پارتی ئەو چەکدارانە خەڵات کرد کە هێرشیان کردە سەر گەلی شیلادزێ

پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو چەکدارانە خەڵات دەکات کە هێرشیان کردە سەر گەل لە خۆپێشاندانەکانی ٢٠ی ئەم مانگەی ئەو شارۆچکەیە.

لە ١٩ی ئەم مانگە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆردومانی گوندی سیدای سەر بەناحیەی شیلادزێی کرد و لە ئەنجامدا پێنج هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستدا، لەبەرامبەردا خەڵکی دەڤەری شیلادزێ بۆ ڕۆژی دواتر خۆپێشاندانێکی گەورەیان ئەنجامدا، ئامانجیان ئەوە بوو بچنە سەر بنکە و  بارەگاکانی تورکیا لە ناوچەکە دەریان بکەن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان چەکدارێکی زۆری خۆی لە هەریەک لە قەزای ئامێدی، شاری دهۆک و زاخۆ برد بۆ شیلادزێ بۆ پێشگرتن لە هاوڵاتیان و پاراستنی بنکەو بارەگاکانی تورکیا لە دەڤەرکە.

چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دار و گازی فرمێسک ڕێژ و کوتەکی کارەبایی هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیان بۆ پاراستنی بنکەو بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ناوچەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەی پارتی ژمارەریەک هاوڵاتی بریندار بوون.

ئەو چەکدارانەی پارتی کە ناوی خۆیان ناوە پۆلیسی پاراستنی چالاکە مەدەنیەکان لەبەرامبەر ئەوەی هێرشیان کردۆتە سەر گەلی شیلادزێ و بنکەو بارەگاکانی تورکیایان پاراستوە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خەڵات کران.

ئەوە لە کاتێکدایە بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر تەنها لە سێ ساڵی ڕابردوو ٢٨ هاوڵاتی مەدەنی خەڵکی دەڤەری شیلادزێ  شەهید بوونە.

هاوکات چوار هاوڵاتی بە ناوەکانی جەماڵ تەحسین، کاوە حەسەن، فیلار عەلی و حازم شاباز  ماوەی دە مانگە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان( پەدەکە) زیندانی کراون بە تۆمەتی ئەوەی ساڵی پار بەشداری خۆپێشاندانیان کردووە لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر لە شیلادزێ.

لە خۆپێشاندانەکەی ٢٠ی ئەم مانگەش ٢٧ هاوڵاتی دەست بەسەر کرابوون، بەڵام لە ژێر فشارەکانی گەل پارتی ناچار بوو ئازادیان بکات، بەڵام هاوڵاتیەک بەناوی عەشیر ڕێکانی تا ئێستا ئازاد نەکراوە و لە زیندانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە)دایە، واتا کۆی گشتی ئەو کەسانەی کە لە زیندانی پارتیدان بە تۆمەتی چالاکی خۆپێشاندان لە ئێستادا ژمارەیان پێنج کەسە.

ڕ.ح