پۆلیسی تورک بارەگای هەدەپەى لە وان گەمارۆدا

هەدەپە بە بۆنەى ١ی ئەیلول رۆژی جیهانیی ئاشتی چالاکیی 'زنجیری ئاشتی' لە وان ئەنجام دەدات، بەڵام لەلایەن پۆلیسی تورکەوە رێگری لە چالاکیەکە دەکرێت و بارەگای هەدەپەیان گەمارۆداوە.

رێکخستنی هەدەپە لە شاری وان لە چوارچێوەى ١ی ئەیلول رۆژی جیهانیی ئاشتی دا پلانی ئەوەى داناوە، لە پارکی نەورۆز چالاکیی 'زنجیری ئاشتی' ئەنجام بدات و بۆ ئەوەش لایەنگران و ئەندامانی هەدەپە لە بەردەم بارەگای هەدەپە لە وان کۆبوونەتەوە.

 پەرلەمانتارانی هەدەپە، چالاکوانانی تەژا، بەڕێوەبەرانی ناوەندی و شار و ناوچەکان بە لەبەرکردنی کراس و تیشێرتێک، کەلەسەری نووسراوە 'پێکەوە لە دژی گۆشەگیری ئازادی، لە دژی شەڕ ئاشتی' و بە کارهێنانی کەمامەى مۆر لە بەردەم بارەگای هەدەپە لە وان کۆبوونەوە.

کاتێک گەل دەیخواست بڕوات بۆ شوێنی چالاکییەکە پۆلیسی تورک بە دروستکردنی دیوار بارەگاکەى هەدەپەى گەمارۆدا.

ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییان کە لە ناوچەکانی وانەوە رۆیشتوون بۆ وان لە کاتی چوونە ناو شاردا راگیراون و رێگرییان لێکراوە.

بەڕێوبەرانی هەدەپە و چالاکوانان لە بارەگاکەى هەدەپەدا پێداگرن لەسەر ئەوەى بڕۆن بۆ پارکی نەورۆز و چالاکییەکیان ئەنجام بدەن.

ژ.ت