هەدەپە: ئاکەپە نایەوێت هاوکاریی خارپێت بکەین

هەدەپە لە بەرامبەر ئەو رێگرییانەی لە لایەن ئاکەپەوە بۆیان دروست دەکرێت و رێگە نادات هاوکاری بگەیێنن بە لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی خارپێت، ناڕەزایی پیشاندا و رایگەیاند، هەنگاوەکانمان بۆ پشتیوانی و هاوکاری لێقەوماوان، لە لایەن ئاکەپەوە رێگریی لێدەکرێت.

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپە رایگەیاند، گەیاندنی هاوکارییەکانی هەدەپە بۆ لێقەوماوان، رێگری لێدەکرێن و لەم بارەیەوە لێدوانێکی بڵاو کردەوە.

لە لێدوانەکەی هەدەپەدا هاتووە:

" هەموو ئەو کەسانەی خاوەن ویژدانن، لە رووداوی بومەلەرزەکەی خارپێتدا بوون بە یەک. بە ملیۆنان کەس ئەم ئازارەیان لە دڵدا هەست پێکرد. هەنگاو و هەوڵەکانی پشتیوانی بۆ لێقەوماوان، لە لایەن دەسەڵاتەوە رێگری لێدەکرێت. وەزیری ناوخۆ ناهێڵێت هاوکارییەکان بگەیێنرێنە لێقەوماوان. وەزیری ناوخۆ فەرمانی بە پارێزگار کردووە، ئەو هاوکارییانەی لە لایەن حکومەتەوە نەبێت، قبوڵ نەکەن و رێگرییان لێ بکرێت.

شارەوانییەکان و رێکخستنەکانی شار و شارۆچکەکانی پارتەکەمان هاوکارییەکانی وەکو بەتانی، خێمە و ئازووقەیان ناردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێدەکەن و دەیانگەڕێننەوە. لە ئێستادا ئەو هاوکارییەی دەینێرین ناگات بە دەستی بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە.

هاوڵاتییان لە ناوچەکە رایدەگەیێنن کە لە ژێر کۆنترۆڵی بەرپرسانی حکومەتی ئاکەپە هاوکاری بڵاو دەکرێتەوە. شاندەکانیشمان رایدەگەیێنن، لە ناوچەکە بە دەیان گوند هەن تا ئێستا یارمەتی و هاوکارییان بۆ نەڕۆیستووە.

پێویستە دەسەڵاتداران کۆتایی بەم رێگرییانە بهێنن. ئازارەکە، ئازاری هەموومانە. لە جیاتی ئەوەی دەسەڵات رێوشوێنی زیاتر بگرێتە بەر، ئەو هاوکارییانەی بۆ بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە کۆدەکرێتەوە رێگریی لێدەکات. دەسەڵاتی سیاسی حسابە سیاسیەکانی لە پێش پێویستییەکانی گەلەوە دەبینێت."

ز.ش