ئەو ٥٠ هەزار واژۆیەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر کۆکرابوونەوە لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، ڕادەستی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کران و ئەوانیش ئاراستەی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن.
ئەمڕۆ شاندی هاوبەشی ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، سەردانی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-یان کرد و ٥٠ هەزار واژۆی هاوڵاتییانیان بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورک ڕادەستکردن، شاندەکە لەلایەن کاوە محەمەد پەرلەمانتاری عێراق (فراکسیۆنی گۆڕان)ـەوە پێشوازییان لێکرا و لە کۆتاییشدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا.
کاوە محەمەد لە کۆنگرەکەدا وتی: ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە کە هەڵوێستێکی جددی و ڕاشکاوانەتری هەبێت لە دژی پێشێلکارییە بەردەوامەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە وەک پەرلەمانتاران ٥٣ واژۆمان کۆکردووەتەوە و داوامان کردووە دانیشتنێکی تایبەت لەو بارەیەوە بکرێت، هەروەها داوامان کردووە کە بنکەو بارەگا و هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیربوون دەربکرێن.
باسی لەوەشکرد، کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە و ئەوکات داوا دەکەن کە پەرلەمان بڕیارێک بدات و حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی جددی هەبێت، وتیشی:”بەداخەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی جددییان نەبووە کە دەبوو خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتییان و سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان، نەک هەڵوێستیان نەبووە بەڵکو وادەردەکەوێت کە هەندێک هێزی سیاسی هاوکاربن بۆ بەردەوامی ئەو بۆردوومانانە، هەندێک جاریش حکومەتی هەرێم و ئەو هێزانە پاساو بۆ داگیرکارییەکان دەهێننەوە”.
دەربارەی کەمپەینەکە کاوە محەمەد وتی: بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لەم کەمپەینە دەکەین و دەستخۆشیان لێدەکەین، چالاکی لەم جۆرە زۆر گرنگە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک لە دژی ئەو داگیرکارییانە، ئێمەش بەڵێنیان پێدەدەین کە لە جاران زیاتر ڕۆڵی خۆمان جدیتر بگێڕین و وا لە حکومەتی عێراق بکەین کە هەڵوێستێکی ڕوونتریان هەبێت.
ڕۆژی ٣٠ی مانگی ٦ی ئەمساڵ لە چوارچێوەی هەنگاوی سەفەربەریی هەفتانین، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ڕێکخراوی ژیانەوەی گەنجان، بۆ وەدەرنانی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشوری کوردستان و عێراق، کەمپەینی کۆکردنەوەی ٥٠ هەزار واژۆ ڕاگەیەندرا، دوای ٤٠ ڕۆژ لە بەردەوامیی کەمپەینەکە توانییان ٥٠ هەزار واژۆ کۆبکەنەوە.
ف.ق