کاتژمێر ۷ و ۴۵ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ٣ چەکدار ڕۆیشتنە ناو بینای پارێزگای هەولێرەوە. بە پێی وتەی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە، هێرشبەرەکان بە چەکەوە و پێش دەستپێکردنی دەوامی ئەمڕۆ، بە تەقەکردن لە پۆلیسی پاسەوانی بەردەم بیناکە کە بریندار بووە، توانیوییانە بڕۆنە ناو بینایەکەوە.
جێگری پارێزگاری هەولێر تاهیر عەبدوڵا رایگەیاند، ئەو چەکدارانە کاتژمێر ٧ و ٤٥ خولەکی ئەم بەیانییە، ڕۆیشتوونەتە بەردەم بینای پارێزگا و تەقەیان لە پاسەوانەکان کردووە و وتیشی "هەر کە ڕۆیشتنە ناو بیناکەوە، بەرەو نهۆمی سێیەم بەڕێکەوتن".
هاوکات ڕێوشوێنی ئەمنیی بەرفراوان لە دەوروبەری بینای پارێزگا گیراونەتە بەر و چەند کاتژمێرێک دەنگی تەقە دەبیسترا و شەڕ بەردەوام بوو.
سەرچاوە هەرێمیەکان وتیان، کەسێک کە بە دیل گیرابوو لەلایەن ئەو ٣ چەکدارەوە، ڕزگار کراوە. سەرەتاش ڕاگەیەندرا، کە دوو لە چەکدارەکان کوژراون. دەوروبەری کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ ڕاگەیەندرا کە چەکداری سێیەمیش کوژراوە.
دەربارەی ناسنامەی ئەو چەکدارانە و چەکەکانیان و ئامانجی هێرشەکەیان، زانیاری ڕوون و دروست بەدەست نەکەوت. هەتا ئێستاش هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆی خۆی.
ر.م