بڕیاره ڕۆژی ٢٤ی حوزه‌یران هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ڕێوه‌بچێت. ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه له چه‌ندین وه‌ڵاتی هه‌نده‌ران پڕۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌ستی پێكردووه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مڕۆ له باشووری كوردستان و عێراق ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی توركیا و باكووری كوردستان كه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه ده‌چنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان.
موزەین گونەش هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی گه‌لان - هەدەپە لە باشووری کوردستان به ئاژانسی هەواڵی فورات - ANFی ڕاگه‌یاند، لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هه‌ولێر ٢ هه‌زار و ٥٠٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە تەنها ٣٠٠ كه‌س به‌شداری پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی كردووه.
دەربارەی هۆکاری کەمی ڕێژه‌ی بەشداربوان، گونه‌ش گوتی: سه‌ره‌تا كۆمسیۆن ڕایگه‌یاند کە ئەو کەسانەی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، دەبێت خاوەنی پاسپۆرت و ئیقامە بن، هه‌روه‌ها دۆسیەی نەبێت لە دادگه‌كانی توركیا، ئەوەش وای کرد ڕێژی بەشداربوون کەم بێت.
هاوسه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ده‌په له باشووری كوردستان ڕاشیگه‌یاند، لە هه‌رێمی کوردستان تەنها لە شاری هەولێر سندووق دانراوە، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەیه‌کی زۆری هاووڵاتیانی تورکیا و باکووری کوردستان لە شارەکانی سلێمانی و دهۆک دەژین. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، کارمەندانی کۆنسوڵخانە و ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ره‌تا ڕێگه‌یان نەداوە كه چاودێرانی هەدەپە و جەهەپە چاودێری پرۆسەکە بکەن.
s.m