ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە دەربارەی چالاکی گەریلاکانی لە جولەمێرگ و ئاگری ڕاگەیەنراوێکی بلاوکردەوە.
هەپەگە ڕایگەیاند "کە ڕێگەی نێودەوڵەتی نێوان ئیبەخ-ی وان و ناوچەی بازێد-ی ئاگری-یان کۆنتڕۆڵ کردووە. هەپەگە ڕایگەیاند کە لەو چالاکییەدا ٦ بارهەڵگری ترانزیت لەلایەن هێزەکانیانەوە سوتێنراوە و لە چالاکییەکدا لە جولەمێرگ ٩ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.
'ئەو بارهەڵگرانەی کە بۆ دوژمن کاریان دەکرد سوتێندران'
لە ئیالەتی سەرحەد هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەدا لە ڕۆژی ٢١ی تەمووز/٣٠ی پووشپەڕ لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ ڕێگەی نێودەوڵەتی نێوان ناوچەی ئیبەخ-ی وان و ناوچەی بازێد-ی ئاگری-یان کۆنترۆڵ کرد. لەو چالاکییەدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل ڕاوەستێندران وکۆنتڕۆڵ کران و لەسەر ئامانجەکانی ئێمە زانیارییان دابە گەل.هاوکات ٦ بارهەڵگری ترانزیت کە بۆ دوژمن کاریان دەکرد، لەلایەک هێزەکانمانەوە سوتێندران و ٤ بارهەڵگریش بەتەواوی تێکشکێندران. بۆماوەیەکی درێژ سوپای تورکیا نەیتوانی هیچ کاردانەوەیەکی ببێت.
'زرێپۆشەکانی سوپای تورکیا کرانە ئامانج ٢ سەرباز کوژرا'
زرێپۆشەکانی سوپای تورکیا کە هاتبوون بەرەو ڕووی هێزەکانی گەریلا ببنەوە لەلایەن هێزەکانمانەوە کرانە ئامانج و لەو چالاکییەدا ٢ سەربازی سوپای تورکیا کوژران.
دوای ئەو چالاکییە سوپای تورکیا دەستی کرد بە تۆپباران کردنی ناوچەکە و دواتر لە ڕێگەی هیلیکۆپتەرەوە دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆن.
لە کاتژمێر ١٨:٣٠ خولەکدا گەریلاکانمان دەستیان گرتبەسەر زرێپۆشێکی سوپای تورکیا ، لەو چالاکییەدا ژمارەی کوژراوانی دوژمن نەزانراوە.
' لەجولەمێرگ دوو سەنگەری دوژمن تێکشکا و ٧ سەربازی سوپای تورکیا کوژران'
لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا هێزەکانمان لە ڕۆژی ٢١ی تەمووز/٣٠ی پووشپەڕ لە کاتژمێر ٨ی ئێوارەدا لە دژی یەکینەیەکی سوپای تورکیا چالاکی ئەنجامدا. بەسەرکەوتووانە هێرشکرایە سەر سەنگەرەکانی دوژمن و لەو چالاکییەدا ٢ سەنگەری دوژمن بەتەواوی تێکشکا و ٧سەربازی تورکیاش کوژران.
' فڕۆکە جەنگییەکان هەرێمی زاپ و جولەمێرگ بۆردومان دەکەن'
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ڕۆژی ٢٢ی تەمووز/٣١ی پووشپەڕ لە کاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆ هەرێمی شەهید ڕۆستەم-ی زاپ-ی سەربە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای بۆردومانکرد.
هەمان ڕۆژ و لە کاتژمێر ١٣:٠٠ دا هەرێمی ستوونا ناوچەی گەڤەری جولەمێرگ بۆردومان کرا.
ک-ش