێش دەکرێت بۆ باشور"
سەبارەت بە بەهانەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر باشوری کوردستان نیاز حامد ئەوەی خستە ڕوو کە دەوڵەتی تورکیا بە بەهانەی گەریلاوە هێرشی داگیرکاریی، بەردەوامی پێدەدات و وتی:" لە بناغەدا دەوڵەتی تورکیا لە رێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەلکێش دەکرێت بۆ باشور. بێ بوونی گەریلاش لە باشور دەوڵەتی تورکیا باشوری داگیر دەکرد، چونکە دوای هاتنە سەر کاری ئاکەپە-مەهەپە ستراتیژیی دەوڵەتی تورکیا گۆڕدرا بۆ پەلهاویشتنی زیاتر بۆ دەرەوەی سنورەکان. پەکەکە لە لیبیا، سۆمال، یەمەن و ئیدلب نییە بەلام دەوڵەتی تورکیا هەوڵی داگیرکردنیان دەدات. کەواتە بوونی گەریلا پاساو نییە ، بەڵکو گەریلا تاکە هێزێکە لە بەردەم ئەو داگیرکارییە وەستاوەتەوە. هەر وەک پێشتر باسمان کرد پەکەکە ئاستەنگێکی گەورەیە لە بەردەم کۆمەلکوژیی و سیاسەتی نکۆلیکردن-ی دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر کوردان".
"دەوڵەتی تورکیا بە گرێبەستێکی ٥٠ ساڵە پارتی دیموکراتی پەتکردووە"
هەروەها نیاز حامد ئەوەشی خستەڕوو کە هۆکارێکی دیکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی باشور داگیر بکات، دەیەوێت لە رێگای کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی ئابوری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی، هەردەستکەوتێک ئەگەر لە دەستوری عێراقدا هاتبێت ، بێنرخی بکات. هەروەها وتیشی:" بە واتایەکی دیکە دەیەوێت لە رێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستوری عێراق کە کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورەی بۆ کورد تێدایە، لە ناو ببات و گەلانی عێراق بگەیننە ئەو باوەڕییە چاو بە دەستوردا بخشێندرێتەوە تا دەستکەوتەکان بۆ کوردان نەهێلدرێت. دەوڵەتی تورکیا بە گرێبەستێکی ٥٠ ساڵە/ پارتی دیموکراتی پەتکردووە، پاراستنی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات مسۆگەر کردووە لە سەر حسابی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشور و پارچەکانی دیکە".
"تاکە هێزێک بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا وەستابێتەوە گەریلایە"
لە کۆتاییدا نیاز حامد دەربارەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی خستە ڕوو، لایەنەکانی دیکە کە نەخشەی سیاسی هەرێمی باشوری کوردستان لەگەڵ پارتی پێکدەهێنن، لە لایەن دەزگای جاسوسی میتەوە بنکۆڵ و لاوازکراون. هەروەها وتیشی:"هەموو لایەن و حیزبەکانی دیکە بۆ جوانکردنی بیچمی حکومەت و دەسەلاتێکی پەتککراو و جڵەوکراوی پارتی، بەشدارن لە دەسەلاتێک کە هیچیان بەدەست نییە و تورکیا بەکاریان دەهێنێت .تاکە هێزێک بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا وەستابێتەوە خودی گەریلایە، کەواتە گەریلا، بوونی لە باشور دەرئەنجامە، هۆکار نییە بۆ داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا".
ز.ش