حکومەتی ئاکەپە، بە دەسەڵاتی ١٦ ساڵەی خۆی، ئابووری تورکیای مایەپووچ کردووە. لە شارەکانی تورکیا یەک لەسەر سێی دانیشتوان بێکارن. ئەو ڕێژەی بێکارییەش لە شارەکانی کوردستان زیاترە. زیاتر لە لەسەدا ٥٠ ی دانیشتوانی شاری وان بێکارن. ئاکەپەش بۆئەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئابووری بدۆزێتەوە، پەنای بۆ ڕێ و ڕێبازی نایاسایی بردووە. یەک لەو ڕێ و ڕێبازانەش، سزای دارایى هاتووچۆیە، کە بە ئارەزوو بەسەر شۆفێراندا دەسەپێنرێت.
لە هەموو خاڵێکی هاتووچۆ لە شاری وان، پۆلیسی هاتووچۆ دانراون. بە تایبەتی لە کۆڵان و ڕێگا قەرەباڵغەکانی ناو شاردا, پۆلیسی هاتووچۆش بە بڕینەوەى سزاى دارایى بە شێوەیەکی نایاسایی زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن. بەو شێوەیەش هاووڵاتییان ناچار دەکرێن کە ئەو پارەیەی هەیانە، بیدەن بەو سزایەى کە پۆلیسى هاتووچۆ بەشێوەى میزاجی بەسەریاندا سەپاندوێتى.
هەندێک جار لە یەک ڕۆژدا چەندین جار غەرامەی یەک ئۆتۆمبێل دەکرێت. بڕی غەرامەی هاتووچۆش لە شاری وان لە ٥٠٠ لیرەی تورکییەوە هەتا ٦ هەزار لیرەیە. بەڕێوەبەرایەتیی لقی کۆنترۆڵکردنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شاری وان کە گرێدراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٧ دا بڕی ٢٢ ملیۆن ٢٣٢ هەزار و ٩٤٧ لیرەی تورکیى بە هۆى سزاى میزاجیى هاتووچۆوە لە هاوڵاتیانی شاری وان سەندووە. بەو پێیەش ٢١ هەزار و ٩٦٤ شۆفێر سزاى داراییان بەسەردا سەپێنراوە. ئەو سزایەی بەسەر شۆفێرانى واندا سەپێنراوە لەمسالدا دووقات زیادیکردووە. بەهۆی ئەو سزایەی هاتووچۆشەوە، ماڵ و موڵکی چەندین هاوڵاتی کە توانای پێدانی ئەو غەرامەیەیان نییە، دەستیان بەسەردا گیراوە.
گەل قوربانیی قەیرانی ئابوورییە و باجی ئەو قەیرانە دەدات
پاش هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران، ئاکەپە باجی قەیرانی ئابووری بە گەل دەدات و گەل دەکاتە قوربانی. لە ڕێگا قەرەباڵغەکانی ناو شار و لەسەر ڕێگای نێوان شارەکان، بەناوی کۆنترۆڵی هاتووچۆوە، بە شێوەیەکی نایاسایی سزای دارایی بەسەر شۆفێراندا دەسەپێنرێت و پارەیان لێوەردەگیرێت. ئەو ناحقوقیەش بە تایبەتی لەسەر ڕێگاکانی نێوان وان - ئەردیش، وان – بەدلیس و وان-جولەمێرگ زیاد بوون. پۆلیسی هاتووچۆ لە چوارڕیانی ڕێگاکانی نێوان وان - بەدلیس و وان - ئەردیش دا دەوەستن و غەرامەی هەموو ئەو شۆفێرانەش دەکەن، کە بەپێی پێوەرەکانی هاتووچۆ لێدەخوڕن و دەجوڵێنەوە. پۆلیسەکانی هاتووچۆ بە کامێرا و مۆبایلەکانی خۆیان، غەرامەی هەموو ئەو شۆفێرانە دەکەن کە لە ترافیکدا دەوەستن. بە تایبەتیش غەرامەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکرێت کە لە نێوان شارەکانی وان، جولەمێرگ، بەدلیس و ئاگری دا هاتووچۆ دەکەن.
بە شێوەیەکی نایاسایی سزاى دارایى بەسەر شۆفێراندا دەسەپێنرێت
شۆفێری یەک لەو ئۆتۆمبێلانە کە بەهۆی باری ئەمنیەوە، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بە گوێرەی پێوەرەکانی هاتووچۆ لێیخوڕیوە و جوڵاوەتەوە، بەڵام پۆلیسەکانی هاتووچۆ غەرامەیان بۆ کردووە.
ئەو شۆفێرە وتیشی "بە باری نائاسایی لە شاری وان ماف و یاسا نەماوە. نرخی سووتەمەنیش بەرزە. لەسەر ڕێگاش ناچار دەکرێین کە بە شێوەیەکی نایاسایی غەرامەی هاتووچۆ بدەین. تا ئێستا پێوەر و یاساکانی هاتووچۆم پێشێل نەکردووە، بەڵام سەرباری ئەوەش هەموو هەفتەیەک ناچار دەکرێم کە غەرامەی هاتووچۆ بدەم. شوێنێکیش نییە کە ئێمە ڕووی لێ بکەین و داوای مافەکانی خۆمانی لێ بکەین. هەموو یاساکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بەکاردەهێنن. ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی من سەر بە جولەمێرگە. پێموایە کە بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەم هی جولەمێرگە، بۆیە ئەوەندە غەرامەم لێ دەستێنن. ئەم ناحەقیەش پاش هەڵبژاردنەکان زیادیان کردووە".
ر.م