دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بە بیانوی پەکەکە شەرعیەت بە داگیرکاریەکانی بدات لە باشوری کوردستان، ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە هەوڵی ئەوەدان کە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بکاتە ئەستۆی پەکەکە و ئەو شەڕەی لە حەفتانین ڕوو دەدات بە تەواوی چەواشە بکات و خەڵکی هان دەدات لە دژی پەکەکە قسە بکەن.
هێمن مامەند ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕۆڵی میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات ANF-ی ڕاگەیاند:" هەر لایەنێک دەستدرێژی کردە سەر نیشتیمانەکەت پێویستە تۆ وەڵام بدەیتەوە و ئەگەر لەو پێناوەشدا کوژرایت ئەوە تۆ شەهیدی. بۆیە دەبێت میدیای کوردی ئەم مەسەلەیە زۆر زەق بکاتەوە و دەری بخات بەو پێیەی کە دەبێت ئێمە پارێزگاری لە خاکی خۆمان بکەین و ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیکات داگیرکاریە و دەستدرێژی کردنە بۆ سەر خاکەکەمان".
هەروەها وتیشی": بەداخەوە ئەوەی دەیبینین لەم سنورە و لەم ناوچەیە پارتی دیموکراتی کوردستان تیایدا زاڵە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەردوو میدیاکەی (پەدەکە) لە خزمەتی ئەم چەواشەکاریەدان و دەیانەوێ شەرعیەت بە داگیرکاری تورکیا بدەن، میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووداو و K24 مایک لەبەردەم موختاری گوندێک دادەنێن یاخود لەبەردەم موچەخۆرێکی بن دیوار یانیش چەند کەسانێک کە سەر بە خۆیانن و باس لەوە دەکەن کە دەبێت پەکەکە ئەم ناوچەیە چۆڵ بکات لەبەر ئەوەی بە هۆی پەکەکەوەیە و بە بیانوی پەکەکەوەیە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردومانی ناوچەکە دەکات بەڵام دەبێت مرۆڤی کورد و مرۆڤی باشوور هۆشیار بێت کە لە یۆنان، سوریا و لیبیا پەکەکەی تێدا نویە ئەی بۆچی تورکیای داگیرکەر هێرش دەکاتە سەریان؟".
"کەناڵی ڕووداو و K24 خەریکی چەواشەکارین"
هێمن مامەند دەربارەی ئەرکی میدیایی باسی لەوە کرد کە پێویستە میدیای کوردی و مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵیان هەبێت لەوەی کە گەلی باشوور هۆشیار بکەنەوە، بەوەی کە ئەمە داگیرکاریە و پێویستە هەموومان لە ئەركێکی ئاینی ئەخلاقی و نیشتیمانی بە دەنگ بێین و ڕاگەیاند:" دەبێت ئێمە گوێ بە کەناڵی ڕووداو و K24 نەدەین کە خەریکی چەواشەکارین وەک باسمان کرد دەچێت مایک لەبەردەم کەسانێک دادەنێت و دەڵێت ئێرە خاکی پەکەکە نیە و با دەرچێت. لە ڕاستیدا ئەم قسانە قسەی سواون و کوردستان یەک پارچەیە کوردستان کوردستانی هەمومانە ئەگەر پەکەکە لە قەندیل نەبێت ئەوە بێگومان دەبێتە جێگەی تیرۆریستانی داعش و گروپە چەکدارە توندرەوەکان و هەروەها دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا دەگرێت کە ناوچەیەکی زۆر ستراتیژی و گرینەگە.
"ئەگەر باشوری کوردستان بۆ پەکەکە نایاسایی بێت دەبێت بۆ ئەو هێزانەی دیکەیش نایاسایی بێت"
هێمن مامەند تیشکی خستە سەر ئەو هێزانەی کە لە باشووری کوردستان بونیان هەیە و حکومەتی هەرێم باسیان لیوە ناکات و وتی:" دەبێت گەلی باشور بپرسێ ئەگەر بۆ پەکەکە خاکی باشووری کوردستان حەرامە و نایاساییە ئەی بۆچی هێزی ڕۆژ کە ٥ هەزار چەکدارن و موچەکانیان لەسەر قوتی خەڵکی باشوورە و لە شێلادزێ و لە دهۆک و لە هەولێر بە ئارامی دەژێن و تەراتێن دەکەن، ئەی بۆچی هێزی پاک کە حوسێن یەزدانپەنا ڕابەرایەتی ئەو هێزە دەکات و ٣ هەزار چەکداری هەیە لە هەولێر و لە کۆیە تەراتێن دەکات و نیشتەجێکراون، ئەگەر بۆ پەکەکە نایاسایی بێت دەبێت بۆ ئەوانیش نایاسایی بێت".
پەکەکە بوو باشوری کوردستانی پاراست و سوپاسیان کرد بەڵام ئێستا نایاساییە !
مامەند باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هەر پەکەکە بوو بینیمان لە مەخمور و لە شەنگال بەرگری لە باشووری کوردستان کرد و ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئەوە داعش هەولێریشی داگیر دەکرد و هەمومان بە چاوی خۆمان بینیمان مەسعود بەرزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم چۆیە مەخمور و لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لەسەر زەوی دانیشت و پێی ڕاگەیاندن کە ئەم خاکە خاکی خۆمانە و خاکی خۆتانە و چارەنوسی هەمومان بەیەکەوە بەستراوە و هەمومان لەناو یەک کەشتیداین. هەروەها وتیشی:" ئەی بۆچی ئێستا کە شەڕی داعش نەما و مەترسیەکانی داعش نەما و بێ وەفا دەرچوون ، باس لەوە دەکەن کە باشووری کوردستان شوێنی پەکەکە نییە. پەکەکە شار و قەزاکانی باشووری داگیر نەکردووە، پەکەکە لە شاخێکە کە سەهۆڵبەندانە و جگە لە پەکەکە نەبێت هیچ مرۆڤێک تیایدا ناژیت و لەوێش بەرگری لە کەرامەت و خاک و شەرەفی کورد دەکات".
ف.ق