هەدەکە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیى زیلانی بەرز راگرت

کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە - HDK) رایگەیاند، یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان بەرز رادەگرن و راشیگەیاند، تاوەکو ئێستاش عەقڵیەتی تەکپەرەست لە دژی گەلی کورد بەردەوامیی هەیە.

ئەنجوومەنی گەل و باوەڕەکانی کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە - HDK) بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لەگەڵ دامەزراندنی کۆمار لە ساڵی ١٩٢٢دا بەڵێنی خۆبەرێوەبەری بە کوردان درا، بەڵام ئەو بەڵێنە لەبیر کرا و بەپێی عەقڵییەتى تەکپەرەست (یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت) دەستووری بنەڕەتیی ساڵی ١٩٢٤ ئامادە کرا. ساڵی ١٩٢٥ شێخ لە دژی ئەوە راپەڕی، دواتر یاسای نیشتەجێبوون (تەقریری سوکانی) و دادگاکانی سەربەخۆیی دامەزران. هەزاران کەسیان لەسێدارەدا و لە زێد و واری خۆیان دووریانخستنەوە و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون و هەڵهاتن".

'دۆڵەکە پڕ کرا لە تەرم'

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەکراوە، لە ١٣ی تەممووزی ١٩٣٠ دا لە ئاگری هێرشێکى سەربازی دەستپیپێکرد و لە ماوەى ٢ هەفتەدا هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران.

هەدەکە رایگەیاند، بەپێی ئامار و راپۆرتەکانى رۆژنامەى جمهوریەت ١٥ هەزار کەس و بەپێی هەندێک سەرچاوەى تر ٤٧ هەزار کەس لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون. رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە لەبارەى کۆمەڵکوژیی زیلانەوە نووسیویانە "دۆڵی زیلان پڕ بووە لە تەرم".

ئەنجومەنى گەل و باوەڕیی هەدەکە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەى دۆڵی زیلان بەرز رادەگرێت و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا عەقڵییەت تەکپەرەست لە دژی تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوامیی هەیە.

ژ.ت