هەڵوێستی پارلەمانی هەرێم بۆ عەفرین

ئەمرۆ پارلەمانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هێرشی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عه‌فرین لە رۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، دانیشتنی ئاسایی ژمارە (٥)ی ئەمساڵی په‌رلەمانی هەرێمی کوردستان به‌رێوه‌چوو. له‌ به‌شێكی دانیشتنه‌كه باس له‌ هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عه‌فرینی رۆژئاوای کوردستان كرا. دواتریش په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ فه‌رمی هەڵوێستی خۆی له‌ چه‌ند خاڵێكدا ڕاگه‌یاند:

یەکەم: شەرمەزار و ئیدانەی هێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆ سەر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای کوردستان.

دووەم: داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین بە خێرایی بێنە سەر خەت بە مەبەستی راگرتنی هێرشی ناڕەوای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عه‌فرین.

سێیەم: پێویستە دەوڵەتی تورکیا ڕێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی بگرێت، داواش دەکەین دەستبەجێ هێرش و پەلامارەکان رابگرێت.

چوارەم: داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و لایەنەکانی کۆمەکبەخش دەکەین بەهانای خەڵکی مەدەنی شاری عه‌فرینەوە بچن لە پێشکەشکردنی هاوکاریی و دابینکردنی پێداویستیە مرۆییە سەرەتاییەکان.

پێنجەم: بەرگریی ڕەوا و قارەمانانەی ژنان و پیاوانی خەڵکی خۆڕاگری رۆژئاوا و کانتۆنی عه‌فرین بەرز دەنرخێنین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

هه‌روه‌ها پارلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانی له‌ عه‌فرین، ئه‌م پێشنیازانه‌ی خستۆته‌ڕوو:

یەک: سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا کراوە بێ بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لە ڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقوماوی  عه‌فرین بە تایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی.

دوو: پێویستە هێز و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی مەترسیەکانی سەر ئەزموونی رۆژئاوا، ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن و لە رێگای دایەلۆگ و یەکر قبوڵکردنەوە یەکڕیزی نەتەوەیی دروست بکەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.

سێ: بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەم قۆناغە بە پێویست دەزانین بۆ راپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشە نیشتمانییەکان و پێویستە بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بەکردار بخرێتە سەرووی بەرژەوەندیە ئایدۆلۆژیی و حزبی و سیاسیەکان.

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: بە ناوی پەرلەمانی کوردستان سوپاس و ستایشی هەڵوێستی بوێرانەی جەماوەری گەلی کوردستان لە باشوور و ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوە دەکەین، لە پشتیوانی شاری عه‌فرین و خەڵکی قارەمانی رۆژئاوا. هیوا خوازین ناڕەزایی و چالاکی و خۆپیشاندانەکان بۆ کۆتایی هێنان بەهێرش و پەلاماری تورکیا بەردەوام بن. چونکە ئەزموونی رابردوو بۆ هەموو لایەکی سەلماندوە کێشەو ناکۆکیەکان بەهێز چارەسەر نابن و لۆژیکی گفتوگۆی ئاشتیانە کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان
سڵاو و ستایش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان.

 

هـ.هـ