هێرشێکى چەکدارى کرایە سەر بارەگاى جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی

لە شاری سلێمانی، بە چەک هێرشکرایە سەر نووسینگەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ. ئەندامی ئەنجومەنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شادی نەوزاد، ڕایگەیاند "هێزەکانی پۆلیس بەدەم ڕووداوەکەوە نەهاتوون".

کاتژمێر ۱۰ و ۵۰ خولەکی شەوی ڕابردوو، لە شاری سلێمانی، چەند کەسێکی نەناسراو، بە چەک هێرشیان کردە سەر نووسینگەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و نووسینگەکەیان گولـلەباران کرد.

ئەو کەسە چەکدارە نەناسراوانە، بە ئۆتۆمبێلێکەوە لەبەردەم نووسینگەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانیدا، دەوەستن و پێنج فیشەک بە نووسینگەکەوە دەنێن. بەهۆی ئەوەی کاتەکەی درەنگ بووە، هیچ کەسێک لەناو نووسینگەکەدا نەبووە، هێرشەکە زیانی ماددی بەدوادا نەهاتووە، بەڵام زیانێکی ماددی بەر نووسینگەکە کەوتووە. هیزەکانی پۆلیسی سلێمانیش، بۆ دۆزینەوەی هێرشبەران، دەستیان بە گەڕان و لێکۆڵینەوە کرد.

"هێزەکانی پۆلیس بەدەم ڕووداوەکەوە نەهاتوون"

ئەندامی ئەنجومەنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شادی نەوزاد رایگەیاند، نووسینگەکەیان لەنیوان دوو بنکەی پۆلیسدایە، پاش هێرشەکەش هێزەکانی پۆلیس نەهاتوون بەدەم ڕووداوەکەوە.

شادی نەوزاد جەختیشی لەوە کردەوە، پاش هێرش بۆ سەر نووسینگەکەیان لە هەولیر، ناچار بوون کە نووسینگەکەیان دابخەن و ئێستا لە سلێمانیش هێرش کراوەتە سەر نووسینگەکەیان. وتیشی "ئەو هێرشانە بە قەستی و بە مەبەست لە دژی ئێمە ئەنجام دەدرێن. ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، مەترسیی دروست دەکات. ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە، کە ڕێژەی دەنگەکانی ئێمە زیاد دەکەن. بۆیە هەڕەشەمان لێدەکەن. ئێمە داوا دەکەین کە هێرشبەران بدۆزرێنەوە".

ر.م