هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ئێلح دەستگیرکران

هێزەکانى پۆلیسی دەوڵەتى تورک هەڵیانکوتایە سەر بارەگای هەدەپە لە ئێلح و عومەر کوتلو و فاتمە ئالبای هاوسەرۆکانی هەدەپەی ئێلحیان دەستگیرکرد.

پۆلیسی دەوڵەتى تورک هەڵیکوتایە سەر بارەگای پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)  لە ئێلح و بۆ ماوەى ٢ کاتژمێر لە بارەگاکەدا پشکنیان ئەنجامدا و هەموو کەلوپەلەکانى بارەگەکەیان تێکوپێکدا و دەستیان بەسەر وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا گرت.

 لە کاتی هەڵکوتانە سەر بارەگاکەدا پەرلەمانتارانی هەدەپە، عایشە ئاجار باشاران، محەمەد رەشتو تیریاکی و دکتۆر نەژاد ئیپەکیوز و پارێزەرانیش لە بارەگەکەدا بوون. لە کاتی پشکینینی بارەگاکەدا دەورووبەری بارەگاکە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا و رێگاکانى رۆیشتن بۆ بارەگاکە داخران و ئەندامان و بەڕێوەبەرانی حیزبەکەش لە بەر دەرگای بارەگای حیزبەکەیان بوون تاوەکو هۆکاری هەڵکوتانەکەى پۆلیسیان بۆ روون بێتەوە.

لە کاتی پشکنینی بارەگاکەدا پۆلیس دەستیگرت بەسەر وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و حەقی قەرار و ساکینە جانسز و کەلوپەلە دیجیتاڵەکانی ناو بارەگاکەدا.

دوای پشکنینەکان عومەر کوتلو و فاتمە ئالبای هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ئێلح دەستگیرکران.

ژ.ت